٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

(ئەبوڕیشە): "چی دیكه‌ به‌ شێوه‌ی هێمنانه‌ داوای جێبەجێكردنی داواكاریەكانمان ناكەین

سەرچاوە: Hewler

تەقینەوە و توندوتیژی لە عێراق درێژەی هەیە و دوێنێش دەیان كەس بەو هۆیەوە بوونە قوربانی. تەقینەوە لە كەركووك و دوزخورماتوو. سەرلەبەیانی دوێنێ ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراو لە شارۆچكەی "دوزخورماتو" تەقیەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 5 كەس كوژران و زیاتر لە 45 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

هەر دوێنێ سێ بۆمبی چێنراو لە بازاڕێكی شاری كەركووك تەقینەوە و بەو هۆیەیشەوە زیاتر لە 5 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 25 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

كەسێكی خۆكووژیش خۆی لە خاڵێكی پشكنین لە شارۆچكەی "تەرمیە" ی باكووری بەغدا تەقاندەوە و پاشانیش چەند چەكدارێك هێرشیان كردە سەر ئەوخاڵی پشكنینە و لە ئەنجامی كردە خۆكوژیەكە و هێرشەكەیشدا 3 سەربازی سوپای عێراق كوژران و 7 سەربازی دیكەیش بریندار بوون.

سوننەكان هەڕەشە دەكەن
هاوكات سەرۆك خێڵێكی پارێزگای ئەنباریش ڕایگەیاند خۆپێشاندەرانی سوننە بۆ ماوەی چەندین مانگ چەند داواكاریەكیان هەبوو، بەڵام حكوومەت ئامادە نەبوو جێبەجێیان بكات.

هەربۆیەش چی دیكە دەرفەتی بە ئاشتیانە چارەسەركردنی كێشەكان نەماوە.

ئەو سەرۆك خێڵە بە ناوی (محەممەد خەمیس ئەبوڕیشە)- كە پێشتر سەركردەیەكی هێزی "سەحوە" بووه‌ و ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌نبار بە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی ڕاگەیاند:"بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادەین سوپای عێراق لە پارێزگای ئەنبار بمێنێتەوە...چی دیكە بە ڕێگایەكی هێمنانە داوای جێبەجێكردنی داواكاریەكانمان ناكەین. ئێمە ئامادەین شەڕ بكەین. هەربۆیەیش دەڵێم ڕۆژانی داهاتوو دوور دەبن لە ئارامی و ئاسایش. ئێمە چی دیكە دیموكراسیمان ناوێت".

"نیویۆرك تایمز" دەڵێت: سەرۆك خێڵەكان لە چەند ناوچەیەكی عێراقدا ڕۆڵێكی كارا دەگێڕن و قسەی ئەم سەرۆك خێڵەیش ئەوە پێشان دەدات، كە عێراق بەرەو هەڵگیرسانی شەڕێكی دیكەی تائیفی دەڕوات
(مالیكی) و (نوجێفی) ڕەخنە لە یەكتری دەگرن

لە لایەكی دیكەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) بە توندی ڕەخنەی لە سوننەكان گرت و بە هۆكاری سەرەكیی ئەم نائارامییەی ناوبردن، كە وڵاتی گرتووەتەوە.

(مالیكی) ڕایگەیاند: ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق ڕۆڵێكی كارا لە تێكچوونی ئەم ڕەوشەدا دەگێڕن، چونكە ئەو پەرلەمانتارانە بۆ مەبەستی بەرژەوەندی سیاسیی خۆیان سوود لە جیاوازیە تائیفیەكان وەردەگرن.

هاوكات سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش (ئوسامە نوجێفی) ڕەخنەی لەو سیاسەتە گرت وا (نووری مالیكی) لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوی دەكات.

(نوجێفی) گوتی سەرۆكوەزیران گوێ بۆ بڕیار و ڕێنماییەكانی پەرلەمان ناگرێت و بە هیچ شێوەیەكیش هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق نادات. هەر ئەمەیش وایكردووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار