٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ترس لە دەستوور.. بۆ؟ رێگریكردن لەڕاپرسیی دەستوور زەوتكردنیی مافی میللەتە

سەرچاوە: Xebat

خەبات -محەمەد زەنگەنە:
 كاتێك پەرلەمانی كوردستان لەخولی پێشووتریدا بەسەرۆكایەتیی بەڕێز عەدنان موفتی گفتوگۆی لەبارەی دەستوورەوە كرد و خستیە بەردەم دەنگدانی پەرلەمانتارانی خولی ئەوكاتی پەرلەمان، لەكۆی 96 ئەندامی ئامادەبوو تەنها یەك ئەندامیان بە نەخێر دەنگی بۆ دا ئەمەش لەخۆیدا دەنگدانێكە بە زۆرینەی ڕەها بە دیكۆمێنتێك كە ژیانی سیاسیی ئەم كۆمەڵگایە ڕێكدەخات و خاڵ دەخاتە سەر پیتی هەموو ئەو چالاكییانەی كە كۆمەڵگەی كوردستانی ئەنجامیدەدات و لەو بۆشاییە ڕزگاری دەكات كە هەموو لایەكمان دركی پێدەكەین ونەبوونی دەستوور بە كێماسییەك بۆ ئەم كۆمەڵگایە دەبینین.
گەڕانەوەی دەستوور ڕەوا نییە
ئەو بەڕێزانەی كە ئەمڕۆ بانگەشە بۆ دژایەتیكردنی ئەو پرۆژەیە دەكەن كە شەرعیترین دەزگای هەرێمی كوردستان دەنگی لەسەرداوە چ خۆیان یان حزب ولایەنەكانیان وجوودیان لەنێو ئەو پەرلەمانەدا هەبوو هەرخۆیشیان چەپڵەیان بۆی لێدا و بەدەستكەوتێكی گرنگیان لەقەڵەمدا، كەچی ئێستا یەكەمین كەسن بەتوندترین شێوە دژایەتیی ئەم دیكۆمێنتە دەكەن بەشێوەیەك كە ڕەنگە زۆر كەس بە دێوەزمە و ڕەشەبا و زریانی لەدژی گەلی كورد تێیبگات.
د. عومەر نورەددینی پەرلەمانتاری لیستی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ خەبات نیشانیدا گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان بەهەر پاساو و بیانووێك بێت بەهیچ شێوەیەك ڕەوا نییە و هیچ زەروورەتێكی نیشتیمانی ئەوە ناخوازێت یاسایەك كە پەرلەمان دەنگی بۆ دا و پەسەندی كرد جارێكی دیكە بگەڕێتەوە، هەروەها گوتی: ئێمە دەستوورمان نییە وئەمەش لەخۆیدا كەموكوڕییەكی لە ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان وبەهەبوونی ئەم دەستوورە كە ئەزموون وپرۆسەی سیاسیی خۆمان پتەوتر دكات ودەیگەیەنێتە قۆناغی كامڵبوون لەبەرامبەر حكوومەتی فیدراڵ ولەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش جگە لەوەش ئێمە ئێستا زۆرجاران تێكگیرانی یاساییمان لەبارەی زۆر پرسەوە هەیە كە هەریەكەو بەشێوەیەك تەفسیری دەكات وبیروبۆچوونی جیاواز هەن، ئەگەر دەستوور وەكو سەرچاوە و شای یاساكان هەبن ئێمە لەو لێكدانەوانە ڕزگارمان دەبێت . بۆ نموونە ئێستا ئێمە چەندین بیروبۆچوونی جیاوازمان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەیە بوونی دەستوور یەكلایی دەكاتەوە وزۆر پرسی دیكەیشمان بۆ یەكلایی دەكاتەوە، دامودەزگای گرنگ و بەرزمان پێدەدات لەوانە دادگای فیدراڵ،دادگای دەستووری كە جیاوازییەكان یەكلایی دەكاتەوە بۆیە بوونی دەستوور پێداویستییەكی هەرە گەورەی ئێستای هەرێمی كوردستان وخەڵكی هەرێمی كوردستانە.
