٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەرۆكی بەشی یاسا لە زانكۆی دهۆك: پڕۆژەی دەستوور بەهای یاسایی خۆی هەیە و بەهاكەیشی لەوەدایە كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە

سەرچاوە: Hewler

بە گوتەی پەرلەمانتار و یاساناسانی دهۆك، واقیعی كوردستان ئێستا پێویستی بە سەركردەیەكی وەك سەرۆك بارزانی هەیە، چونكە زۆر كێشە و پرسی سیاسیی هەڵواسراو لە هەرێمدا ماون كە تەنها كەسێك بتوانێت چارەیان بكات، سەرۆك بارزانییە. یاساناسێكیش دەڵێت، بە پێی ماددەی سێی پڕۆژەی دەستوور، سەرۆك بارزانی دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بپاڵێوێتەوە.


یاساناس و مامۆستای زانكۆ عەبدولوەهاب خالید ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان و ناوچەكە دەزانن مێژووی كوردستان پێویستی بە سەركردەیەكی وەك سەرۆك بارزانی هەیە، مانەوەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەو قۆناغە پێویستییەكی حەتمییە، بۆ ئەوەی ئەو ئەزموون و دەستكەوتانەی گەلی كورد بەدەستی هێناون، لە دەستیان نەدات.
عەبدولوەهاب سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم بۆ پەرلەمان دەڵێت، ئەو دەستوورە لەلایەن یاساناسانەوە داڕێژراوە، دووبارە گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان دژی دەستوورە و بۆنی حزبایەتی و مەرامی سیاسیی لێ دێت.

لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەسەر دەستوور، ئەو یاساناسە گوتی: "ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر دەستوور، شتێكی ئەوپەڕی یاسایی و لەجێی خۆیدایە، چونكە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو پڕۆژە دەستوورە پەسەند كراوە و تەنیا یەك قۆناغ ماوە پڕۆژەی دەستوور ببێتە دەستووری هەرێم، ئەویش ئەوەیە بخرێتە ڕاپرسییەوە و خەڵك دەنگی لەسەر بدات."

سەرۆكی بەشی یاسا لە زانكۆی دهۆك دكتۆر قاسم حیكمەت دەڵێت، ئەو دەورەیەش سەرۆك بارزانی دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆكی هەرێم بپاڵێوێتەوە، ئەمەش بە پێی ماددەی سێی دەستوور كە بۆ دوو ویلایەت ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، ئێستا ویلایەتێك تەواو بووە و ویلایەتێك ماوە كە خەڵك دەنگی پێ بدەن و لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، كەس بۆی نییە بە ناوی خەڵكی هەرێمەوە قسە بكات، پڕۆژەكە ئێستا ئامادەیە بخرێتە ڕاپرسی كە بەهای یاسای خۆی هەیە و بەهاكەیشی لەوەدایە كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان زەكیا سەید، بۆچوونی وایە كە مافی سەرۆكی هەرێمە وەك هەر كاندیدێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت، چونكە لە قۆناغی یەكەمدا كە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بوو، قۆناغی گواستنەوە و دیاریكردنی سەرۆك بوو، بۆیە دوای 2009 لەوكاتەوەی كە لە ڕێگەی خەڵكەوە هەڵبژێردراوە، دەكاتە خولی یەكەم و هەڵبژاردنی داهاتووش بە خولی دووەم هەژمار دەكرێت.

گوتیشی كە دەستوور قۆناغی سرووشتیی تێپەڕ كردووە، بۆ نموونە هەر لە ڕێككەوتنی حزبە سیاسییەكانەوە بگرە كە 36 حزب بوون، هەروەها لیژنەی پێكهێنانی پەرلەمان لە ساڵی 2005 لەسەر ئەو بابەتە بە سكرتێری پەرلەمان و هەموو ئەندامانی لیژنەی یاسایی و بە خەڵكی پسپۆڕ كە دادوەر بوون لە دەرەوەی پەرلەمان و پسپۆڕانی بیانی و سوودوەر گرتن لە دەستووری وڵاتانی تری پێشكەوتوو، هەروەها وەرگرتنی 5 هەزار و 200 پێشنیازی هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران، ئەوە دەگەیەنێت كە دەستوور بە قۆناغی سرووشتیی خۆیدا تێپەڕیوە، جگە لەمانە لە كاتی دەنگدانیش بە دەنگی 96 ئەندام پەرلەمان كە ئێستا بەشێكیان ئۆپۆسیۆنن، بە بەڵێ پەسەند كراوە، بۆیە مافی خەڵكی هەرێم لە دەست سەرۆكی هەرێمدایە كە ڕۆژێك دەستنیشان بكات و دەنگ لەسەر ئەو دەستوورە بدرێت."

سەبارەت بە گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان زەكیا ئاماژەی دا: "گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان یاسایی نییە و مافی خەڵكە دەنگ لەسەر دەستوور بدات، ڕاستە ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری خەڵكی هەرێمن، بەڵام پێویستە خەڵك ڕاستەوخۆ داهاتووی خۆی دیاری بكات، چەند لایەنێك ئەو هەلەیان قۆزتۆتەوە و كردوویانە بە پرسێكی سیاسی نەك یاسایی، بەڵام لە ڕاستیدا مافی خەڵكە بڕیار بدات نەك پەرلەمان، تۆ ناتوانی ئەو مافە لە خەڵك وەربگریتەوە."

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی كوردستانی سەباح بەتوڵڵا دەڵێت، نە پارتی، نە یەكێتی، نە ئۆپسیۆن، تەنانەت پەرلەمان و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی بۆیان نییە پڕۆژەی دەستوور بگەڕێننەوە پەرلەمان، ئێستا بڕیاردان لای خەڵكە و چارەنووسیان لە دەست خۆیاندایە، چونكە پەرلەمان بە كاری خۆی هەستاوە و ئەوەی لە دەستی هاتووە كردوویەتی و بە 96 دەنگ بەرامبەر بە یەك دەنگ، دەنگیان بە پڕۆژەی دەستوور داوە، 36 حیزب بە ئۆپۆزیۆنەوە ئیمزایان لەسەر كردووە، بۆیە پڕۆژەی دەستوور موڵكی خەڵكی كوردستانە و ئەوان دەتوانن دەنگی لەسەر بدەن."

هەواڵی پەیوەندیدار