٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەردۆغان، ئاشتی و دیموكراسی

سەرچاوە: KDP.info

حەسەن جەمال

راستییەكانی ژیان توركیا بەرەو ئاشتی و دیموكراسی رادەكێشن. لە توركیایەكدا كە نەتوانرێت پرسی كورد بە رێبازی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، نە ئاشتی دەبێـت، نە دیموكراسی و نە بەختەوەری و تەبایی. تا ئەو كاتەی كە چەكەكان بێدەنگ نەكرن، نە مەسەلەی بێكاری چارەسەر دەكرێت، نە دەتوانین لە سەیبەری دەوڵەتێكی یاساییدا بەرەو پێشەوە بچین نە دەتوانین بۆ جیهانی موسڵمانان ببینە مودێلێك و نە دەتوانین ببینە هێزێكی كاریگەر لە ناوچەكەدا. ئەمە راستییەكانی ژیانن كە رەجەب تەییب ئەردۆغانیان ناچار كردووە كە بكەوێتە سەر رێگای ئاشتی و ئاشتەوایی. پێویستە توركیا لەگەڵ ئاشتیدا ئازاد ببێت، ئەگەر ئازاد ببێت گەورە دەبێت و ئەگەر گەورەیش بوو ئازاد دەبێت، بێجگە لەمە هیچ رێگا چارەیەكی توركیا نییە.

ئایا ئەگەر دیموكراسی نەبێت ئاشتەوایی دەبێت؟ یا ئەگەر ئاشتەوایی نەبێت دیموكراسی دەبێت؟

ماوەیەكە زۆربەری هەرە زۆری گفتووگۆكانی ئێمە لە سەر ئەم مەسەلەیەیە، بەراستی بووەتە وەكو مەسەلەی ئایا هێڵكە لە مریشك بووە یا مریشك لە هێڵكە بووە. دەتوانین بڵێن كە لە نێوان ئاشتی و دیموكراسیدا بەنداوی چین نییە، هەر دوو لە ناو یەكتر و گرێدراوی یەكترن. ئەگەر یەكیان نەبێت ئەوی دیكەیشیان نابێت ئەمە دوو شتی گرێدراوی یەكتر و تەمامكەری یەكترن.

بەڵێ ئاشتی تەنیا بە هەبوونی دیموكراسی سەقامگیر دەبێت، ئەگەر دیموكراسی و دەوڵەتێكی یاسایی و سەروەری یاسا نەبێت ناتوانین باسی ئاشتی و ئاشتەوایی بكەین. ئەو ئاشتییەی كە ناوەرۆكی بە ئازادی و مافی مرۆڤ پڕ نەكرابێتەوە ئاشتیی نییە. رێگای راستی ئاشتی و ئاشتەوایی لە دیموكراسییەتەوە تێپەڕ دەبێت.

ئایا لە كۆمەڵگە و لە دەوڵەتێكدا كە شەڕی چەكداری، تیرۆر و توندو تێژی هەبێت و كەس باسی ئاشتی و ئاشتەوایی نەكات، دەتوانین باسی دیموكراسی و دەوڵەتی یاسا و سەروەری یاسا بكەین؟

ئایا لە وڵاتێك كە چەك بێدەنگ بێت بەڵام ناسنامە و رێباز یا خۆ چۆنیەتی گۆزەرانی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكان لە لایەن دەوڵەتەوە پشت گوێ بخرێت دەتوانین باسی دیموكراسی و ئاشتەوایی بكەین؟

توركیا هەر هەمووی ئەم قۆناخانەی بە خۆیەوە بینیوە و ئێستاكەیش هەر دەبینێت.

هاوكات لەگەڵ ئەوەیدا كە كورد، عەلەوی، مسڵمان و ئەوانی دیكە لە توركیا لە ژێر گوشاردا بوون، توركیا قۆناخی بێدەنگی چەكەكانیشی بە خۆیەوە بینیوە. بەڵام پێویستە بپرسین كە ئایا لەم جۆرە قۆناخانەدا دەتوانین بڵێن لە نێو ئاشتی و ئاشتەواییدا بوونە؟

باوەر ناكەم بتوانین شتێكی وا بڵێن چوونكە لە قۆناخێكدا كە ناسنامە، كلتوور و مافی كەمینە ئاینی و ئەتنیكییەكان لە ژێر گوشاردا بێت یا پێشەل بكرێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانین باسی دیموكراسی و ئاشتی راستەقین بكەین.

پەكەكە بەرهەمی قۆناخێكی بەمجۆرەی سیاسەتی توركیایە، لە ساڵەكانی 1980دا دەنگی چەك لە توركیا نەبوو، بەڵام نكۆڵی لە ناسنامە، ماف، كلتوور و هەبوونی كورد دەكرا و ئەمەیش بوو بە هۆكاری دەركەوتنی پەكەكە وەكو دەرئەنجامی ئەم سیاسەتانە و تا ئەمرۆیش توركیای لە شوێنی خۆیدا سووڕاندووتەوە. ئەمە مەسەلەیە بوو بە هۆكاری ئەوەی كە توركیا لە دیموكراسی و ئاشتی دوور بكەوێتەوە و ئاستی رەفا و بەختەوەری خەڵكێش نزمتر بكرێتەوە.

بەداخەوە توركیا بۆ ماوەیەكی درێژ نەیتوانی بگاتە ئاشتی هەر بوویە لە دیموكراسی و رەفا و بەختەوەریش دوور مایەوە. چارەسەر نەكردنی پرسی كورد و شەڕی چەكداری پەكەكە بوون بە هۆكاری دوور كەوتنەوەی توركیا لە ئاشتی و دیموكراسی.

بەڵام توركیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا دەستی بە قۆناخێكی نوێ كردووە، لە چیا و شاخەكاندا چەك بێدەنگە و دەنگی چەك و بۆنی بارووت بڵاو نابێتەوە. ئاگر بەستیش رایگەیندراوە و پەكەكەیش وردە وردە دەست بە كێشانەوە دەكات. لە لایەكەوە دەگەڕین كە دەرگای ئاشتی بكەینەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی ئاشتییانەی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا دەدەین. هیچ رێگا چارەیەكی دیكەمان نییە، ئاشتی و دیموكراتیزە كردنی توركیا. دەبێت ئەم دوو پرۆسەیە لە توركیا پێكەوە بەرێوە ببرن چوونكە گرێدراوی یەكترن و ناتوانین لە یەكتر جیایان بكەینەوە.

T24 سەرچاوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار