ترسی ئێمە لە كورد
نووسەر: ئیبراهیم قەرەگۆل
ترسی ئیمەی تورك لە كوردەكان بەمجۆرەیە: هەندێك كەس بۆسەیەكی یەكجار گەورە و مەترسیداری بۆ توركیا داناوە. هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێ لە رێگای كوردەوە توركیا پارچە بكەن.
ئەوانی دیكەیش كە دارودەستەی ئەمریكان و كاریان ئاشكرایە چییە.
عێراق پارچە دەكەن، كورد و عەرەبە سوننەكان لە بەغدا جیا دەبنەوە و عەرەبە شێعەكان لەگەڵ تاراندا لە چوارچێوەی سووریای نوێدا هەڵسووكەوت دەكەن. دوای ئەم پارچە بوونە كوردەكانی عێراق سەربەخۆیی خۆیان رادەگەینن. كەس نازانێت كە قەیرانەكەی سووریا چۆن كۆتایی پێدێت، بەڵام ئەوەی دیارە كە هەر لە ئێستاوە كورد لە باكووری سووریا دەستی بە دامەزراندنی كیانی خۆی كردووە و كاتێك كە سووریای نوێ دامەزرا یا بە لانی كەمەوە نەخشەی سووریای نوێ ئامادە كرا ئەوا كورد لە باكووری ئەو وڵاتە هەبوونی خۆی لە نێو هاوسەنگییە سیاسییەكاندا نیشان دەدات.
لە ئەگەری شەڕ نێوان ئەمریكا و ئێران یا بە گشتی لە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و رۆژئاوادا هەر وەكو بەلووچ و ئازەرییەكان و سوننەكان، كوردیش لە ئێران جیا دەبێتەوە و بەمجۆرە سێیەمین هەنگاوی دامەزراندنی كوردستانی گەورە دەنرێت. دواتر دەور دەبێتە دەوری توركیا كە رێژەی هەرە زۆری كوردی تێیادایە. بەمجۆرە كوردانی سێ پارچەی دیكە لەگەڵ كوردانی توركیا یەك دەگرن و دەست بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و كوردستانی گەورە دەكەن و بەمجۆرەیش توركیا بەبێ ئەوەی كە ئێمە هەستی پێ بكەین پارچە دەبێت.
هەر هەمووی پلان و نەخشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی گەورەی كوردییدا ئامادە كراون. سەیر بكەین بۆ جێ بەجێ كردنی ئەم پلانانە ئیسرائیلیش وردە وردە دەستی بە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا كردووە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە هیچ جۆرە هەڵسووكەوتێك نەكات كە ببێتە هۆكاری لاواز كردن یا راوەستاندنی پێشكەوتنەكانی دامەزراندنی رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ.
ئیرادەیەكی یەكجار گەورە و بەهێز دەستی بە دیزاین كردنی سەر لە نوێ رۆژهەڵاتی ناوەراست كردووە و بە پێ ئەم نەخشەیەیش دامەزراندنی كوردستانی گەورە و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لە كەراخەكانی كەنداوی بەسرەوە تا بەحری رەش، یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان كە پێویستە كاری زۆری لە سەر بكرێت، بەڵام ئەو كەسانەی كە توركیا بەرێوە دەبەن ئاگایان لەم پلانە نییە. ئەمە ترسی ئێمە تورك لە بەرامبەر كوردەكانە و هەر لە سەرەتایەوە ئەم ترسەمان هەبووە و ئێستایش هەمانە و لە داهاتوویشدا دەمانبێت.
من لەو باروەرەدام كە لە توركیا زۆر كەس و لایەن هەیە كە زۆر بە جدی ئیمانی بەم پلان و نەخشانە هەیە و زۆریش بە هەندیان وەردەگرێن.
لە لایەكەوە ئەو رەگەزپەرەستە كوردانە كە بە راستی دەیانەوێ توركیا پارچە بكەن و لە دژی ئاشتی نێوخۆیی توركیان پرۆپاگەندە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە دەكەن و لە بەرامبەریشدا رەگەزپەرەستە توندرەوەكانی توركیا كە تا ئێستا نەیانهێشتووە پرسی كورد چارەسەر بكرێت و توركیا دیموكراتیزەتر بكرێت، ئەم پلان و نەخشانە دەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی كە توركیا هەر وەكو رابردووی خۆی بمێنێتەوە و هەستی رەگەزپەرەستی و هێزی میلیتاریستی توركیا بەرێوە ببات.
من پیم وایە نە تیوەری و پلانەكانی رەگەزپەرەستە كوردەكان سەر دەگرن و لە هەوڵدانەكانی رەگەزپەرەستە توركەكان، چوونكە رای گشتی توركیا بە هەر هەمووی پێكهاتەكانییەوە داوای ئاشتی نێوخۆیی و ئاشتەوایی و تەبایی دەكات و چارەسەر كردنی پرسی كوردیش نەتەنیا نابێتە هۆكاری پارچە كردنی توركیا بەڵكو دەبێتە هۆكاری سەقامگیری و ئارامی لە توركیا و مانای ئەم راستییەیش ئەوەیە كە ترسی ئێمە تورك لە كورد ترسێكی نابەجێ و ناراستە.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