پەرلەمان دووجار ڕۆڵی خۆی بینی
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە : ئەو دیكۆمێنتە نووسراوەوە ئەوكاتەی كە نووسرا چیی تیادا بوو وایكرد ئەم بەڕێزانە خۆیان وحزبەكانیان دەنگی بۆ بدەن، پاشان چیی دیكەی بەسەردا هات وایكرد بەهەموو هێزێكەوە سەرتاپای ڕەتبكاتەوە و داوای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بكاتەوە؟ نورەددینی نەیشاردەوە كە دەبوایە ئەو پرسیارە لەپەرلەمان بكرێت بەوەی دووجار ڕۆڵی خۆی لەبارەی دەستووری هەرێمی كوردستانەوە بینی كە چی هێشتا كەس پرسیاری ئەوەی لەپەرلەمان نەكردووە لەبەرچی ئەو یاسایە جێبەجێ ناكرێت وگوتی:دەبوایە ئۆپۆزیسیۆن ئەوە بپرسێت پەرلەمانی كوردستان لەبەرچی یاسای دەستووری جێبەجێ نەكردووە؟ پەرلەمان یاسایەكەی دەركرد و دەنگی بۆ دا و خستیە ڕاپرسی لەبەرچی جێبەجێی نەكرد؟لەبەرچی ڕێزی لەئیرادەی خۆی نەگرت؟ ئەوە پرسیاری سەرەكییە، دیموكراسییەتیش بەواتا سادەكەیەوە بریتییە لەدەنگی خەڵك بۆیە سەیرە كەسانێك دژایەتیی ئەوە دەكەن ئەو دەستوورە بخرێتە ڕیفڕاندۆم وخەڵك دەنگی بۆ بدات.
دەستكەوتێكی گرنگی پەرلەمان
لەوانەیە زۆرجار بەرژەوەندیی میللەت ئەوە بهێنێت هەندێك یاسا وڕێسا بشكێندرێت و شتی تازە بێنە ئاراوە، بەڵام هەر شتێك بكرێت واتای ئەوەی نابێت دەنگی میللەتێك كە چاوەڕوانی ئەوەیە قسەی خۆی لەسەر ئەم پرۆژەیە بكات، بۆیە پرسیارێكی دیكە ئەوەیە : ئایا ترس لە دەنگی میللەت هەیە؟ د.سەباح سوبحی سەرۆكی بەشی ڕامیاری لەكۆلێژی یاسا و ڕامیاریی زانكۆی سەڵاحەددین لە لێدوانێكیدا بۆ خەبات دەركردنی پرۆژە یاسای دەستووری بۆ هەرێمی كوردستان بە دەستكەوتێكی گرنگی پەرلەمانی لەقەڵەمدا وئاماژەی بەوەدا ئەم پرۆژە یاسایە بەهەموو ڕێوشوێنێكی خۆیدا چووە و هەموویشی تەواوكردووە وگفتوگۆی زۆریشی لەسەردا كراوە و گوتی:ئێستا دەستوور بەپێی ئەو قۆناغە ئسووڵییانەی كە بڕیویەتی گەیشتۆتە ئاستی دەنگدانی خەڵك بەڕیفڕاندۆمێكی جەماوەریی گشتگیر بەڵام بە گەڕانەوەی جارێكی دیكە بۆ پەرلەمان ئێمە دەگەڕێینەوە بازنەیەكی داخراو و بەتاڵ چونكە دەستوور تەعبیر لەیەك لایەن یان یەك حزب و كۆمەڵ و ناكات بەڵكو دەستوور بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە، پێویستە دەستوور وەكو دەستكەوتێك سەیر بكرێت وئەگەر هەر تێبینییەك لەبارەی هەر پرسێكی پەیوەست بە هەر بابەتێكی ئەو دەستوورەوە هەبێت پێویستە بەڕێگەی دیكەوە هەبێت نەوەكو بەگەڕانەوەی بۆ دەستوور چونكە ئەمە دەبێتە هۆی وەشاندنی گورزێكی گەورە بۆ ئەم پرۆژە یاسایە و خودی دەستوورەكەش لاواز دەكات، وئەوەی تێبینیش دەكرێت لەمبوارەدا ئەوەیە ئێمە متمانە بە گفتوگۆكانی ڕابردوو ناكەین و میسداقییەتی بۆ دانانێین ئەمەش لەخۆیدا مایەی نیگەرانییە وحاڵەتێكی نێگەتیڤانەیە بۆیە هیچ چارەیەك نییە جگە لەڕیفڕاندۆم وئێمە ناڵێین دەستوورێكی ڕێك وپوختمان داناوە و هیچ كەموكوڕیی نییە بەڵكو باشترین دەستووری جیهان كەموكوڕیی تیادا دەبێت ودەكرێ هەموار بكرێت.وبەبۆچوونی منیش باشترین شت ئەوەیە دوای ڕیفڕاندۆم باس لە كەموكوڕییەكانی بكرێت وكار بۆ هەمواركردنەوەی بكرێت بەپێی ئەو میكانیزمانەی لەنێو خودی ئەو دەستوورەدا داندراوە و هاتووە.
پێویستە بە قۆناغەكانی دا تێبپەڕێت وبۆ دواوە نەگەڕێتەوە
بەپێی هەموو عورف و یاسایەك پێویستە هەر تەشریعێك لەپەرلەمانەوە دەربچێت بە قۆناغە یاساییەكانی خۆیدا تێبپەڕێت وگەڕانەوەی بۆ دواوە نییە بەتایبەتی دەستوور كە هەموو قۆناغەكانی خۆی دەبینێت و دەنگیشی بۆ دەدرێت دەدرێتە خەڵك بۆ ئەوەی قسەی یەكلاكەرەوەی خۆیانی لەسەر بدەن.
د.فەرسەت سۆفی باسی لەوە كرد بەر لەوەی دەستوور بدرێتە پەرلەمان دەستەیەكی دامەزرێنەری بۆ داندرا لە یاساناس و ئەكادیمیكار و شارەزا لەبواری دەستووریدا و ڕەچاوی تێبینیی خەڵك كرا و دواتر درایە پەرلەمان و گوتی: من تەسەور دەكەم لەڕووی دەستووری و یاساییەوە هەر گۆڕانكارییەك بۆ ئەم دەستوورە بخوازرێت نابێ بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە بەڵكو پێویستە لەسەر مێزێكی سیاسی گفتوگۆی لەسەر بكرێت وبەمیكانیزمی دەستووری دوای ڕیفڕاندۆم كاری لەسەر بكرێت ئەگینا هەر دەستوورێك پەرلەمان دەنگی بۆ بدات و نەخرێتە ڕاپرسییەوە و دیسان بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان ئەوا هیچ كاتێك ئێمە نابینە خاوەنی دەستوور، لێرەدا دەكرێ بەڵێنێكی سیاسی بدرێت بەوەی دوای ڕاپرسی لەسەر دەستوور هەوڵی هەمواركردنی بدرێت ودەستووریش میكانیزمی بۆ داناوە و ئەمجارەیان تەنها ئەو هەمواركردنە بخرێتە ڕیفڕاندۆمێكی جەماوەرییەوە، ئەگەر بەحەكیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شتە نەكرێت دەكەوینە قەیرانێكی گەورەوە، ئێمە پێویستیمان بە دەستوور هەیە چونكە بۆشاییمان هەیە و دەبوایە لەساڵی 1992ـەوە دەستوورمان هەبێت، ئێستا زۆر شتمان بۆ دەبووە ئەمری واقیع و لەبارەی زۆر شتیشەوە خاوەنی دەستكەوتی زیاتر دەبووین.
ئەگەر تەوافوقی سیاسیی لەسەر بكرێت، ڕیفڕاندۆمی بۆ چییە؟
ئەگەرچی هەرێمی كوردستان دەستووری نییە و تاوەكو ئێستاش زۆر لایەن هەن تەگەرە دەخەنە بەردەم دەرچوونییەوە، بەڵام خۆ دەستووری عێراقی فیدراڵیش هەیە كە بۆ هەموو عێراق گشتگیرە و كورد وهەرێمی كوردستان یەكەمین داكۆكیكاری جێبەجێكردنییەتی بۆیە ئایا دەكرێ بڵێین ئێمە لەبۆشاییەكی سیاسیی دەستووریدا دەژین وئایا دەكرێ بەبیانووی تەوافوقاتی سیاسییەوە ڕێگە لە میللەت بگیرێت قسەی خۆی لەبارەی ئەم پەیمانە كۆمەڵایەتییەوە بكات؟
.جوتیار عادل لە لێدوانێكیدا بۆ خەبات نیشانیدا ئەستەمە بگوترێت كوردستان لەبۆشایی سیاسی ودەستووریدا دەژیت چونكە بەدەستووری عێراقەوە پابەندە ویاسا وڕێساكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراقە بەڵام ئەمەش واتای ئەوەی نییە كە كوردستان نابێ دەستووری هەبێت بەڵكو بە زەرووری زانی ئەم هەرێمە ئەم دیكۆمێنتەی هەبێت وگوتی: پێویستە ئەم دەستوورە لەدەرەوەی تەوافوقات ومساوەماتی سیاسی بدرێتە ڕیفڕاندۆم ئەگینا بۆچی دەیدەینە خەڵك بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات؟ من باوەڕیم بەوە هەیە كە پێویستە خەڵك رای خۆی لەسەر بدات جا دەنگی بۆ دا یان نا، هەموار كرا یان نا ئەوە پێویستە دوای ڕیفڕاندۆم بێت ودەبێ ئیرادەی میللەت بپارێزرێت وهەموو بابەتە چارەنووسسازەكان بەتایبەتی دەستوور بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و هەموو بیرمەندانی دانەرانی زانستی سیاسەت ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی بە پاراستنی ئیرادەی گەل و ڕێزگرتنە لێی بەتایبەت لەبارەی بابەتە چارەنوسسازەكان، لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل خۆی یەكلاكەرەوەی مەسەلەكەیە و ئەگەر گلەیی لە هەر یاسایەك بكرێت دەبێ دەستوورمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم دەستوورە ببێتە سەرچاوەی هەموو یاساكان.

هەواڵی پەیوەندیدار