٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

توركیا ئامادە نییە واز لە پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا بهێنێت

سەرچاوە: Hewler

سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە یاوەریی شاندێكی سیاسی و ئابووریی وڵاتەكەی گەیشتە ئەمەریكا و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆیش لەگەڵ سەرۆكی وڵات باراك ئۆباما كۆ ببێتەوە.

ئەردۆغان بە یاوەریی وەزیری دەرەوە، وەزیری ئابووری، وەزیری وزە و سامانە سرووشتیەكان، وەزیری ئاسایشی بەرگری و ژمارەیەكی زۆر خاوەن كار گەیشتە ئەمەریكا و ڕۆژنامە توركیەكانیش دەڵێن، هەبوونی ئەم كەسانە لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا ئەوە پێشان دەدات بابەتی كۆبوونەوەكان فرەلایەن دەبێت، لەوانەیش سیاسی و ئابووری و بازرگانی.

پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە
رۆژنامەی "حوریەت"ی توركیا بڵاوی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی نێوان ئۆباما و ئەردۆغان دەست پێدەكەن و بابەتێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكانیش پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەبێت.

ماڵپەڕی بەناوبانگی "وێڵد بوڵیتن"یش نووسیویەتی، بابەتێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكەی ئەردۆغان و ئۆباما تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر دەبێت، بە تایبەتی لە بواری نەوت و غاز و وزەوە.

ماڵپەڕەكە نووسیویەتی، سەردانی وەزیری وزەی توركیا تانەر یاڵدز بۆ ئەمەریكا لەگەڵ ئەردۆغان دا ئەوە پێشان دەدات، كە بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیا بە دوورودرێژی دەربارەی پەیوەندییە وزەییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە قسە دەكەن.

ئەمەریكا نایەوێت ئەم پەیوەندیانەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بەردەوام بن، چونكە كۆشكی سپی پێی وایە ئەم پەیوەندییانە دەبنە هۆی زیاتر لێك نزیككردنەوەی حكوومەتی عێراق لە بەرپرسانی ئێران.

بەڵام ئەم نیگەرانییەی واشنتۆن كاریگەریی لە سەر سیاسەتی ئەنقەرە دەربارەی هەرێم نیە. بەرپرسانی توركیا چەندین جار ڕایانگەیاندووە، ئەوان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین واز لەم پەیوەندییە بەهێزە بهێنن، كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەیانە.

تەنانەت 2 ڕۆژ پێش سەردانەكەیش، سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایگەیاند، كە ئەنقەرە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیای "ئیكسن مۆبیل" ڕێك كەوتووە لە سەر تەواوی ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

بەرپرسێكی باڵای توركیایش ڕایگەیاند، ئەگەر واشنتۆن پشتیوانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بكات، ئەوا شتێكی زۆر باشە و زیاتر پەلەیش لە جێبەجێكردنی پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیادا دەكرێت.

تاوتوێكردنی قەیرانەكانی ناوچەكە
رۆژنامەی "حوریەت" ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، كە ئۆباما و ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكانی نێوانیاندا چەندین تەوەری دیكەیش تاوتوێ دەكەن.

بە گوێرەی "حوریەت"، ئەردۆغان داوا لە ئۆباما دەكات سیاسەتێكی توندتر دژ بە حكوومەتی سووریا پەیڕەو بكات بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا قەیرانی سووریا كۆتایی پێ بێت.

میدیای توركیا نووسیویەتی، تەقینەوەكانی چەند ڕۆژێك پێش ئێستای شارۆچكەی "ڕەیحانلی" توركیا ئەردۆغانی زۆر نیگەران كردووە و سەرۆكوەزیرانی توركیا ترسی ئەوەی هەیە كاریگەریی شەڕی ناوخۆی سووریا بگاتە وڵاتەكەی. هەربۆیەیش دەیەوێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیامێكی توند ئاراستەی سووریا بكات.

رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریكایش بڵاوی كردەوە، ئۆباما و ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەی نێوانیاندا باس لە چەند تەوەرێكی دیكەیش دەكەن، لەوانەیش پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا، هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، پرسی ئەتۆمیی ئێران، قەیرانی عێراق و پەیوەندیی توركیا و یەكیەتیی ئەورووپا.

هەواڵی پەیوەندیدار