٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

هەماهەنگییەكی ڕاستەقینە لە نێوان كورد و شیعە و سوننەدا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ئەلعێراقییە حەمزە ئەلكرتانی ڕایگەیاند: كۆبوونەوەكەی 2 ڕۆژ پێش ئێستای لایەنە سیاسییەكان لە هەولێر ئەوەی پێشاندا، كە پێشكەوتنێكی زۆر باش لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەدەست هاتووە.
ناوبراو گوتی: ئەو لایەنە سیاسیانەی كە لە هەولێر كۆبوونەوە، لە پێكهاتەی تائیفی و ئیتنی جیاواز پێك هاتبوون و لە ڕێی هاوپەیمانیەتییەكی نوێوە سوودیان لە مافە دەستوورییەكان وەرگرت و ئەمەیش دیاردەیەكی شارستانییە و سەرەتای گەشەی دیموكراسییە لە عێراقدا.
ئەلكرتانی مەبەستی لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی 10ی ئەم مانگە بوو، كە تیایدا بەرپرسانی لیستی ئەلعێراقییە، هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی “ئەحرار”ی سەر بە ڕەوتی سەدر لە هەولێر كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی عێراق و پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی.
لە لایەكی دیكەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی “ئەحرار”ی سەر بە ڕەوتی سەدر جەواد حەسناوی ڕایگەیاند: هەماهەنگییەكی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنی كوردی و سوننە و لیستێكی گرنگی ناو شیعەكاندا هەیە، بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی و ئەمەیش بەڵگەی خەمخۆری و نیشتمانپەروەریی ئەم لایەن و پێكهاتانەیە.
ناوبراو دووپاتی كردەوە: لیستی ئەلعێراقییە و هاوپەیمانی كوردستانی و ئەحرار پەنا بۆ تەواوی ڕێگا دەستوورییەكان دەبەن بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مالیكی و كاركردن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە وڵاتدا.
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی كرد یەكگرتوو بن و هیچ گومانێكیان دەربارەی هێز و توانای لیستەكەیان بۆ دروست نەبێ.
سەدرڕەتی كردەوە هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نێوا ن بەرپرسانی ئەو لیستەدا دەربارەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی هەبێت و گوتیشی بەرپرسانی چەند لایەنێك لە ڕێی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی ناڕاستەوە دەیانەوێت گومان لای ئەندامان و لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دروست بكەن و ئامانجیشیان لەم كارە بێهێزكردنی لیستەكە و كەمكردنەوەی جەماوەرەكەیەتی.
ئامادە کردنی: شەونم محەممەد ئەمین


 

هەواڵی پەیوەندیدار