٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

جەخت لەسەر هێز و وجوودی بارزانی لە پرۆسەی ئەمڕۆی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

سەرچاوە: Xebat

لەكۆڕێكی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین بەناونیشانی (مسعود بارزانی و قەیرانی ئێستا)، بیرمەند ونووسەر و ناوداری عێراق و عەرەب د.حەسەن عەلەوی باسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانیی كرد لەسیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان وعێراق و ناوچەكە و نیشانیدا پێگەی سەرۆك لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان ولەسەر ئاستی نەتەوەی كورد بەگشتی و هەموو كوردستان پێگەیەكی گەورەی هەیە لەوە زیاتر كە ببێتە سەرۆكی حزبێك یان هەرێمێك، بەڵكو سەركردەیەكی كاریزمایە لەخانەوادەیەكی تێكۆشەر بۆ پرسێكی ڕەوا.
یەكەمجار كە كوردی ناسی
عەلەوی ئاماژەی بەوەدا ئەو لەساڵی 1953ـەوە ئەندامی حزبی بەعس بوو، بەڵام هیچ كاتێك لەڕێكخستنەكانی حزب كاری نەكردووە بەڵكو لەبەرئەوەی خۆی بیری نەتەوەیی هەیە بووە ئەندام لەو حزبە بەڵام بیری نەتەوەیی ئەو واتای ئەوە نەبوو نەتەوەی دیكە بسڕدرێتەوە ئەوەیشی گێڕایەوە یەكەمین ناسیاویی لەگەڵ كورد لە ساڵی1961 دەگەڕێتەوە كاتێك لەبەغدا یەك كەلەپچە لەگەڵ مستەفا نەریمان كۆی كردەوە و لەبەندیخانەی سەرای بەغدا دەستبەسەركرابوون و جگە لەویش چەندین كوردی دیكەش لەكەركووك وكەلارەوە گێرابوون و بردرانە سەربازگەی جەلەولا، لەهەمان ڕۆژیش ڕادیۆی بەغدا هەواڵی یەكەمین گەشتی مرۆڤی بۆ بۆشایی ئاسمان بڵاوكردەوە، ئەو بەندیخانەیەش پڕی بوو لە كورد كە یەكێك لەوان عومەر دەبابە وچەندین سەركردەی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی تیادا بوو چونكە ئەو كات شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسابوو سەركردەكانیشی بەردەوام بەند دەكران.
مسعود بارزانی، پیاوی مانشێتی یەكەمی هەواڵەكان
عەلەوی ئەوەی نیشاندا سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە لەماوەی ئایندەدا دەبێتە سەردێڕی گرنگترین هەواڵ و مانشێتی ڕۆژنامەكانی جیهان بەتایبەتی لەبارەی خۆكاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ونەشیشاردەوە ئێستا سەرۆك بارزانی زۆرترین گوشاری لەسەرە گەلەكەی خۆی داوای لێدەكات هەنگاوێكی دیكە لەبارەی پرسی نەتەوەیی كوردەوە بنێت وكوردستان بگەیەنێتە قۆناغی سەربەخۆیی بەتایبەتی كاتێك هەر قەیرانێك لەنێوان بەغدا و هەولێر ڕوودەدات و بەغدا هەڕەشەی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات وشێوەیەك لە چەقبەستوویی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، نیشانیشیدا سەرۆك بارزانی فەرمانبەرێكی سانا نییە كە ئەگەر لەپۆستەكەیدا نەمایەوە ئیتر ڕۆڵ وژیانی سیاسیی كۆتایی پێدێت وگوتی: مسعود بارزانی زۆر لەسەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان گەورەترە چونكە ئەو سەركردەی میللەت ونەتەوەیەكە نەوەكو سەركردەی حزبێك یان فەرمانبەرێكی حكوومی، باوكی خاوەنی پۆست نەبوو، مەلا مستەفا بارزانی سەركردەیەك بوو چاوی لەپۆست و كورسی نەبوو بەڵكو لەسەر خۆڵ دادەنیشت لەژێر ڕەشماڵ بە دەستێكی نانی گرتبوو بەدەستێكیشی پیاڵەی چا و سەرۆكی كۆمار و گەورە بەرپرسان بۆ ڕازیكردنی دەهاتنە لای و چیاكانی كوردستان لەدوای خوا پاسەوانییان دەكرد.
سەربەخۆیی كورد دواكەوت
عەلەوی نیشانیدا سەربەخۆیی كورد زۆر دواكەوت چونكە لەساڵی 1917ـەوە ئەم پرەنسیپە ڕاگەیەندراوە و هەموو گەلانی دونیا سەربەخۆییان ڕاگەیاند تەنها كورد نەبێت هەروەها تیشكی خستەسەر كۆنفڕانسی قاهیرەی ساڵی1919 كە تیایدا بەوتەی خۆی چەرچڵی سەرۆك وەزیرانی ئەوسای بەریتانیا داوای سەربەخۆیی كوردستانی كرد و لەسەری مكوڕبوو هەمیشەش بەئیدارەی بەریتانیی لەبەغدا دەگوت كورد نەتەوەیەكی سەربەخۆیە لەعەرەب و پێویستە دەوڵەتی خۆیان هەبێت، بەڵام پێرسی كۆكس كە ئەوسا حاكمی سەربازیی عێراق بوو وای بۆ بەریتانییان نیشاندەدا كە كورد خوازیارن ببنە بەشێك لەعێراق و هەر خۆی یەكەمین كەس بوو داوای مەركەزییەتی بۆ عێراق كرد و كوردی لەمافی سەربەخۆیی بێبەشكرد و ئاشكراشیكرد ئەو زانیارییە مێژووییانە بەنیازە لەدووتوێی كتێبێكدا بڵاوی بكاتەوە بەناوی (كوردستان، دەوڵەتی بێدەنگ) كە تیایدا باس لە درۆكانی كۆكس دەكات ئەگینا عەلەوی واتەنی چەرچڵ داكۆكیكاری سەرەكیی سەربەخۆیی كوردستان بوو،هاوكات باسی هەردوو كۆنگرەی سیڤەر و لۆزانی كرد وبەدووری نەزانی كە سەرۆك بارزانی لەكاتێكی زۆر گونجاودا مەسەلەی بڕیاردانی چارەنووس دەخاتە بەردەم خەڵكی كوردستان و ئەو گەلە بڕیار لەسەر ئایندەی خۆی دەدات.
كاریزمای خانەوادە
حەسەن عەلەوی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەستوور ناتوانێت كەسایەتیی كۆمەڵایەتی سەرۆك بارزانی هەڵبسەنگێنێت، چونكە سەرۆك بارزانی كەسێك نییە لەڕێگەی دەستوورەوە سیفەتەكانی دیاری بكرێت، بەڵكو ئەو لەخانەوادەیەكی تێكۆشەری خاوەن كاریزمایە لەنێو خەڵك و مەرجیش نییە ئەندامانی ئەو خانەوادەیە ببنە سەرۆك وەزیران وسەرۆكی وڵات یان وەزیر، بەڵكو خەڵك ئەوانی خۆشدەوێت وكاریگەرییان هەیە و زۆرجاریش ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانیان بۆ پۆستی حزبی یان حكوومی هەڵدەبژێرنەوە و نموونەی بە خانەوادەی جەواهیر لال نەهرۆ و خانەوادەی زولفیقار عەلی بۆتۆ هێنایەوە و نیشانیدا ئەمە بەمیراتگرتنەوەی دەسەڵات نییە وەكو ئەوەی لەسووریا ڕوویدا و خەریك بوو سەرۆكی میسڕ بیكات دووپاتیشیكردەوە خانەوادەی بارزانی خانەوادەیەكی خاوەن كاریزمایە لەنێو هەموو تاكێكی كورد ونیشانیدا كاتێك شێخی شەهید عەبدولسەلام بارزانی لەسێدارەدرا و شەهیدكرا ئەوكات حزبێك نەبوو بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان و شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانیش لەسەر هەمان ڕێچكە ڕۆیشتن وپاشان سەرۆك بارزانیش لەسەر ئەم ڕێچكەیە بەردەوام بوو و گوتی: مسعود بارزانی زۆر لەسەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان گەورەترە چونكە ئەو سەركردەی میللەت ونەتەوەیەكە نەوەكو سەركردەی حزبێك یان فەرمانبەرێكی حكوومی، مسعود بارزانی سەركردەی نەتەوەیەكە و خاوەنی كاریزمایەكی نەتەوەییە و مێژووێكی پڕ لە شانازیی هەیە وئالان مۆری ڕۆژنامەنووسیش هەڵەی نەكرد كاتێك نووسی: مسعود بارزانی توانی نەتەوەیەك كۆبكاتەوە و ئەوانی جیاوازییان لەگەڵ یەكتردا هەیە بچنە لای وئاشت ببنەوە ئەمەش بەهۆی ئەوەیە كە مسعود بارزانی كەسێكی ئاشتیخوازە وكوردستانیش ئەمڕۆ بۆوەتە پێگەی چارەسەركردنی كێشە و گرفتە عێراقی وهەرێمایەتییەكان وتەنانەت ئەوانەی كە هەمیشە قسەیان بە كاك مسعود دەگوت هاتنەلای و وكێشە و گرفتی زۆری بۆ چارەسەركردن و گیانیانی پاراست، مسعود ئەمڕۆ پرسەكانی كوردی سووریا و ئێران وتوركیا چارەسەر دەكات وئەو نەبوایە حكوومەتی توركیا و ئەردۆگان ناچار نەدەبوو گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بكات، ئەمە لەبەرچی؟ چونكە مسعود بارزانی سەركردەیەكی كوردە و ئۆجەلانیش كوردە و پرسی كورد لەتوركیا پرسێكی نەتەوەییە و بەئەركی خۆی دەزانێت ئەو كارە بكات وبۆ زانیاریتان من30 ساڵ لەسووریا ژیاوم، كوردی سووریا هیوای ئەوە دەخوازن تەنها وێنەیەكی كاك مسعود ببینن، بەڵێ حكوومەتی بەغدا ڕەخنەی لەحكوومەتی كوردستان گرت بەوەی گەریلاكانی پەكەكە دێنە نێو خاكی كوردستان وبەهەڕەشەی دەزانن بۆ سەروەریی عێراق، كاكە ئەمە پرسی میللەتێكە بە بەغدا دەڵێم: گەریلاكانی پەكەكە كە دێنە چیاكانی كوردستان لەبەرئەوەیە كە كوردن وئەم چیایانە هی وڵاتی خۆیانە هی ئێوە نییە،كاتێك مەلا مستەفا لەچۆمی ئاراس بەیاوەریی500 پێشمەرگەوە چووە ڕووسیا و تەحەددای هەموو زەحمەتییەكانی كرد وایكرد خودی ستالین بەكەسایەتییەوە سەرسام ببیت و نازناوی ژەنەڕاڵی پێبدات باشە بۆ ئەو كات كەسێك لەڕووسیا بەرهەڵستیی نەكرد؟بەپێچەوانەوە لەڕووسیا ژیان و ماوەیەكی زۆریان لەوێدا بەسەربرد.
