ئەندامی پەرلەمانی کوردستان عومەر نوورەددینی: داواکاریی گەڕاندنەوەی دەستوور هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێت

ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان عومەر نوورەددینی ئاماژە بەوە دەدات كە دەستووری هەرێم لە جیاتی جارێک دوو جار لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە، بۆیە داواکاریی گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێت.
یەکشەممەی ڕابردوو لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەڵاحەددین لە میانەی سمینارێکدا کە مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی جیهانیدا ڕێکی خستبوو، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان عومەر نوورەددینی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" باسی لە داهاتووی پڕۆژەی دەستووری هەرێم کرد.
ڕاستە لە هەرێمی کوردستان تێڕوانینی جیاواز سەبارەت بە دەستوور هەیە، بەڵام بە بۆچوونی ئەم پەرلەمانتارە لە ڕووی یاساییەوە ڕووی ڕاستەقینەی دەستوور ئاشکرایە و دوو جار لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێ دراوە.
"جارێکیان لە 96 پەرلەمانتار 95 کەسیان دەنگیان بە ناوەڕۆکی دەستوور دا. جگە لەمە لە پەسندکردنی یاسایەک کە باس لەوە دەکات، دەستوور بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، ئەوا دیسان پەرلەمان دەنگی بە دەستوور دا."
نورەددینی گومانی لەو شتانە هەیە کە ئوپوزسیۆن بانگەشەیان بۆ دەکات و دەڵێت "ئۆپۆزسیۆن لە لایەک داوا دەکات، یاساکانی پەرلەمان جێبەجێ بکرێن و بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و ڕێز لە ئیرادەی پەرلەمان بگیرێت، لە لایەکی دیکەوە دژی جێبەجێکردنی یاسای خستنەڕیفراندۆمی دەستوورن."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان پێشی وایە، دەستوور کراوەتە ماددەیەک بۆ ململانێی سیاسی و وەگەڕخستنی ماشینی ڕاگەیاندن، تا لە ڕێگەیەوە کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی دروست بكەن و پێگەی خۆیانی لە هەڵبژادندا پێ بەهێز بكەن. "ناکرێت هەر کوتلەیەکی پەرلەمانی دوای پێکهێنانی فڕاکسیۆنێک، یان حزبێکی تازە داوای گەڕاندنەوی دەستوور بکات."
نورەددینی بەسیاسیکردنی نیگەتیڤانەی دەستوور، بە خیتابی ئوپوزسیۆن لە قەڵەم دەدات و سەبارەت بەم داواکارییان كە ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە تەوافوقی نیشتمانیان لەسەر بکرێت، ڕوونی دەكاتەوە، دەستوور خۆی پرسێکی نیشتیمانییە و تەوافوقی سیاسی و یاساییشی لەسەر کراوە.
یەکێک لەو داواکارییانەی کە ئوپوزسیۆن بە پاساو دەیهێنێتەوە ئەوەیە کە دەستوور چوار ساڵ پێش ئێستا دەنگی پێ دراوە و دەبێت دووبارە بۆ پەرلەمان بگەڕێنرێتەوە. نورددینی لە بەرامبەر ئەم داواکارییە جەخت دەکاتەوە کە گەڕاندنەوەی دەستوور هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێت. ئامانجی داواکارییەکەش بە ئامانجێکی سیاسی لە قەڵەم دەدات، نەک یاسایی، یان لۆژیکی و تەوافوقی.
دەستووری هەرێمی کوردستانیش هەر وەک دەستووری وڵاتانی دیکە، قابیلی هەموارکردنەیە و ڕێکارەکانیشی دیاری کراوە و بە بۆچوونی ئەم پەرلەرمانتارە دەکرێت لە داهاتوودا هەموار بکرێتەوە. بۆ نموونە لە ئەمەریکاش لە سەرەتای نووسینەوەی دەستووردا چەندین جار دەستووریان هەموار کردووە.
عومەر نورەددینی بە پێویستی دەزانێت، دەستووری هەرێم ڕاپرسیی لەسەر بکرێت و نەگەرێندرێتەوە پەرلەمان، بەڵام دەریچەیەکی نوێ بدۆزرێتەوە و لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی کە بە دیاریکراوی هەوڵ دەدرێت، پێداچوونەوەیان لەسەر بکرێت، وەک پاشکۆیەکی دەستوور بخرێتە ڕاپرسییەوە و لە داهاتوودا پاشکۆکە جێگەی بڕگە و بابەتەکان بگرێتەوە.




