٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ڕۆژنامەی ئەمەریكەن: "كاتی سەربەخۆیی كوردستانە"

سەرچاوە: Hewler

لە بابەتێكدا كە لە ڕۆژنامەی "ئەمەریكن" بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان لە هەموو كاتێك نزیكتر بووەتەوە. لەم بابەتەدا كە بە قەڵەمی جای هۆلن نووسراوە، نووسەر بە پێویستی دەزانێت كە ئەمەریكا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات تا پشتیوانێكی ڕاستەقینە لە ناوچەكەدا بۆ خۆی پەیدا بكات.

لەو بابەتەدا كورد وەك گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە قەڵەم دراوە و نووسەر بە بەستنەوەی ڕووداوەكانی عێراق و سووریا و توركیا بەیەكەوە، ئێستا بە باشترین دەرفەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان دەزانێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە كە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا و هەنگاونانی عێراق بەرەو داهاتوویەكی نادیار، دەرفەتێكی ستراتیژی و چارەنووسسازی بۆ كورد ڕەخساندووە كە بیرۆكەی سەربەخۆیی لەلا بەهێزتر كردوون. بۆ نموونە توركیا ڕازییە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا مافی تەواو بۆ كورد دابین بكات؛ بۆیە ئەمەریكا كارێكی ژیرانە دەكات ئەگەر پاڵپشتیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكات.

عێراق بە یارمەتیی ئێران بەرەو داهاتوویەكی نادیار هەنگاو دەنێت، بۆیە بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، یەكێك لە گەورەترین پاڵپشتەكانی ئەمەریكا لە دایك دەبێت، كورد تەنیا نابێتە پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا، بەڵكوو دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی گەلانی هەردوولا و ئەمەیش كارێكی گرنگە. هەڵبەت دۆستایەتیی كورد و ئەمەریكا و باوەڕكردن بە كورد پێشینەیەكی باشی هەیە.

عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەكی باش كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی بكات و لێنەگەڕێت ئێران چەك بۆ سووریا بنێرێت، بۆیە ئەمەریكا دەبێت پرسیارێك لە خۆی بكات، عێراق چ جۆرە هاوپەیمانێكی ئەمەریكایە؟ ئەگەریش ڕووداوەكان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەمەریكا دەبێت بەدوای هاوپەیمانێكی تر لە ناوچەكەدا بگەڕێت. بێگومان یەكپارچەیی عێراقیش وەك ئەمەریكا باسی لێوە دەكات شتێكی ئەوەندە پیرۆز نییە، هەر بۆیە سەربەخۆیی كوردستان تەنیا پێویستییەكی ستراتیژی نییە، بەڵكوو مافێكی ئەخلاقییە و دەبێت بەجێ بهێنرێت. كوردەكان نەهامەتی و چەوسانەوەی زۆریان بە دەستی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغداوە دیوە. هەر لە قەدەغەكردنی فەرهەنگ و كولتوورەوە تا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە ساڵانی هەشتاكاندا.

لە ساڵی 1991ـدا كە ئەمەریكا بڕیاری دژەفڕینی بۆ سەر ناوچە كوردییەكان بەسەر ڕژێمی سەددامدا سەپاند، كوردەكان ئەنجوومەنێكی نیشتمانییان پێك هێنا و سیستەمێكی دیموكراسییان بۆ خۆیان دانا. هەڵبەت ئەو سیستەمە بە هۆی گەندەڵییەوە كەمێك لاواز بووە. لەو كاتەوە كورد وەك یەكێك لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا مایەوە و بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەددام یارمەتیی ئەمەریكای دا.

ئێستا كورد خاوەنی هەرێم و حكوومەتێكی سەربەخۆن. هێزی سەربازی و سەركردایەتیی سوپایان هەیە و خاوەنی چەندین دەزگای مۆدێرنن. كوردستان سەرنجی هەزاران وەبەرهێنەری بیانی بۆ خۆی ڕاكێشاوە و تاكە شوێنە لە عێراق كە ڕۆژئاواییەكان تێیدا هەست بە سەلامەتی دەكەن.

خاڵە گرنگەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان
هەندێك پێیان وایە كە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ عێراق، بەڵام لە ڕاستیدا عێراق خۆی ئێستا ناسەقامگیرە؛ هۆیەكەشی قاعیدە و عەرەبی سووننە و شیعە توندڕەوەكانن كە ناكۆكیی ئەوان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی تایفی. هەندێكی تر پێیان وایە كە شاری خاوەن نەوتی كەركووك، ڕەگی ئەو بابەتەیە كە جیاكردنەوەی هەولێر لە بەغدا ئاڵۆزتر دەكات. هەرچەند هەردوولا دەتوانن زۆر بە ئاشتیانە ئەو بابەتە چارە بكەن.

بەپی دەستووری عێراقی و ماددەی 140 دەبووایە ساڵی 2007 ریفراندۆم لە كەركووك بكرێت، دواتر ئەو ڕیفراندۆمە بۆ ساڵی 2009 دوا خرا، دواتریش بۆ كاتێكی نادیار دوا خرایەوە. لە ریفراندۆمی ئەو شارەدا دەبێت ئەوانەی كە بە زۆر لەلایەن ڕژێمەوە هێنراون بۆ ئەم شارە بگەڕێنرێنەوە. پاشان سەرژمێریی بكرێت. ترس لە ئەنجامی سەرژمێرییەكان وای لە هەردوو لا كردووە كە ریفراندۆمەكە دوا بخەن، بەڵام ریفراندۆمێكی تەواو بۆ ئەو شارە مەرجێكی سەرەكیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە و دەبێت سەركردە كوردییەكان پێداگریی لەسەر ئەم بابەتە بكەنەوە، چونكە ئەمە هۆیەكی سەرەكیی لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردییە. سەنتەری جۆرج تاون لە ساڵانی ڕابردوودا ویستی ڕیفراندۆمی شاری كەركووك بكات، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵ و چاودێری نێودەوڵەتی هەیە.

یەكگرتنی كوردەكان
بابەتی كوردانی سووریا و پێوەندییان بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردییەوە، كەمتر سەرنجڕاكێشە. شەڕی ناوخۆی سووریا دەرفەتێكی پێ بەخشیون كە بتوانن لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا، هەرێمێكی سەربەخۆ و سەقامگیر دوور لە دەستی ڕژێم و سوپای ئازاد دروست بكەن. ئەوان دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و بێنە پاڵ هەرێمی كوردستان. بەم كارەش ئەو رق و كینەیەی كە لە سووریای دوای ئەسەد دروست دەبێـت بە تەواوی نامێنێت. حكوومەتی هەرێم، حكوومەتێكی ڕۆژئاواییە و پێوەندیی ئابووری لەگەڵ توركیادا هەیە. ڕەنگە مەرجی سەرەكیی كوردانی سووریا لە نێو دەوڵەتی كوردیدا ئەوە بێت كە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیدا ڕۆڵێكی كاریگەریان پێ بدرێت

پێشتر توركیا بە هەموو شێوەیەك دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بوو. ئەمەیش بۆ هەبوونی كێشە ور لاوازیی پێوەندییەكانی لەگەڵ كوردی ئەو وڵاتە بوو كە 20%ـی دانیشتووانی توركیا پێك دەهێنن. توركیا ترسی لەوە هەبوو كە كوردەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ كوردی عێراق و ئێران و سووریا یەك بگرن. بەم هۆیەشەوە سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوا بابەتی سەربەخۆیی كوردی بە بابەتێكی قەدەغەكراو دادەنا و نەیدەویست هاوپەیمانێكی خۆی (توركیا) لە دەست بدات، بەڵام ئێستا پێدەچێت توركیا ڕازی بێت بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لە عێراق یانیش دروستبوونی هەرێمێكی كوردی لە سووریادا.

لە سەرەتادا توركیا پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم ئاسایی كردەوە. دواتر پێوەندیی ئابووری و وزەیی لەگەڵ هەرێم توندوتۆڵ كرد. ئێستایش خەریكی بنیاتنانی بۆڕییەكی نەوتین. باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا فرانس ریكاردۆن دەڵیت "سەربەخۆیی ئابووری بۆ كوردەكان بە تەواوی لە عێراقیان جیا دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا و ئەنكەرا پێوەندییەكان ئاسایی نەكەنەوە، پێوەندییەكانی كورد و توركیا بەردەوام دەبێت و كاتی سەربەخۆیی كوردیش نزیك دەبێتەوە." هەروەك توركیا ئێستا گەیشتووەتە ڕێككەوتن لەگەڵ پەكەكە. كوردی ئەو وڵاتەش چەندین داواكارییان هەیە. لەوانەش قبووڵكردنی كورد لە توركیادا و بەیەكەوەژیان لە توركیایەكی یەكگرتوودا یاخود هەبوونی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ كورد. دەرەنجامی پڕۆسەی ئاشتی كاریگەریی تەواوی دەبێت لەسەر پرسی كورد لە جیهاندا، چونكە دەبێتە هۆی یەكگرتنی كوردی سووریا و توركیا ئینجا هەردووكیان دەچنە پاڵ چەقی كوردەكان كە هەرێمی كوردستانە.

كورد و زوڵمی مێژوو
كورد و فەلەستینییەكان بە گەورەترین زەرەرمەندی سیاسەتەكانی بەریتانیا و فەڕەنسا دادەنرێن. نەبوونی دەوڵەتێكی كوردیش تا ئێستا، بڕیارێكی دیكتاتۆرانە بوو. هەروەك لە كتێبێكی دەیڤید فرۆمكیندا بەناوی "ئاشتییەك بۆ كۆتاییهێنان بە گشت ئاشتییەكان"ـدا هاتووە كە سەربەخۆیی بۆ كورد كە لە ئەجێندای 1921 بوونی هەبوو، لە ئەجێندای 1922 بوونی نەما، بڕیارێكی نادروست بوو كە كاریگەرییەكەی تا ئێستاش ماوە.

كورد لە ناوچەیەكی نزیك، ڕۆژهەڵاتی هەزار ساڵە دەژین كە لە جیهاندا بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت دادەنرێن. لە ڕاستیدا نەبوونی دەوڵەتێك بۆ كورد لەسەد ساڵی ڕابردوودا ڕووداوێكی گەورەی مێژووی هاوچەرخە. سەربەخۆیی كوردیش ئێستا ئەو ڕووداوە هەڵەیەی مێژوو ڕاست دەكاتەوە. بارودۆخەكەیش بۆ ئەمە گونجاوە و پێویستە ئەمەریكا سەركردایەتیی ئەم كارە بكات. جێبەجێكردنی ئەم كارەیش تەنیا سوودی ستراتیژی نابێت، بەڵكوو كارێكی دروستە و دەبێت بكرێت.

پڕۆفایل:
نووسەر جای هۆڵن ئەندامی پەیمانگەی سی ئیف ئەی بۆ بواری دارایی و بازرگانییە و ڕاوێژكارێكی داراییە. ئەو لەسەر چەندین پرسی دیكەی جیهان وتار و ڕاپۆرت بڵاو دەكاتەوە. ئەو پێشتر بابەتێكی لەسەر كوردی سووریا و بابەتێكیشی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بڵاو كردووەتەوە

هەواڵی پەیوەندیدار