د.ڤیان سەبری بۆ خەبات:لە خەسڵەتە هەرە گرنگ و سەركەوتووەكانی هەر ڕابەر و سەركردەیەك ئەوەیە لە بابەتی هەستیاردا بۆ ڕای میللەتەكەی بگەڕێتەوە

پاش ئەو بابەتەی سەرۆك بارزانی لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاویكردەوەو تێیدا ئاماژەیەكی روونی بە كێشە ناوخۆیی و عێراقییەكان كرد، جگە لەمانەش سەرۆكی كوردستان ئاماژەیەكی روونی دا بەو هەوڵانەی كە هەندێك لایەن دەیدەن بۆ پەكخستنی پرۆسەی دیموكراسی كوردستاندا و بڕیاردانی هەڵە لەجیاتی میللەت، هەروەها تەوەرێكی دیكەی وتارەكەی بارزانی بریتی بوو لەو پڕوپاگەندانەی باسیان لە خۆكاندیدكردنەوەی بەڕێزیان دەكرد بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی هەرێم، بۆ ئەمەش بارزانی دەرگای بەڕووی ناحەزان و نەیارانی گەلەكەماندا داخست بەوەی هێشتا بڕیاری نەداوە خۆی بپاڵێوێتەوه. لە مەسەلەی خستنە دەنگدانی پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان كە پێشتر و لەساڵی2005 بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندكراوە، ئەمەیان تەنها بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت كە ئاخۆ ئەو پرۆژەیاسایە بخرێتە ریفراندۆمەوە یاخود جارێكی تر بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان. لەو بارەیەوە بەپێویستمان زانی بۆچوونی خاتوو د.ڤیان سەبری ئاكرەیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان وەربگرین.
گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل
سەرەتا پرسیمان خوێندنەوەتان بۆ وتارەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو تەوژمە سیاسییە ناتەندروستەی ماوەیەكە لە كوردستاندا لەلایەن هەندێك هێزی سیاسی كوردستانەوە ئاراستەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و خودی بارزانی دەكرێن، تا چەند لەجێگای خۆیەتی. كە دەیانەوێ پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە كوردستان بەرەو دواوە بگەڕێننەوە و جارێكی دیكە كوردستان رووبەرووی چەندین قەیرانی نەخوازراو ببێتەوە؟
لەو بارەیەوە د. ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەكردووە: ئەمە یەكەمجار و دواجاریش نابێت كە سەرۆك بارزانی بەڕاشكاوی لەگەڵ گەل و جەماوەری كوردستان بدوێت و ڕای خۆی پێیان بگەیەنێت. لە گشت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنووسی كوردستانەوە هەیە هەمان هەڵوێستی هەبووە، ئەمەش لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی سەركەوتنی هەر ڕابەر و سەركردەیەكە كە لە بابەتێكی هەستیاردا بۆ میللەتەكەی بگەڕێتەوە و چارەنووسی گەلەكەی لە گشت پلە و پایەیەك بەگرنگتر بزانێت. لەم وتارەدا بەوپەڕی راشكاوی، وتە و بیرو بۆچوونەكانی ڕاگەیاند، چونكە هەر وەك خۆی فەرمووی لە هەموو تەمەنیدا وەك پێشمەرگەیەك رەفتاری كردووە و ناوی پێشمەرگەش بە بەهاترین ناو دەبێت بۆ ئەو. گەلێك وەك گەلی كورد كە بە دەستی داگیركەران رووبەرووی ئەنفال و جینوساید و وێرانكاری بووەتەوە، ئەمڕۆ هەست بە سەقامگیری و پێشكەوتن و ئازادی دەكات. بێگومان ئەمەش لە سایەی سەركردایەتی حەكیمانەی سەركردایەتی كورد و بەتایبەت سەرۆك بارزانی بەدەستهاتووە. لەكەداركردن و هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و لێكترازان لەم بارودۆخە هەستیارەدا، بێگومان گشت سەروەری و دەستكەوتەكان دەكەونە ژێر مەترسییەوە و دەستبەرداربوون لە كەسایەتییەكی وەك سەرۆك بارزانی لەمڕۆی كوردستاندا، وەك ئەوە وایە چارەنووسی گەلی كورد بدەیتە دەست چەندین ئەگەری ناروون و پڕ لە مەترسی.
