٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەقفی ئیسماعیل بێشكچی پڕۆتۆكۆڵێكیان ئیمزا كرد

سەرچاوە: KDP.info

خەبات
لەدوایین وێستگەی سەردانەكەی بۆ كوردستان، نووسەری گەورەی توركی دۆستی كورد د. ئیسماعیل بێشكچی لە بارەگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەئامادەبوونی سەرۆك وجێگری سەرۆكی دەزگا و سەرۆكی وەقفی بێشكچی ئامادەی ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵێكی هاوبەش بوو لەنێوان هەردوو دەزگاكا كە چەندین خاڵی گرنگی لەبواری پەروەردەیی و زانستی ومێژویی بەخۆوە گرتووە.
ڕێزگرتن لەعاشقانی مرۆڤایەتی
لەبەرایی ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵەكە مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا ئەم پڕۆتۆكۆڵە چەندین خاڵی گرنگ بەخۆیەوە دەگرێت كە بریتییە لەئامانجەكانی وەقفی بێشكچی، ونیشانیشیدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە ڕێز لەو كەسانە دەگرێت كە ڕێز لەمرۆڤایەتی دەگرن وخزمەتی ئەو بوارە دەكەن. مووسا ئەحمەد بەناوی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وسەرۆكی وەقفی بێشكچییەوە خاڵەكانی پرۆتۆكۆڵەكەی ڕوونكردەوە كە بەئامادەبوونی د.ئیسماعیل بێشكچی ئیمزاكرا و نیشانیدا شانازییەكی زۆر گەورەیە بەوەی دەزگا توانی قەناعەتیان پێبهێنێت سەردانی كوردستان بكات بەتایبەتی كە هەموو كورد شانازیی پێوە دەكات و ئاماژەی بەوەدا لەماوەی هەفتەی مانەوەی لەكوردستاندا نووسەری بەناوبانگ چەندین شوێنی بەسەركردەوە لەوانە مەزاری بارزانیی نەمر و گلكۆی پیرۆزی ئەنفالكراوانی بارزان و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی قوربانییانی كیمیابارانكراوانی هەڵەبجەی شەهید و گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفال و كیمیابارانكراوانی هەڵەبجە و شوێنە مێژوویی و ناوەندی ڕۆشنبیری و سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و وەرگرتنی میدالیای بارزانیی نەمر لەلایەن بەڕێزیانەوە و سەردانی هێرۆخان بۆ هەواڵپرسینی جەنابی مام جەلال بەوپێیەی ئەو جیاوازی لەنێوان هیچ تاكێكی كورد ناكات و هەموو كوردستان بەیەك چاو سەیر دەكات ودووپاتیكردەوە هەرچی بكرێت ناگاتە دڵۆپێكی ئەو خەباتەی بێشكچی بۆ كوردستانی كردووە بەتایبەتی كە 17 ساڵ و6 مانگ لەبری بەرگریكردنی لەكورد زیندانیكراوە و لەبنەڕەتدا250 ساڵ حوكمی لەسەرە نیشانیشیدا جێی خۆشحاڵی و شانازیی كوردە كە تەنها میدالیای بارزانیی نەمری وەكو خەڵات وەرگرتووە و هیچ خەڵاتێكی قبووڵنەكردووە چونكە ئەو وڵاتانەی خەڵاتی دەكەن چەك بە توركیا دەفرۆشن.
پەیوەندیی گەرموگوڕتر
