رۆژئاوای كوردستان دەیەوێت نوێنەریان لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكەی "جنێڤ"دا بەشداری بكات

كوردی ڕۆژئاوای كوردستان دەیانەوێت نوێنەریان لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكەی "جنێڤ"ـدا بەشداری بكات، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بۆ مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا لە جنێڤ بەڕێوە بچێت.
كۆنفرانسەكە و قسەكردن دەربارەی گەلی كورد
ئەندامێكی لیژنەی باڵای كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بە ناوی (شێروان ئیبراهیم) بە ڕۆژنامەی "حوریەت"ی توركی ڕاگەیاند، كە "دەمانەوێت بەشداری لەو كۆنفرانسەدا بكەین، ئیدی ئەگەر وەكو ئەندامی هاوپەیمانێتیی نەتەوەیی ئۆپۆزسیۆن بێت یان وەكو نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای كوردی".
(شێروان ئیبراهیم) جەختی لە سەر ئەوەیش كردەوە، كە ڕژێمی سووریا ماوەی چەندین دەیەیە كوردەكانی وڵاتەكەی دەچەوسێنێتەوە و ئێستایش كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردی ئەو وڵاتە بە مافەكانی خۆی بگات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای كوردی ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەیش كرد، كە خەبات و شۆڕشی گەلی كورد لە سووریادا دەمێكە دەستی پێكردووە و شۆڕشی ئێستای سووریا بە بەراورد لەگەڵ شۆڕش و خەباتی گەلی كورد زۆر نوێیە.
ئەندامێكی دیكەی لیژنەی نەتەوەیی كوردیش بە ناوی (بەهزاد ئیبراهیم) ڕوونی كردەوە، كە كوردەكان سوورن لە سەر ئەوەی نوێنەریان بەشداری لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا بكات، چونكە دەبێت لەو كۆنفرانسەدا مافەكانی گەلی كوردیش لە سووریای نوێدا لەبەرچاو بگیرێت.
سەركەوتن یان شكستی كۆنفرانسەكە
ئێستا كوردەكان ناوچەیەكی بەرفراوان لە خاكی خۆیان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەبەن. لە هەندێك شوێنی وەكو "حەڵەب"ـیش چەكدارانی كورد شانبەشانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سووریا دژ بە سوپای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) دەجەنگن.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا بەرپرسانی ئەمەریكا و ڕووسیا بڕیاریان دا كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بۆ مەبەستی قسەكردن دەربارەی قەیرانی سووریا ساز بكەن.
زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش پشتیوانیان لەم هەنگاوەی ڕووسیا و ئەمەریكا كرد و داوایشیان لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا كرد بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا بكەن، چونكە بە بێ بەشداریكردنی ئەوان كۆنفرانسەكە ئامانجی خۆی ناپێكێت.
2 ڕۆژ پێش ئێستایش حكوومەتی سووریا بەشێوەیەكی فەرمی ئامادەیی خۆی پێشان دا، بۆ ئەوەی بەشداری لەو كۆنفرانسەدا بكات. ئۆپۆزسیۆنیش كۆبوونەوەكانی چڕ كردوونەتەوە بۆ مەبەستی زیاتر یەكخستنی ڕیزەكانی و دیاریكردنی نوێنەری خۆی بۆ كۆنفرانسەكە.
رووسیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا كردووە ڕێگا بدەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش نوێنەری خۆی ڕەوانەی ئەو كۆنفرانسە بكات، بەڵام فەرەنسا دژی ئەم هەنگاوەیە. هەربۆیەیش تاكو ئێستا دیار نیە ئایا ئەم كۆنفرانسە بەڕێوە دەچێت یان نا.
پاشانیش ئایا ئەو كۆنفرانسە ئامانجی خۆی دەپێكێت- كە دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕاستەقینەیە بۆ قەیرانی سووریا- یان نا.




