هه‌رێم پشتگیری له په‌خشی كوردی "ئه‌نادۆڵ" ده‌كات

بڕیاره ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی له‌شاری هه‌ولێر ئۆفیسێك بكاته‌وه و به هه‌ردوو شێوه‌زاری (كرمانجی و سۆرانی) ده‌ست به په‌خشكردنی به‌رنامه‌كانی بكات.
(نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له (كه‌مال ئۆزتورك) سه‌رۆكی گشتی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی كرد و له‌دیداره‌كه‌دا (ئۆزتورك) ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه ده‌یانه‌وێت له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئۆفیسێك بكه‌نه‌وه‌و به‌زمانی كوردی ده‌ست به‌په‌خش بكات.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یشی گوتووه كه ده‌مانه‌وێت له‌شاری هه‌ولێر ئۆفیسێك بكه‌ینه‌وه‌و به‌هه‌ردوو شێوه‌زاری (كرمانجی‌و سۆرانی) په‌خش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دوایین گۆڕانكارییه سیاسی‌و سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ژیان، به‌شێوه‌یه‌كی بیلایه‌نانه و ڕاسته‌قینه بۆ جیهان بگوازینه‌وه".
له‌لای خۆیه‌وه (نێچیرڤان بارزانی) خۆشحاڵی به‌و هه‌نگاوه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ پیشانداو باسی له‌وه‌كرد، هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و توركیا له‌ئاستێكی زۆرباش و فراواندایه، به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، هۆكارێكه بۆ په‌ره‌دان به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی كورد‌و تورك.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا بارزانی جه‌ختی كرده‌وه له‌وه‌ی، هاوكاری‌و پشتگیرییه‌كی ته‌واوی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌نادۆڵ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و بێلایه‌نانه به‌شێوه‌زاره‌كانی كرمانجی و سۆرانی، ده‌ست به‌په‌خشه‌كه‌ی بكات‌و هیچ ئاسته‌نگ‌و كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌بێت.
ئاژانسی هه‌واڵی "ئه‌نادۆڵ" كۆنترین ئاژانسی هه‌واڵییه له توركیادا و له ساڵی 1912ـه‌وه دامه‌زراوه.




