(سەدام حوسێن) چەكی كۆمەڵكوژی هەبوو
(جێفری دیزڵ) لە رۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"ی ئەمەریكیادا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بەرپرسانی ئیدارەی (جۆرج بۆش) بەوە تۆمەتبار دەكرێن
كە شەڕی عێراقیان هەڵگیرساند و پاش تەواوبوونی شەڕەكەیش هیچ جۆرە چەكێكی كۆمەڵكوژ لە عێراقدا نەدۆزرایەوە.
(دیزڵ) نووسیویەتی، دەبێت ئەو ڕاستیە بۆ هەموو لایەك ڕوون بكرێتەوە، كە (سەدام حوسێن) خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژ بوو.
نووسەر دەڵێت، لە ساڵی 2003دا سەربازانی سوپای ئەمەریكا چوونە ژێرزەوییەك، كە ژمارەیەكی زۆر كەل و پەلی تێدا بوو و لە سەر هەریەكەیشیان چەندین شت بە زمانی عەرەبی نووسرابوو كە پەیوەندی بە شێوازی دروستكردنی چەكی كیمیاییەوە هەبوو.
(دیزڵ) دەڵێت: لە مانگی ئایاری ساڵی 2004یشدا سەربازانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە ڕێی چەند جۆرە چەكێكەوە هێرشیان كرایە سەر و لە گوللەی ئەو چەكانەشدا گازی خەردەل هەبوو. ئەم هێرشانەش لە چەندین دامەزراوەی میدیایی جیهانیدا بڵاوكرانەوە، لەوانەش كەناڵی "ئێن بی سی" ئەمەریكی.
واشنتۆن تایمز نووسیویەتی، بە گوێرەی بنەماكانی ئاژانسی پاراستنی ژینگە و سەنتەری كۆنترۆڵی نەخۆشیەكان گازی خەردەل و ئەو گازانەی دیكە كە لە پاش پرۆسەی ڕزگاری عێراق دژ بە سەربازانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق بەكارهێنران دەچنە چوارچێوەی چەكی كۆمەڵكوژەوە.
"واشنتۆن تایمز" دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2006یشدا بەرپرسی سەنتەری هەواڵگری نەتەوەیی ئەمەریكا ژەنەراڵ (جۆن چو) ڕایگەیاند، ئەو چەكانەی لە پاش ساڵی 2003 لە عێراقدا دۆزرانەوە و بەكارهێنران دەچنە چوارچێوەی چەكی كۆمەڵكوژەوە.
ژەنەراڵ (جۆن چو) بە لیژنەی خزمەتگوزاریەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكای ڕاگەیاند "بە گوێرەی بنەماكانی ڕێككەوتننامەی ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی چەكی كیمیایی ئەو جۆرە چەكانەی لە عێراقدا بەكارهێنران بە چەكی كیمیایی و كۆمەڵكوژ دادەنرێن".
دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا لە ساڵی 2003دا ئیدارەی (جۆرج بۆش)ی لەوە ئاگادار كردەوە كە رژێمی (سەدام حوسێن) خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژە. هەربۆیەش (جۆرج بۆش) فەرمانی دا لە ڕێی كردەی سەربازییەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری پێشووی عێراق بێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوویشدا چەندین جار ئەو ڕەخنەیە لە بەرپرسانی ئەمەریكا گیراوە كە لە پاش پرۆسەی ڕزگاری عێراق هیچ جۆرە چەكێكی كۆمەڵكوژ نەدۆزرایەوە.