دوای ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵەكەش د.ئیسماعیل بێشكچی ئەو هەنگاوەی بە پێشكەوتنێكی گرنگی بۆ پێشخستنی پەیوەندیی نێوان هەردوو دەزگا نیشاندا ودووپاتیكردەوە ئەو كار بۆ هەبوونی پەیوەندیی گەرموگوڕتر دەكات و هیوایشی خواست پرۆژەی دیكەش جێبەجێبكرێن و گوتی: من زۆر خۆشحاڵم بە داوەتكردنم لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی وخۆشحاڵییەكەشم بە زمان وەسفناكرێت بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم بەوەی بەچاوی خۆم پێشكەوتنی كوردستانم بینی و هیوادارم هەمیشە لەخۆشی و پێشكەوتندابن.
خاڵەكانی پڕۆتۆكۆڵەكە
وەك مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دووپاتی لێكردەوە ئەو خاڵانەی لە پڕۆتۆكۆڵەكەدا هەیە چەند خاڵێكی گرنگن بۆ هەردوو گەلی كورد وتورك بەتایبەتی لەڕووی گەیاندنی ئەو زانیارییە گرنگانەی پەیوەستن بە مێژوو و كولتووری كورد و دیرۆكی ئەم گەلە ویارمەتیدان وهاوكاریكردنی قوتابیانی هەژار و كەمدەرامەت، بەگشتی خاڵەكانی پڕۆتۆكۆڵەكە بریتین لە:
1-هەوڵدان بۆ دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی دانیشتوی باكووری كوردستان و ئەو قوتابییە توركانەی كە دەیانەوێت بەشێوازێكی زانستی دیرۆك و كولتووری كورد و كوردستان بخوێنن.
2- دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەقفی ئیسماعیل بێشكچی هەوڵدەدەن بۆ هاوكاریكردنی قوتابیانی هەژار و كەمدەرامەت.
3 - هەوڵدان بۆ هاوكاریكردنی ئەو قوتابیە كوردانەی بەمەبەستی بە دەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە وڵاتانی دەرەوەی كوردستان دەخوێنن.
4- هەوڵدان بۆ هاوكاریكردنی ئەو قوتابیانەی خوێندنی خێرا دەخوێنن و لێكۆڵینەوەی زانستی ئامادە دەكەن.
5 - پشتگیریكردنی وەقفی ئیسماعیل بێشكچی بەمەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر فەرهەنگ و كولتووری كوردی و ئاریشەی جڤاكی.
6 - هەوڵدان بۆ وەرگێڕان و چاپ و بڵاوكردنەوەی هزر و بیری مرۆڤدۆستانەی مامۆستا ئیسماعیل بێشكچی و تەواو ئەو كەسانەی بۆ كوردایەتی خەباتیان كردووە بە كورد و بیانییەوە، بە شێوازی نوسینی كتێب و دروستكردنی فیلمی دیكۆمێنتاری.
هاوكات مووسا ئەحمەد دووپاتیكردەوە دەزگاكەیان بە جیددی هەوڵی ئەوە دەدات خاڵەكانی ئەم پڕۆتۆكۆڵە جێبەجێبكات چونكە ئەمە لەخۆیدا خزمەتێكە بۆ مرۆڤایەتی وئەركی دەزگاكەیانە ڕێز لەهەر كەسێك بگرن خزمەت بەمرۆڤایەتی بكات چونكە بارزانیی نەمر سەركردەیەك بوو بۆ بەرگریكردن لەمرۆڤایەتی.
بارزانی، ناسنامەی نەتەوەی كوردە
پاشان ئیبراهیم گوربوز سەرۆكی وەقفی بێشكچی لەلێدوانێكدا دووپاتیكردەوە بارزانیی نەمر ناسنامەی نەتەوەی كوردە لە هەموو بەشەكانی كوردستان، ئەو پرۆتۆكۆڵەیشی بە هەنگاوێكی مێژوویی لەقەڵەمدا، چونكە لەگەڵ دەزگایەكدایە ناوی ئەم سەركردە گەورەیەی هەڵگرتووە ئەمە جگە لەهەبوونی ناوی ئیسماعیل بێشكچی وەكو لایەنێكی ئەم پڕۆتۆكۆڵە كە لەخۆیدا ئەم كەسایەتییە ویژدانی مرۆڤایەتییە.

هەواڵی پەیوەندیدار