٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان عیسمەت ڕەجەب: دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە مووسڵ لە بەرژەوەندیی كورددا نییە

سەرچاوە: Hewler

رۆژنامەی هەولێر- /  سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان و بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای مووسڵ عیسمەت ڕەجەب، لە دیدارێكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا ڕایدەگەیەنێت كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە مووسڵ، لەبەر باری ئەمنی نەبووە، بەڵكوو ئەوە بڕیارێكی سیاسییە و پلانێكە لە دژی كورد. ڕوونیشی دەكاتەوە كە زیاتر لە 22 هەزار خێزانی كورد لە مووسڵ، ئاوارەی شارەكانی هەرێم بوون.

* هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە مووسڵ چییە؟

-ئەو بڕیارە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەركراوە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەر دوو پارێزگای مووسڵ و ئەنبار دوا دەكەوێت، بە بیانووی ئەوەی كە باری ئەمنیی ئەو دوو شارە باش نییە، بەڵام لە ڕاستیدا دواخستنی هەڵبژاردنەكان بڕیارێكی سیاسییە نەك لەبەر باری ئەمنی بووبێت، چونكە وەزعی ئەمنی لە هەموو عێراقدا نائارامە.

* دواخستنی هەڵبژاردنەكان تا چەند كاریگەریی لەسەر شاری مووسڵ و ڕەوشی ژیانی كوردانی ئەو ناوچەیە هەبووە؟

- بێگومان كاریگەرییەكی زۆر نێگەتیڤی لەسەر دۆخی ئەمنی و ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیانی مووسڵ بە تایبەتی كوردەكان هەبووە. ئێمە وەك لیستی برایەتی و پێكەوەژیان خۆمان ئامادە كردبوو بۆ هەڵبژاردنەكان و خەڵكیش ئامادە بوو، دواستنی هەڵبژاردنەكان زیاتر وەك پلانێك بووە دژی كورد، ئەگەر نا دەتوانێت زیاتر لە جاری پێشوو دەنگ بە دەست بهێنێتەوە.

* لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە چەند حزب و كاندید پێك هاتووە؟

- لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە 8 حزبی كوردستانی پێك هاتووە و 44 كاندیدی بۆ پارێزگای مووسڵ هەیە، لەو ڕێژەیە 23 كاندیدی پارتین. ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیش 39 كورسیی لە خۆ دەگرێت، لەوانە 3 كورسی بە كۆتا بۆ شەبەك و مەسیحی و ئێزدییەكان دەبێت.

* هۆكار چییە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ئەمنیی مووسڵ زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەچێت؟

- ماوەیەكی زۆرە ڕەوشی ئەمنی لە سنووری پارێزگای مووسڵ تێك چووە، پاش ڕووداوەكانی حەویجە و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەكە، لە مووسڵیش چەند هێزێكی چەكداری هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی پۆلیس و وەزعی ئەمنی مووسڵ بە هۆی ئەوەی هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی دوو ڕۆژە لە هەندێك ناوچەی مووسڵ قەدەغە كراوە، زیاتر تێك چووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو خراپی دەڕوات.

* ئەو شەڕەی دەكرێت زیاتر لە چ ناوچەیەكی مووسڵە؟

- ئەو شەڕەی لە مووسڵ دەكرێت، لەناو سەنتەری مووسڵە و لەو شوێنانەی كورد تێیاندا نیشتەجێیە، هیچ شتێك تێدا ڕووی نەداوە و ئارامە.

* بارودۆخی كورد لە مووسڵ چۆنە؟

- كوردانی دەوروبەری مووسڵ لە ئارامیدا دەژین و ئەو ناوچانەش لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، بەڵام ئەو كوردانەی لە ناو سەنتەری شاری مووسڵن، وەك هەموو خەڵكی تر كەوتوونەتە ژێر باری چەكداری و تیرۆرستی و ڕەوشی ژیانی ئەوان زۆر خراپە.

* پێشمەرگە نەخراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؟

- بەڵێ، ئێستا پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە لە ناوچەكەدا ڕوو بدات.

* ئەو كوردانەی لە سنووری مووسڵ ئاوارە بوون، ژمایەیان چەندە؟

- لەبەر ناسەقامگیری باری ئەمنی، تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار خێزانی كورد لە مووسڵ ئاوارەی هەر دوو شارەكانی هەولێر و دهۆك بوون و ئەوانەی ماونیش لە بارێكی ناخۆشدا دەژین.

هەواڵی پەیوەندیدار