متمانەبوون بە گەل
لەپرسیارێكی دیكەماندان ئەوەمان پرسی: بەبۆچوونی ئێوە وتارەكەی بارزانی كە چەندین تەوەری وەك: دەستوور و ریفراندۆم و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان بۆ گەل وەك تاكە سەرچاوەی بڕیاردان لەسەر پرۆژەیاسای دەستووری هەرێم، تا چەند توانیویەتی ئەو ئامانجە سیاسیانە راست بكاتەوە كە خەریكە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە بارودۆخی سیاسی و شەقامی كوردی بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبەن؟
خاتوو د.ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەكرد: لەم وتارەدا وتەكانی سەرۆك تەنها گوزارشت لە دەستوور و ریفراندۆم و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان بۆ گەل ناكات، بەڵكو زۆر رەهەند و دووری گەورەتر لەخۆ دەگرێت. بە درێژایی مێژوو ئێمەی كورد زۆرجار لەبەر بیركردنەوەی تەسك و یەكتر قەبوڵنەكردن و خۆدزینەوە لە واقیع و زەرورەتەكان، كارەساتی گەورەمان بەسەردا هاتووە و باجەكەشی هەموومان پێكەوە داومانە. ئەوەی ئێستاش لە گورەپانی سیاسی كوردستاندا دەگوزەرێ نیشانەی دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە تاڵەن. كاتێك پرسێكی سیاسی یان یاسایی یان هەر پرسێكی تر لەڕێگەی ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی لایەنە جیاوازەكان چارەسەر نەكرێت و بە بنبەست بگات، پێویستە بخرێتە بەردەم هاوڵاتیان و بڕیاری كۆتایی لەدەستی گەلدا بێت و پرسەكە یەكلا بكاتەوە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی ڕاشكاوی و متمانەبوون بە گەل دەیەوێت لە پرسە چارەنووسسازەكاندا و لەو كاتەی كە نوێنەرەكانیان ناكۆكن لەسەر چارەسەركردنی، راستەوخۆ رای گەل وەربگیرێت و خۆیان ڕێگەچارەكان دیاری بكەن، ئەمەش لوتكەی دیمۆكراسییەت و ڕێزگرتنە لە ڕای گەل.
بارزانی و ئەركە قورسەكان
وتراوە ئەوەی بیەوێت متمانەی هاوڵاتییان بەدەست بێنێت، پێویستە متمانەی بە ئەوان هەبێت. ئەوەی لای هەمووان ئاشكرایە و مێژووش شایەدی بۆ دەدات ئەوەیە سەرۆك بارزانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەك پێشمەرگەیەك خەباتی كردووە و ئەركە قورسەكانی راپەڕاندووە. بارزانی خۆی داوایكرد سەرۆكی هەرێم راستەخۆ لەلایەن گەلەوە دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم پۆستە دوور بێت لە ململانێ و مامەڵە سیاسییەكان. لە سایەی سەرۆكایەتییە حەكیمانەكەی بارزانیدا پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان پێشوەچوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بە گەواهیدانی گشت ئەو وڵاتانەی بە پەرۆشەوە چاودێریی بارودۆخی عێراق و كوردستان و ناوچەكە دەكەن.
پێویستمان بە دەستوورە
بەڕێز بارزانی لە وتارەكەشیدا دووپاتی لەوە كردەوە كە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمدا بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، هەر خۆیشی یەكەم كەس بوو دوای سەرهەڵدانە پیرۆزەكەی ئاداری1991 داوای كرد هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و حوكمی گەل بەدەستی گەلەوە بێت. ئەوانەی باس لە دیموكراسی دەكەن، پێویستە گوتار و رەفتاریان یەك بێت و دیموكراسیش شتێك نییە ئەوەی بە دڵیان بێت بیكەن و ئەوی بەدڵیان نەبێت و لەگەڵ بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان نەگونجێت دژی بن. دەستوور بۆ هەر وڵاتێك و هەرێمێك بنەمایەك و پێویستییەكی هەرە گرنگە بۆ سەقامگیری سیاسی و یاسایی و پیشكەوتن و دیموكراسی. ئێمەش لە كوردستان پێویستە دەستوورێكی پەسەندكراو لەلایەن پەرلەمان و خەڵكی كوردستانەوە هەبێت و لە گشت وڵاتە دیموكراسییەكانیشدا پرۆسەی پەسەندكردنی دەستوور هەر بەم شێوەیە بووە. بڕیاری كۆتایی بەدەستی گەلە و ئەوەی داوای دیمۆكراسییەت بكات و متمانەی بە گەلەكەی هەبێت، پێویستە ڕێگە لەو ڕێگەچارە دیموكراسییە نەگرێت كە گەل سەرپشك بكات بۆ پەسەندكردن یان نەكردنی دەستووری هەرێمەكەیان.
هوشیاریی هاووڵاتیان
بێگومان گەلەكەمان لەوپەری هوشیاری سیاسی و یاساییدان و دەتوانن شرۆڤەی هەر پرسێكی سیاسی و یاسایی بكەن كە رووبەروویان دەبێتەوە. بەڵام كە لایەنێك بە بڕیاری گەل رازی نەبێت و بییەوێت دەستوورێك داڕێژرێت ڕەنگدانەوەی خواست و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بێت، دەبێت ئەم خواستە تا چەند دیمۆكراسی بێت و لە بەرژەوەندی گەلدا بێت.
دیموكراسی ناگەڕێتە دواوە
سەبارەت بە خۆكاندیدكرنەوەی یاخود نەكردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڕای ئێوە ئەگەر پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی كوردستان خرایە ڕاپرسییەوە و زۆرینەی بەڵێی بەدەستهێنا و پاشان پەسەندكرا، هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێم بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەگرنگ دەزانی لەم قۆناغەی ئێستادا؟ ئایا لە ئێستادا بەدیلێك هەیە بۆ جێگرتنەوەی بارزانی؟
لەو بارەیەوە خاتوو ڤیان سەبری ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەكرد: هەرێمێك كە لە قۆناغی گواستنەوەی هەستیاردا بێت بەرەو ئاسۆیەكی گەش و نزیك هەنگاو بنێت، پێویستی بە یەكریزی و یەكدەستی و بیركردنەوە و بڕیاری تەندروست دەبێت، دوور بێت لە هەر مامەڵە و زیادەكارییەكی سیاسی. لەبەر ئەو پێگە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەی سەرۆك بارزانی هەیەتی، ئەمرۆ كوردستان زیاتر لە گشت كاتێكی تر پێویستی بە مانەوەی جەنابیان هەیە. ئەمەش راستییەكە و هەمووان لێی تێدەگەن چ ئەوانەی لەگەڵ مانەوەی بارزانیدان یان ئەوانەی دژی مانەوەی جەنابیانن، بەڵام تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتێكی حزبی یان تاكەكەسی یاخود تەنها بۆ دژایەتیكردنی كەسایەتییەك یان حزبێكی دیاریكراو بەبێ بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، ئامادەن پرۆسەی دیموكراسی و پێشكەوتن و ئازادی بەرەو دواوە بگەڕێننەوە و كوردستان دووچاری قەیرانێكی نەخوازراو بكەنەوە كە كەسمان هیوای بۆ ناخوازین.
لە هەموو بوارەكانی ژیاندا پێویستییەكان حوكمی تایبەتی خۆیان هەیە، تەنانەت ئەگەر دژ بە یاساش بن. تەنانەت یاسا و رێسا ئاسمانییەكانیش دەچنە ژێرباری زەرورەتەكانەوە و ڕێگرییان لێناكرێت.
بارزانی و پارچەكانی دیكەی كوردستان
سەرۆك بارزانی نەك تەنها بۆ كوردانی باشووری كوردستان پێویستە و لەو قۆناغەدا ناتوانن دەستبەرداری ببن، بەڵكو هەموومان ڕۆڵی جەنابیان دەبینین لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. بەردەوام هەوڵی لێكنزیكردنەوە و یەكگرتنی پارتە كوردییەكانی رۆژئاوای داوە و تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتووش بووە. ئەگەر لێزانی و پەرۆشی جەنابیان نەبوایە، ڕەنگە زۆر بارودۆخی نەخوازراو لە رۆژئاوای كوردستان روویاندابا. لەناو پرۆسەی ئاشتی دەوڵەتی توركیا و كوردانی باكووریش، هەمووان شایەدی ئەوە دەدەن كە دەمێكە هەوڵی بۆ دەدات و چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە پێویستە لە باكووری كوردستاندا لە ڕیگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە چارەسەری پرسی كورد بكرێت. ڕەنگە زۆرجاریش رەخنەی ئەوەی لێگیرابێت كە لەسەر حیسابی كوردانی باكوور، نەرمی بەرامبەر بە دەوڵەتی توركیا دەنوێنێت. بەڵام دواجار هەر ئەمە روویدا كە جەنابیان هەوڵی بۆ دەدا، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندی كورددایە.
دوور لە هەموو سۆزێكی حزبی یان تاكەكەسی و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو دەستكەوتانەی سەرۆك بارزانی بۆ كوردی بەدەستهێناوە لەرووی دیبلۆماسی و ئابووری و ئاسایش، بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر دەسەڵاتی مەركەزی و وڵاتانی هەرێمی و جیهانی، ئەو كاریزما سەركەوتووەی كە گشت وڵاتانی جیهان پێی سەرسامن و گەواهیدەری سەركەوتنەكانی جەنابیانن، روانین بۆ داهاتووی هەرێم و زەرورەتی هەبوونی ئەو كەسایەتییە، بە دڵنیاییەوە دەڵێم بۆ ئەو قۆناغە هەستیارەی كوردستان سەرۆك بارزانی لە هەناسە پێویستترە.




