٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

له‌ 10 ساڵدا بایی 30 ملیار به‌رهه‌می نه‌وت له‌ ده‌ره‌وه‌ كرڕدراوه‌..گەندەڵییەكی گەورە لە ناو وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە

سەرچاوە: Hewler

وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق (عیسام چەلەبی) ڕەخنە لەو سیاسەتە دەگرێت كە بەرپرسانی وڵات لە بواری نەوتدا پەیڕەوی دەكەن. عیسام چەلەبی بە رۆژنامەی "زەمان"ـی ڕاگەیاند ڕاستە عێراق لە بواری نەوتەوە وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەڵام تاكو ئێستاش حكوومەت زۆربەی بەرهەم و پاشكۆكانی نەوت لە وڵاتانی دەرەوە دەهێنێت.

خەرجكردنی بڕی 30 ملیار دۆلار
ناوبراو ڕوونی كردەوە كە عێراق لە ماوەی 10 ساڵی ڕابروودا بە بڕی 30 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بەرهەمی نەوت و غازی لە وڵاتانی دیكە كڕیوە و ئەمەش پارەیەكی زۆرە بۆ وڵاتێك كە خۆی یەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان بێت لە بواری نەوتەوە.

چەلەبی گوتی كە حكوومەتی عێراق دەیتوانی ئەو 30 ملیار دۆلارە لە دروستكردنی 5 تاكو 6 پاڵاوگەدا خەرج بكات بۆ ئەوەی لەو پاڵاوگانە بەرهەمی نەوت و غازی تەواو بەدەست بهاتایە، بەڵام بێپلانی وای كردووە تاكو ئێستا هیچ پاڵاوگەیەك دروست نەكرێت و هەوڵی چارەسەری بنەڕەتیی ئەم كێشەیەش نەدرێت.

نەبوونی پلان بۆ چارەسەری كێشەكە
وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق ڕایگەیاند كە گەندەڵییەكی زۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراقدا هەیە و هەر ئەوەش وای كردووە هیچ پلانێك بۆ دروستكردنی پاڵاوگەی نەوت و غاز لە وڵاتدا ئامادە نەكرێت.

ناوبراو ڕوونی كردەوە كە وەزیری نەوتی پێشووی عێراق و جێگری سەرۆكوەزیرانی ئێستای وڵات بۆ كاروباری وزە حوسێن شەهرستانی چەند ساڵێك پێش ئێستا بە پەرلەمانتارانی عێراقی ڕاگەیاند، ئێستا عێراق دەتوانێت بەرهەمی نەوت و غازی خۆی بۆ پێداویستیی ناوخۆیی ئامادە بكات، بەڵام ئەمە شتێكە كە زۆر لە ڕاستییەوە دوورە.

چەلەبی گوتی كە بڕی نەوتی عێراق لە پێش ساڵی 2003 و لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراك بۆ هەر رۆژێك دەگەیشتە 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێكدا و لەو بڕەش 2 ملیۆن و 400 هەزاری ڕەوانەی دەرەوە دەكرا. ئەو گوتی دەكرێت بڕی نەوتی عێراق لەمساڵدا بگاتە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێكدا و لەو بڕەش 2 ملیۆن و نیوی بنێردرێتە دەرەوە.

كەرتی نەوت وێرانە و گۆڕانكاریی دەوێت
وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق گوتی كە حكوومەتی وڵات لە بواری بووژاندنەوەی كەرتی نەوتدا بە تەواوی شكستی هێناوە، چونكە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تەنیا 2 هێڵی بۆری نەوتی زۆر سادە لە نێوان بەسرە و فاودا دانراون.

ئەو گوتی پێویست بوو حكوومەتی عێراق لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەی ڕابردوودا چەندین بۆری نەوتی سەرەكی و گەورەی دابنایە. چەلەبی ئەوەشی ڕوون كردەوە كە حكوومەت هیچ كارێكیشی نەكردووە بۆ مەبەستی باشتركردنی توانای گواستنەوەی نەوت، جگە لە دابینكردنی تەنیا دوو كەشتی نەوت بۆ بەندەری بەسرە كە ئەویش كارێكی زۆر سادەیە.

وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق ڕایگەیاند كە كەرتی نەوتی وڵات وێرانەیە و پێویستی بە گۆڕانكاریی ڕیشەیی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار