٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

(فه‌لاح مسته‌فا): (نێچیرڤان بارزانی) به‌ ڕاشكاوانه‌ به‌ (مالیكی) ڕاگه‌یاند،كردارمان ده‌وێت نه‌ك قسه‌

سەرچاوە: Hewler

دیداری: شێرزاد عەبدولڕەحمان

دوابەدوای گەڕانەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، ئێستا بەغدا و هەولێر بەردەوامن لە هەوڵ و تەقەللای خۆیان و بەرنامەیان خستووەتە گەڕ بۆ دەستپێكردن بە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا واژۆ كراوە و ئەندامێكی بەرچاوی شاندی هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، كە كەشوهەوای ئەو دیدارانەی لە بەغدا ساز كرا زۆر بوێر و ڕاشكاوانە بوو.

چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی بگاتە هەولێر و لە نزیكەوە چاوی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەوێت و هاوكات كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پایتەختی هەرێمی كوردستان ساز بكات، ئەو پێشووەچوونە گرنگانەش كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر رەوینەوەی دوودڵیی شەقامی عێراقیدا هەیە و دەبێتە مایەی كردنەوەی چەند گرێكوێرەیەك كە وەك قەیرانێكی بەرچاو لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتە ئاراوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندەكەی بەغدا فەلاح مستەفا، لە دیمانەیەكی تایبەت بە "هەولێر"ـدا ئەوەی ڕوون كردەوە، كە گرنگ لەو ڕێككەوتننامانە ئەوەیە كە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا ئەنجام دراون و لایەنی كوردییش بەوپەڕی مەسئولییەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییانەدا دەكات، بڕوای تەواویشی بە دیالۆگ هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی باشتر لە پێناو كاری هاوبەش و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی راستەقینە بۆ تەنگژەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەرژەوەندیی هاوبەش
• ئایا بە ڕای بەڕێزتان، تا چەند ئەو رێككەوتننامەیەی لە نێوان بەغدا و هەولێردا واژۆ كراوە، دەتوانرێت ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی لەم قۆناغەدا كە چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی بەرچاو دەكرێ؟

- لە سەرەتا دەبێ بە دوای ئەو پرسیارە جیدییەدا بگەڕێین، كە ئایا دەمانەوێ بە دوای چارەسەری راستەقینەی ئەو تەنگژانەدا بگەڕێین؟ هاوكات چ شێوازێك بگرینە بەر بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژەیەدا.

دیارە ئێمە وەك كورد، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووین كە هەموو تەنگژەكان بە ڕێگەی دیالۆگی برایانە چارەسەر بكرێن، هەر بەو مەبەستەش چووینە بەغدا و ئەجێندای ئێمە تەنیا ئەوە بووە كە بە دوای چارەسەردا بگەڕێین و نەهێڵین دەستوور بخرێتە لاوە، چونكە كورد هەمیشە لایەنێكی گرنگ بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، كە ناكرێت لە عێراقی نوێدا فەرامۆش بكرێت، بۆیە كە چووینە بەغدا بەرژوەندیی هاوبەشمان لە بەرچاو گرت، چونكە كورد خۆی بە پەراوێز نازانێت لە بەرامبەر ئەمڕۆ و داهاتووی عێراقدا، هاوكات مافی خۆیەتی كە داكۆكیی لە بەرژوەندییە باڵاكانی خۆی بكات، هەر بەو نیازەش چووینە بەغدا بۆ ئەوەی جارێكی تر نیازپاكیی خۆمان بنوێنین كە ئێمە بڕوامان بە پڕەنسیبی هاوبەش هەیە كە لەسەر بنەمای شەراكەتی نیشتمانی دانراوە.

دیداری ڕاشكاو
• ئایا ئەو دیدارانەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای چەند ساڵێك لە تەنگژەكە لە چ كەشوهەوایەكدا ئەنجام دران؟

- ئێمە لە سەرەتاوە ئەلتەرناتیڤێك نادۆزینەوە بۆ كۆتاییهاتنی تەنگژەكان تەنیا لە ڕێگای دیالۆگ و زمانی راشكاو نەبێت. بۆیە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بوێر و راشكاوانە هەڵوێستی خۆی ڕوون كردەوە، بە بێ پەردە تیشكی خستە سەر خاڵە گرنگەكانی تەنگژەكە، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی دەستوور كە مافی یاسایی بۆ كورد دەستەبەر كردووە، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر جەختكردنەوە لەسەر پڕەنسیبی هاوسەنگی و وازهێنان لەو سیاسەتەی كە پێشتر ئەنجام دراوە و گەیشتن بەو قەناعەتەی كە كەس ناتوانێت عێراق بە تەنیا بەڕێوە ببات، بەڵكو هەموو پێكهاتەكان بەشدارن لە دروستبوونی عێراقی نوێ و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەنەكان قوربانیی گەورەیان داوە و نابێ كەس لەسەر حیسابی ئەوی تر پەراوێز بخرێت، كە دووركەوتنەوەیە لە دەستوور و بنەماكانی دەستوور.

بنەمایەك بۆ كاری نیشتمانی
• ئایا ئەو دیدارانە تا چەند دەبنە بنەمایەكی تازە بۆ كاری نیشتمانی، هاوكات ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ بەرامبەر ئایندەی عێراق كە بە تەنگژەیەكی گەورەدا تێپەڕ دەبێت؟

- وەك نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە جارێك ئاماژەی بۆ كرد، كە ئێمە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێكی دیكە نەچووینەتە بەغدا و دانوستانمان نەكردووە، بەڵكو لە ئەنجامی بڕوای تەواومان بە لەبارنەچوونی پڕۆسەی سیاسییە لە عێراقدا، كە كورد بەشێكی گرنگە تێیدا، بەرامبەر بەوەش دیارە پێویستیمان بەوە هەیە بزانین چۆن لایەنی بەرامبەر تێگەیشتنی نوێی هەیە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراق و كاركردنی هاوبەش، ئەمەیش ئەركێكی نیشتمانی گەورە دەخاتە بەردەم هەموومان كە بە نەفەسێكی نوێ كار بكەین، بە تایبەتی بەغدا كە دەبێ كار بكات بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگژەكانی رابردوو، یان سڕینەوەی بێمتمانەیی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا.

پڕاكتیكی كار
• ئایا لە ڕووی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنامەی بەغدا هەولێر چ هەنگاوێكی كردەیی هەیە و چ كاتێك دیاری كراوە بۆ بەئەنجامگەیاندنی بڕگەكانی ڕێككەوتننامەكە؟

- دوای ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سەرۆكوەزیران و هەموو لایەنەكان، بڕیار دراوە بە دامەزراندنی چەند لیژنەیەكی تایبەت كە ئەركی راستەقینەی ئەو لیژنانە بریتییە لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە، بەڵام دیارە ئەمە بە ماوەیەكی زۆر كورت ناگاتە ئەنجام، بەڵكو پێویستی بە كات هەیە، هاوكات ڕەنگە شتی دیكە بێتە پێشەوە كە پێویستی بە چارەسەركردنی بنەڕەتی هەیە، گرنگ ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین بنەمایەك هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنامەیە، چونكە زیاتر لە جارێك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جەختی كردووەتەوە كە لەمەولا دەبێ سەردەمی كار بێت نەك قسە.

مالیكی سەر لە كوردستان دەدات
• ئایا چەندە راستە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق لەم ماوەیەدا دەگاتە كوردستان و كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لە پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات، ئایا ئەو هاتنە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر كاراكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتننامەكە؟

- دیارە هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵدانەدا بۆ كۆتاییهێنان بە تەنگژەكان بڕیار درا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بگاتە هەولێر و كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەكان ئەنجام بدات، هاوكات لە نزیكەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی بدوێت، ئەمەیش دەبێتە مایەی زیاتر لەیەكترگەیشتن و بڕیاردانی هاوبەش بۆ كاری ئایندە، چونكە دەبێ هەموو لایەك بەو ڕۆحییەتە كار بكات كە دەریبخەین، كە دەمانەوێت بەپێی دەستوور بنەمایەكی نوێ بۆ عێراق بنیاد بنێین، بە تایبەتی لەم هەلومەرجەدا كە تەواوی ناوچەكە لە گۆڕانكاریی بەردەوامدایە.

* كاتی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشە دیاری كراوە؟

- بڕیار وایە كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت كە نزیكە، بەڵام ڕۆژێكی دیاریكراو دەستنیشان نەكراوە بۆ ئەو مەبەستە.


دیسان هەولێر
* ئایا ئەوە مانای ئەوە نییە كە دیسان پایتەخت دەبێتەوە ئەدرەسی كۆتاییهاتنی تەنگژەكان و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ؟

- هەموو لایەك دەزانن كە كاتی خۆی عێراق بە چ قەیرانێكدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام كاتێك هەولێر پێشوازی لە لایەنەكانی عێراق كرد، چۆن ئەو دیدارانە بوونە بنەما بۆ دروستبوونی حكوومەتی عێراق، ئەمەیش متمانەیەكی دیكەی بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی بەخشی كە هەموو لایەكی لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆ كردەوە، بۆیە بە یەقینەوە دەڵێین: ئەم جارەش دەبێتەوە سەنتەری لێكترگەیشتن و كاری هاوبەش بۆ ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

ڕێككەوتن و ڕەنگدانەوەی ژیانی ئابووری
* بمانەوێ و نەمانەوێ، ئەو تەنگژانەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەبوون، تەنیا كاردانەوەیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی دروست نەكرد، بەڵكو بە تێكڕا لەسەر ژیانی ئابووری و وەبەرهێنان و هەموو فاكتەرەكانی دیكە كاریگەریی هەبوو، ئایا ئەو ڕێككەوتننامەیە لەمەولا چ كاریگەرییەكی لەو لایەنە گرنگانەدا دەبێ، كە پەیوەستن بە ژیانی خەڵكەوە؟

- بە دڵنیاییەوە ژیانی سەقامگیری و ئابووری و وەربەرهێنان پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی سیاسییەوە هەیە، بۆ نموونە ئەو هەموو پێشكەوتنانەی لە كوردستاندا هاتنە دی لە ڕووی گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان هەموو فاكتەرەكانی دیكە، پەیوەستن بە سەقامگیری، یان ئەو هەموو وڵاتانەی كە ڕوو لە كوردستان دەكەن و كۆنسووڵگەریی خۆیان دەكەنەوە دیارە متمانەی راستەقینەیان بە باری سەقامگیریی كوردستان هەیە، بۆیە خەڵك بە بایەخێكی زۆرەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە ئەو تەنگژانە بنبڕ بكرێن و ڕەنگدانەوەیەكی راستەوخۆشی لەسەر بژێویی خەڵك هەیە.

پرسی راستەقینە
• ئایا تا چەند ئەوە راست بوو كە دەیانگوت، پرسی كورد سەرتاپا پەیوەستە بە لایەنی ماددییەوە، ئێوە چۆن ئەو دەنگۆیە ڕەت دەكەنەوە؟

- بە دڵنیاییەوە كێشەكان لەو چوارچێوەیە گەورەترن، چونكە ئێمە دەمانەوێ راستییەكان وەك خۆیان ببینرێت، دەبێ واقعبین بین، چونكە كێشەی ئێمە بوونی پڕەنسیبی شەراكەتە لەم عێراقەدا، دەبێت ئێمە بەشێكی زیندوو بین لە عێراقی نوێدا، كە پێویستی بە سەرلەنوێ فۆرمۆلەكردن هەیە، كە گەورەترە لە كێشەی ماددی.

هیچ شتێك مەحاڵ نییە
• ئایا لە كۆتایی ئەو دیدارانەدا تا چەند بڕواتان بەوە هێناوە كە ئیدی ناگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر، ڕوونتر بڵێم، شتێك هەیە لە توانای ئێوە بەدەر بێت؟

- ڕێككەوتنامەكە لە 7 خاڵ پێك هاتووە كە لە دەستگەكانی راگەیاندن بڵاو كرایەوە، بۆ هەر یەكێك لەو خاڵانەش لیژنەی تایبەتی دانراوە، لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە كە تەرەفی بەرامبەر لە بەردەم سەنگی مەحەكدایە، ئێمە بە دیدی خۆمان هیچ شتێك نییە ناوی مەحاڵ بێت.

كە هەمیشە جەخت لەوە دەكەینە ئێمە لە دەستوور بەولاوە هیچی ترمان ناوێت، پێشمان وایە سیستمی فیدراڵییەت بۆ ئایندەی عێراق باشترین ڕێگەچارەیە بۆ كاركردنی گرنگ، گەلێك كاری جیددی و ئەركی قورسیشمان لە بەردەمدایە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو پڕەنسیبەدا كە بڕوامان بە شەراكەت و هاوسەنگی هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار