عەلی عەونی: "لە شۆڕشـــــی گوڵاندا پێشمەرگە هێز و فیكری بەعسی شكاند"

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان عەلی عەونی لە دیمانەیەكی هەولێردا ئاماژە بەوە دەدات كە شۆڕشی گوڵان تەنیا شۆڕشێكی سەربازی نەبوو كە تانك و زرێپۆشەكانی بەعس بشكێنێت، بەڵكوو شۆڕشێكی فیكریش بوو كە فیكری بەعسیشی تێكشكاند.
* خوێندنەوەی ئێوە بۆ شۆڕشی گوڵان چییە؟
- شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی كورد بوو بۆ ئەو خەونەی كە بەعس و داگیركەران بە هەرچوار دەوڵەتەوە دایاننابوو، ئەوان پێیانوابوو تازە كورد هەڵناستێتەوە، بەڵام ئەم شكستەی تووشی شۆڕش ببوو، شكستێكی مەبدەئی خەڵك نەبوو، بەڵكوو گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی بوو بۆ شكستپێهێنان لە ڕووی سیاسییەوە.
پێمانوایە شوڕشی گوڵان جوولەیەكی سیاسی و شۆڕشگێڕیی وای لە نێو میللەت دروست کرد كە تا ئێستاش بهردهوامه.
* لەو كاتانەدا خەڵك بێ ئومێدییەكی پێوە دیاربوو، ئایا شۆڕشی گوڵان ئەو ئومێدەی بۆ خەڵك گەڕاندەوە؟
- بیرم دێت كە خوا لێخۆشبوو سامی شۆڕش جارێكیان گووتی، من ئێستا تێ دەگەم كە بارزانیی نەمر چەندە بە حیكمەت بوو، لە كاتی پیلانی جەزائیردا بڕیاری ڕاوەستانی شۆڕشی ئەیلوولی دا، چونكە ئەگەر ئەو شۆڕشە بەردەوام بووایە، شتێكی وایان بەسەر كورددا دەهێنا كە ئەنفال و كیمیاباران لەچاویدا کهم بێت.
میللەتی ئێمە دەیزانی كە بە شێوەی سەربازی ناتوانێ هێزێكی گەورەی وەك حكوومەتی بەعس بشكێنێ، بەڵام ئێمە زیاتر له ڕووی هزر و هۆشمهندیی نهتهوهییهوه خۆمان پهروهرده دهکرد. لە هەمان كاتدا پێشمەرگەیش به ههمان شێوه، بهڵێ شۆڕشی گوڵان ئومێدی لەنێو دڵی میللەتدا ژیاندەوە، ئامانجی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش ئامادەكردنی میللەت بوو تا بێتە مەیدان، ئەوەی لە ڕاپەڕینیشدا دوریمانەوە ئەوە بوو كە خەڵك بە یەكجاری ڕاپهڕی، ئێستایش پێویستە هەموو كاتێك لە كردار و لە بڕیار خەڵك لە مەیداندا بێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە پێیان باشە دەستوور بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان، ئێمە پێمانوایە كە دەبێت میللەت بڕیار لەسەر ئەو دەستوورە بدات نەك هێزە سیاسیەكان.
پێموایە ڕووە فیكرییەكەی شۆڕشی گوڵان كاریگەریی زۆرتر بوو، پێشمەرگە پێیوابوو كە ئەو تهنیا بۆ ئەوە لەو شاخە نییە كە دەبابە تێك بشكێنێت، بەڵكوو دهبێت فیكری بەعس بشكێنێت و ئەو چەكەی كە لە شانی پێشمەرگە بوو، شەڕی فیكری بەعسی دەكرد، نەك شەڕی تانك و تۆپی بەعس، بۆیە ئەگەر فیكری بەعس نەشكابا، ئهوا تۆپ و تانکهکانیش نهدهشکان.
پێموایە ئەو پاشخانە فیكرییە و ئەو ئیرادە جەماعییەیەی كە لە پشت ئەو شۆڕشەوە بوو، وایكرد كە ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 دروست بێت و گەل بە یەكجاری ڕاپەڕێت




