شۆڕشی گۆڵان هیوای بۆ گەلی كورد گەڕاندەوە

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، عومەر عوسمان ئاماژە بە ساڵەكانی 1974 تا 1975 دەدات كە ڕژێمی عێراق كە بە هەموو هێزە سەربازییەكانەوە بە پشتگیریی وڵاتانی زلهێز و وڵاتە دراوسێیەكان نەیتوانی شۆڕشی كورد شكست پێ بهێنن و ناچار پەنایان بردە بەر مۆركردنی ڕێككەوتننامەی جەزائیر و هەرسێ وڵاتی عێراق و ئێران و جەزائیر ڕێككەوتنامەی جەزائیریان لە ساڵی 1975 دژی شۆڕشی ئەیلوول ئیمزا كرد.
پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان سەربەست لەزگین ئاماژە بەوە دەدات كە دوای شۆڕشی ئەیلوول بێ هیوایی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو و سەرۆككۆماری ئەوسای عێراق ئەحمەد حەسەن بەكر ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و دەیویست كورد بە یەكجارەكی لە ناو ببات. لەو كاتەدا ئیدریسی جوانەمەرگ و سهرۆک مەسعود بارزانی ڕۆلێكی گرنگیان لەناو ئاوارەكاندا لە هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیا بینی، تا پەرە بە شۆڕشەكەیان بدەنەوە و توانیان هەزاران پێشمەرگە و كوردپەروەر لە دەورووبەری خۆیان كۆ بكەنەوە.
هەرچەندە شۆڕشی ئەیلوول بە گوتەی عومەر عوسمان لەو كاتەدا شكستی هێنابوو، بەڵام پارتی و هێزەكانی پێشمەرگە بیرۆكەی شەڕی پارتیزانیان بۆ دروست بوو و دەستیان بە بڵاوكردنەوەی چەك و خۆراك كرد. ئەم شۆڕشە نوێیە لە 26/5/ 1976 بە ناوی شۆڕشی گۆڵان لە حاجی ئۆمەران دەستی پێ كرد و بە دوژمنانی كوردی ڕاگەیاند كە گەلی كورد بە پیلانی جەزائیر تێك ناشكێت.
ڕۆڵی ڕادیۆی دەنگی كوردستان
پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان سەربەست لەزگین ئاشكرای دەكات كە ڕادیۆی دەنگی كوردستان وەك پێشمەرگەی شاخ ڕۆڵی دەبینی و ورەی پێشمەرگەی بەرز دەكردەوە.
هەروەها عومەر عوسمانیش دەگێڕێتەوە كە چەند ڕۆژێك دوای تێكچوونی شۆڕشی ئەیلوول ئەحمەد حەسەن بەكر لە ڕادیۆی عێراق ڕایگەیاند كە كۆتایی بە كورد هاتووە و ئەوان شایەنی خوارنەوەی ئاوی دیجلە و فورات نین و نابێت بژین، بەڵام زۆری پێ نەچوو و لە ڕێگەی ڕادیۆی دەنگی كوردستانەوە میللەتی كورد گوتی "گوێ بگرە ئەحمەد حەسەن بەكر شۆڕشی كورد كۆتایی پێ نەهاتووە و ئێستا دەستی پێ كردووە و ئێمە بەردەوامین لە لێدان و ڕاونانی سەربازانی عێراقی و سەرچاوەی ئاوی فورات ودیجلەیش دەخۆینەوە و پاشماوەكەمان بۆ ئێوە دێت."
عومەر عوسمان دەڵێت "ئەو ڕادیۆیە هیوایەكی گەورەی ئێمە بوو، كاتێك دەیگوت، ئێرە دەنگی كوردستانی عێراقە واماندەزانی هەموو كوردستان ئازاد بووە."
دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان
عومەر عوسمان لەو بڕوایەدایە كە شۆڕشی گوڵان دەستكەوتی باشی هەبوو و توانی شۆڕشی عێراق ڕابگرێت و میللەتی كورد بەرەو قۆناغێكی تازە بگوازێتەوە. ئەو ئاماژە بە دروستبوونی حزبی نوێیش دەدات كە هەر لە سەردەمی ئەو شۆڕشەدا هاتنە ئاراوە. عومەر عوسمان دەڵێت "هەر لە كاتی ئەو شۆڕشەدا پارتی دیموكراتی كوردستان هەر دوو كۆنگرەی 9 و 10ـی بەست. هەروەها لە دوای ڕاپەڕین كۆمەڵێك دەستكەوتی سیاسی و عەسكەری و ئابووری و كۆمەلایەتی لەوانە دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمان بەدەست هاتن."
هاوكات بەرپرسی لقی 17 و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان سەربەست بابیری ئاماژە بەوە دەدات كە دەستكەوتەكانی ئێستای كوردیش لە ڕێگەی قۆربانیدان و شۆڕشی گوڵانەوە هاتوونەتە ئاراوە. ئەو دەڵێت "هەر ئەو شۆڕشە بوویە هۆكاری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 و وای لە دوژمن كرد كە تووشی یەكەم شكست بێت بەرامبەر میللەتی كورد و چۆك بۆ كورد دابنێت.




