٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

شینەكە بۆ سازانی نیشتیمانی نییە، بۆ مەرامی سیاسییە!

سەرچاوە: Hewler

 

كاوە میران

بەڕێز حاكم قادریش لە فەیسبووك قسەیەكی بۆ پڕۆژەی دەستوور كردووە، ئەو دەڵێ: (پێویستە پڕۆژەی دەستوور كۆدەنگی هەموو دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی لەسەر بێت و هیچ لایەنێك ناتوانێ بە تاكڕۆیی بڕیاری لەسەر بدات!).

جارێ با پرسیار بكەین، ئایا كێیە لاری هەیە لەوەی كۆدەنگی دانیشتووانی كوردستانی لەسەر بێت؟ باشە ئەگەر بە وتەی ئەو: هیچ لایەنێك ناتوانێ بڕیاری لەسەر بدات؟ ئەی خێرە تۆ دەتوانی ئاوا موتڵەق لەو بارەیەوە بدوێیت؟ ئەی كێ ئەو مافەی بە تۆ داوە بڵێیت: كەس ناتوانێ بڕیاری لەسەر بدات؟

حەوت ساڵی تەواو ئیش لەسەرئەم پڕۆژەیە كراوە، سوود لە تەجرەبەی 30 وڵات وەرگیراوە، كۆدەنگی 36 حزبی سیاسی، دەنگدانی 96 پارلەمانتار، وەرگرتنی هەزاران ڕاوسەرنجی هاوڵاتیان و دابەشكردنی لە ڕێگەی بریكاری خۆراكەوە بۆ هەموو ماڵێك، دیاریكردنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، ڕەچاوكردنی مافی زۆرینەی موسووڵمانان، كە لە مێژووی خەڵكی كوردستاندا، ئەم جۆرە ئیجماع و سازانە نموونەی نەبووە، ئەی ئەگەر ئەمانە سازانی نیشتیمانی و سیاسیی نییە؟ ئەی ناوی چییە؟

ئێ باشه‌ كە ئەمانە هەمووی كرابن، تێناگەم فەلسەفەی ئەو سازانەی حاكم لە ئیعرابدا واتای چییە؟
بەڕێزیان لە هەمووان باشتر دەزانن ئەم پڕۆژەی دەستوورە لە ئاسمانەوە نە هاتووەتە خوارەوە، بەڵكوو هەڵقوڵاوی هەست و دید و تێڕوانینی زۆرینەی چین و توێژە جیاوازەكان و حزبەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی خەڵكی كوردستانە.
بۆیە كێشەكەی حاكم و ئەوانەی وەكوو ئەو‌ لە پڕۆژەكە هەڵگەڕاونەتەوە ئەوەیە، باس لە تەوافوقی نیشتمانی دەكەن و لێیشی‌ تێنەگەیشتوون، ئەگەرنا ئەوەی ئەوان داوای دەكەن، تەوافوقی سیاسییە نەك نیشتمانی.

تەوافوقی نیشتیمانی ئەوەیە هەموو هاوڵاتیان بە سیاسیی و ناسیاسییەوە لە پڕۆسە‌كەدا بەشدار بن و دەنگی بۆ بدەن، ئەمەشیان بە ڕاپرسی دەكرێت نەك بە سەفەقاتی حزبێك و دووان، خەڵك سەرچاوەی دەستەڵاتە و دەستووریش پێوەندیی بە هەموو خەڵكەوە هەیە، بۆیە دەبێت گەل بڕیار لەسەر پڕۆژەی دەستوور بدات بۆ ئەوەی بزاندرێ ‌تا چەندە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدایە.

داواكاریی تەوافوقی سیاسیی بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستوور كارێكی هەڵەیە، چونكە لە لایەك ئەو خەڵكانه‌ی كە لەگەڵ هیچ كام لە حزبە سیاسییەكاندا نین، هیچ حیزبێكیش ناتوانێت لە باتی ئەوان بڕیار بدات و بیربكاتەوە، نەخاسمە نوێنەرایەتییان بكات، بەڵكوو خۆیان دەتوانن دەنگ بە پڕۆژەكە بدەن، یان ڕەتی بكەنەوە.

لە لایەكی دیكەوە، ڕێكارە یاساییەكانی پڕۆژەی دەستووری هەرێم جێبەجێ كراوە و هیچ دەقێكی یاسایی نییە بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، پڕۆژەی دەستوور هێزی یاسایی خۆی وەرگرتووە و ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان دەكات، نەیتوانیوە (پڕۆژەی دەستوور) لە (دەستوور) جیا بكەتەوە.
ڕێكاری یاسایی پڕۆژەی دەستوور ئەوەیە بخرێتە ڕێفراندۆمەوە، ئەگەر دەنگی نەهێنا، دەگەڕێندرێتەوە پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر دەنگیشی هێنا، ڕێوشوێنی یاسایی بۆ هەمواركردنی هەیە و یەك لەسەر سێی نوێنەران دەتوانن داوای هەمواركردنی بكەن و ئەوكاتیش چەند بەندێك لە دەستوور هەموار دەكرێت، نەك سەرجەمی دەستوور.

بۆیە لە ڕوانگای ڕۆشنی پارتی دیموكراتی كوردستان ـەوە ڕازیبوون بە گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پارلەمان، واتا پێشێلكردنی یاسا‌، بۆیە پارتی هەرگیز ناچێتە ژێر باری هەڵەیەكی یاسایی و مێژوویی وا كوشندەوه‌.
پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنانەت بە تەوافوقی سیاسیش ڕازی نابێ تەداخول لە ڕای گەلدا بكات، خۆ ئەگەر تەوافوق لە پڕۆژەی دەستووردا بكرێت، ئەوا پارتی قازانج دەكات، چونكە گەورەترین حزبی سیاسی هەرێمە و بە پێی قوورسایی پێگەكەی، ڕۆڵیشی زیاتر دەبێت، بەڵام پارتی، ڕێگای تەوافوقی سیاسی هەڵنەبژاردووە، بەڵكوو پێی وایە كاری حزبەكان تەواو بووە، ئێستا دەبێت خەڵك بڕیار لەسەر دەستوور بدات نەك حزبەكان.

لە ڕاستیدا عەیبێكی گەورەیە تەوافوقی سیاسی لەسەر پڕۆژەی دەستوور بكرێت، چونكە دەستوور نە به‌ ته‌نیا بۆ حزبە سیاسییەكانە، بەڵكوو بۆ هەموو گه‌ل و نیشتمانە، بۆیه‌ بڕیاری یه‌که‌م و کۆتایی هی گه‌له‌ و ئه‌ویش تەنیا لە ڕێگای ڕاپرسییەوە دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار