كاندیدانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پشكی شێریان بەردەكەوێ

دیمانە- قائید میرۆ:
بەرپرسی لقی17ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا، كورد ژمارەیەكی باش كورد بەدەست دێنێ و راشیگەیاند، كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پشكی شێریان بەردەكەوێت، پێچەوانەی ناوچە و پارێزگاكانی دیكەی عێراق خەڵك بەرێژەیەكی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات و رەنگە رێژەی بەشداری بگاتە زیاتر لە 70%ی دەنگدەران.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 17ی شنگاری پارتی سەربەست بابیری بۆ خەبات لەبارەی ئامادەكاریەكانی كورد بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پاریزگای نەینەوا گوتی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەكاری تەواومانكردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و كاندینانی پارتی بەسەر بانەكاندا دابەشكراو ن بۆ هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كاندیدێك دەستنیشانكراوە، كێشەی سەرەكی ئێمە وەك كورد و پارتی لە سنوری نەینەوا، دواخستنی هەڵبژاردنەكان بوو، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوای دەركرد، بۆ ئێمە شتێكی ناخۆشبوو وەك كورد، چونكە هەموو ئامادەكاریەك لەو رووە وە كرابوو، ئێستاش زۆر دەقیق دیارنیە كەی هەڵبژاردن لە نەینەوا دەكرێت، هەندێك دەڵێن لە 20-6 دەكرێ لەو بەروارەش نەكرێت، لەوە ئێمە دڵگرانین، هیوادارین لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و جارێكی دیكە دوانەخرێت.
لەبارەی پێشبینیەكانی كورد بۆ دەستهێنانی كورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، سەربەست بابیری دەڵێ هەر پێشبینیەك لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكەین، رەنگە بكەوینە هەڵەوە و ئەنجامەكان بە پێچەوانەوە دەربچن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كورد دەنگی باش بەدەست دێنێ و ژمارەیەك كورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ خۆی مسۆگەر دەكات، لەو كورسیانەی كورد لە نەینەوا دەیباتەوە ئەوە گومانی تێدانیە، پشكی شێر بەر كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێ و زۆرترین كاندیدی دەرچووی لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان لە پشكی پارتی دەبن، ئەویش بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی پارتی دەگەڕێتەوە كە ساڵانی رابردوو پێشكەشی دانیشتوانی ناوچەكەی كردبوو، پارتی جەماوەرێكی بەرچاوی هەیە لە دەوروبەری موسڵ بەگشتی و لە رۆژئاوای دیجلە بە تایبەت، هەروەها پێشبینی ئەوەش دەكەم، خەڵكێكی زۆر بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا بكەن و هاوڵاتیان بە حەماسەوە دەچنە سەر سندۆقەكانی دەنگدان، بە باوەڕی من بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیكە عێراق، خەڵكی دەوروبەری نەینەوا بەرێژەیەكی بەرچاو بەشداری هەڵبژاردنەكاندا دەكەن و رەنگە رێژەی بەشداریكردن بگاتە سەرووی 70٪و زیاتریش.
ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەر رەوشی ئەمنی ناوچەكە كرد و گوتی بەردەوام گروپە چەكدارەكان و رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە هەوڵی تێكدانی رەوشی ناوچەكەدایە و پێش پرۆسەی هەڵبژاردنیش بێگومان هەموو هەوڵێك دەدەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت و خەڵك بترسێنن تا نەچنە بنكەكانی دەنگدان، ئێمە بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشی ئەمنی پەیوەندی باشمان لەگەڵ سەرجەم شارو شارۆچكەكانی دەروبەری ناوچە كوردیەكان هەیە، چ وەك قەزای بەعاج یان قەزای تەلەعفەر و دەڤەرەكانی دیكە، بەردەوام كۆبوونەوە لەبارەی رەوشی ئەمنیەوە لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی فیدڕاڵ سوپای عێراق، ئەوانیش هاوكارمانن و بەهاوكاری هەموولایەك توانیومانە تا رادەیەك رەوشی ئەمنی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەین، بۆ هەڵبژادنەكانیش پلانی توكمە دارێژڕاون و رێو شوێنی توندی ئەمنی لەبەر ددەگیرێت تا تیرۆریستان و چەكدارانی قاعیدە نەتوانن، هەم پرۆسەی هەڵبژاردن و هەمیش رەوشی ئارامی ناوچەكە بشێوێنن.