سەربەخۆیی، نەك جیابوونەوە
عەلەوەی دووپاتیكردەوە ئەوەی كورد داوای دەكات جیابوونەوەی نییە لەعێراق، بەڵكو سەربەخۆییە و مافی ڕەوای خۆیەتی و نیشانیدا ئەو وڵاتانەی كوردستانیان دابەشكردووە خۆیان لەو سەربەخۆییە ترساندووە و بە جیاكاریی لەقەڵەمدەدەن و دەستەواژەی جیابوونەوە لەسەر پرسی كورد یەكناگرێتەوە هەروەها گوتی: كورد هیچ كاتێك عەرەب نەبووە و تورك وفارس نەبووە و گوتی: من پێم سەیرە كە خەڵك باسی جیابوونەوەی كورد لە عێراقدا دەكات لەكاتێكدا ئەوە مافی كوردە و پێی دەگوترێت سەربەخۆیی نەوەكو جیابوونەوە، باشە كە ئەتاتورك ئایینی ئیسلام وقورئان و هەموو شتێكی پەیوەست بە ئایین وزمانی عەرەبیی ڕەتكردەوە لەبەرچی كەس پێی نەگوت جوداخواز؟ كاتێك ئەتاتورك و شاهی ئێران خۆیان لەجیهانی ئیسلامی جیاكردەوە كەس پێیانی نەگوت جیاخواز، لەبەرچی كاتێك كاك مسعود داوای مافی كورد و سەربەخۆیی كورد دەكات هەمووان ترس دەیانگرێت؟ بۆ خواستی ڕەوای كاك مسعودتان لێ بۆتە فۆبیا؟30 دەوڵەتی دیكە لە خیلافەتی ئیسلامی بووە دەوڵەت لەبەرچی ئەوەتان بۆ كوردستان پێ ڕەوا نییە؟ كورد هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە نەتەوەی عەرەبی وهیچ كاتێكیش نابێتە بەشێك لەو نەتەوەیە وبۆ زانیاریشتان لەساڵی 1932 كاتێك عێراق سەربەخۆیی تەواوی وەرگرت خۆی بە تەواوی لە وڵاتانی عەرەبی ونەتەوەی عەرەب و پرۆژەی نەتەوەیی عەرەبیی شەریف حوسێن جیاكردەوە، دەباشە كێ لێرە جیاخوازە كورد یان عەرەبی عێراقی؟
ڕەوشتی كورد و لێبووردەیی سەرۆك بارزانی
عەلەوی ئەوەی نیشاندا گەلی كورد بەگشتی و شۆڕشی كوردی و خودی سەرۆك بارزانی خاوەنی ڕەوشتێكی بەرزن وئەو ڕەوشتە بەرزەش وایكردبوو سەركردەی وەكو جەمال عەبدولناسر و حافز ئەسەد كە لەوپەڕەی نەتەوەچێتیی عەرەبیدا بوون ڕێز لەو شۆڕشە بگرن چونكە كورد هیچ كاتێك كەسێكی غەیرە كوردی ئازار نەدا و پرد وشەقام وشوێنی گشتیی نەتەقاندەوە و تۆڵەی لە نەتەوەی عەرەب نەكردەوە و گوتی: لێبووردەیی مسعود بارزانی گەورەترین گەرەنتییە بۆ ئایندەی نەتەوەی كورد و ئایندەی پتەوتربوونی پەیوەندیی نێوان گەلی كورد و گەلانی دیكەی دونیا، بەڵام من دووپاتیدەكەمەوە ئەمجارەیان لەهەر ناكۆكییەكی نێوان هەولێر وبەغدا پرسی بڕیاردانی چارەنووس دەبێتە یەكێك لەبژاردەكانی كورد و كاك مسعود دەیخاتە بەردەستی گەلی كورد.

هەواڵی پەیوەندیدار