پارچە بوونی سووریا و پەیوەندی كورد و تورك
جانداش توڵگا ئیشیق
زیاتر لە دوو ساڵە سووریای دەراوسێ توركیا تووشی قەیرانێكی قووڵی ناوخۆیی بووەتەوە كە راستەوخۆ كاریگەری لە سەر توركیا كردووە و دەكات.
توركیا لە ترسی ئەوەی كە كورد لە سووریا هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ خۆیان دابمەزرێنن و پەكەكە و پارتە نزیكەكانی پەكەكە لەو هەرێمەدا زاڵ ببن، سیاسەتێكی توندی لە بەرامبەر باكووری سووریا پەیڕەو كردووە و لە لایەكی دیكەیشەوە لە بەرامبەر رژیمی ئەسەدیشدا سیاسەتێكی لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی سیستەمی جیهانیدا پەیڕەو كردووە.
توركیا لە سەر دەمی شەڕی عێراقیشدا سیاسەتێكی بەمجۆرەی لە بەرامبەر باكووری عێراق پەیرەو كرد و لە دژی ئەوە بوو كە كورد لە باكووری عێراقدا ببنە خاوەن ستاتوو و پێگەیەك، بەڵام سیستەمی جیهانی بەبێ ئەوەی كە حەساسییەتەكانی توركیا رەچاو بكات، هاوسەنگییەكانی نێو عێراقی بەو جۆرە دامەزراند كە كورد لە باكووری عێراقدا بوو بە خاوەن پێگەیەكی بەهێز و كاریگەر لە سەر ئەم هاوسەنگییە سیاسییانەدا. دوای چەند ساڵ لە شەڕی عێراق توركیا تێگەیشت كە سیاسەتێكی هەڵەی لە بەرامبەر كورددا پەیڕەو كردووە.
ئەم بارودۆخە ئەمرۆ لە سووریا خەریكە دووبارە دەبێتەوە. توركیا چەندە لە مانەوەی رژیمی بەشار ئەسەد دەترسێت هەر ئەوەندەیش لە بەهێز بوونی كورد لە باكووری ئەو وڵاتە دەترسێت و بە تایبەتی ئەگەر پارت و لایەنە سیاسییە نزیكەكانی پەكەكە لە باكووری سووریادا جێگا و پێگەیەكی بەهێزیان هەبێت.
توركیا لە لایەكەوە قۆناغی چارەسەری بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و مەسەلەی پەكەكە لە نێو خۆیدا دەستپێكردووە و لە لایەكی دیكەیشەوە لە بە هێز بوونی پەكەكە و كورد لە باكووری سووریادا دەترسێت.
ئەمە هەڵەیەكی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە، توركیا جارێك تووشی ئەم هەڵە بووە و ئەگەر جارێكی دیكە ئەم هەڵەیە دووبارە بكاتەوە ئەوا زەرەرێكی یەكجار گەورە بە خۆی دەگەینێت.
چوونكە سووریا پارچە بكرێت یا نەكرێت، ئەسەد بمێنێت یا نەمێنێت ئەوا كورد لە باكووری سووریا هەر دەبێتە خاوەن پێگەی خۆی و توركیا لەگەڵ كورددا دەبێتە دەراوسێ نە لەگەڵ سووریای عەرەبدا، بۆیە پێویستە توركیا ئاگاداری داهاتووی رووداوەكان و داهاتووی خۆی بێت.
با وا فەرز بكەین كە ئەسەد و رژیمەكەی ئەسەد هەڵوەشیان. لە حاڵەتێكی بەمجۆرە دا سووریا دەبێتە پێنج پارچە. عەرەب لە سەدا 73، كورد لە سەدا 9، تورك لە سەدا 8، مەسیحی لە سەدا 5، دورزی لە سەدا دوو یا سێ.
دواتر ئەم سووریایەی كە بووەتە پێنج پارچە لە نێو خۆیدا دووبارە دەبێتەوە چوار پارچە، سوننەكان لە سەدا 75، نۆسیرییەكان لە سەدا 14 تا 18، دۆرزییەكان لە سەدا 2، شێعەكان لە سەدا 1 و بەمجۆرە سووریا دەبێتە 9 پارچە جیاجیا و سوننەكانی سووریایش لە نێو خۆیاندا دابەشی 4 پارچە دەبن. عەرەبە سوننەكانی لایەنگری ئەخوانەكان، عەرەبە سوننەكانی لایەنگری رژیمێكی سوكولار، سوننە رەسەنەكانی حەلەب و سوننە رەسەنەكانی شام.
دواتر لە سووریایەك كە دابەشی 13 پارچە كراوە شێعەكانیش بە ئاگاداری ئێران و حزبڵا لە نێوان خۆیاندا دابەشی سێ پارچە ئیسماعیلی، جەعفەری و قزڵباش دەبن و بەمجۆرە سووریا بە گشتی دەبێتە 16ی پارچەی جیا جیا و تەنیا و تەنیا كورد لە سووریا كە خاوەن 14 پارتی سیاسی جیاجیایە یەك پارچە دەمێنێتەوە. پارچە نەبوونی كورد لە سووریا دەبێتە هۆكاری بەهێز بوونی كورد لەو وڵاتە. بێگۆمان بە هێز بوونی كوردیش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە كورد لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی سووریادا هەر وەكو عێراق ببێتە خاوەن پێگە و كاریگەرییەكی یەكجار بەهێز.
توركیایش ناتوانێت هەتا كۆتایی سیاسەتی دژە كورد لە سووریا پەیڕەو بكات، ناچار دەبێت گۆڕان لە سیاسەتی دەرەكی خۆیدا بە تایبەت لە بەرامبەر كورددا بكات و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كورددا ئاسایی بكاتەوە. لە ساڵی 2003 تا سەرەتاكانی 2009 توركیا لە دژی ئەوە بوو كە كورد لە عێراق ببێتە خاوەن پێگەیەكی بەهێز، بەڵام دواتر توركیا ناچار ما كە سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر كورددا بگۆڕێت و ئەمرۆ كورد لە عێراق یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی توركیایە و توركیا ئەوەندە گرنگی بە كورد دەدات گرنگی بە بەغدا یا عێراقی عەرەب نادات.
لە سووریایش بارودۆخەكە هەر بەمجۆرەیە. بە هۆی سیاسەتی هەڵەیەوە توركیا زیاتر لە 8 ساڵ لە عێراق دوا كەوت، ئەگەر بۆ سووریایش هەمان سیاسەتی رابردووی خۆی پەیڕەو بكات ئەوا بۆ مەسەلەی سووریا و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ كوردی سووریادا توركیا دووبارە رووبەرووی زەرەر و زیان دەبێتەوە، چوونكە دژایەتی كردنی كورد لە سووریا بە مانای دژایەتی كردنی خۆدی توركیایە. بۆیە پێویستە توركیا بە خێرایی سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر كورد لە سووریادا بگۆڕێت و خۆی لەگەڵ كوردی ئەو وڵاتەدا بكاتە هاوپەیمان، چوونكە لە داهاتوودا سووریای كورد دەبێتە دەراوسێ توركیا نە سووریای عەرەب.
سەرچاوە. پوستا




