کوردستان، بەرەو کارەبای هەمیشەیی هەنگاو دەنێت

تا ساڵی 2015 ئەگەر هیچ گرێبەستێکی دیکە مۆر نەکرێت، ئەوا کوردستان خاوەنی زیاتر لە 3 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام ئەگەر ڕێگەیەک بۆ زێدەڕۆیی بەکارهێنانی کارەبا نەدۆزرێتەوە، ئەوا هەموو کاتێک دەبێت بیر لە بەرهەمهێنان و گرێبەستی نوێ بکرێتەوە، ئەمەیش قورساییەکی زۆر دەخاتە سەرشانی حکوومەت.
پێنجشەممەی ڕابردوو پڕۆژەیەکی گرنگی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی هەزار مێگاوات کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پڕۆتۆکۆڵەکەدا ئامادە بوو.
سەرمایەی دەرەکی
سەرمایەی گشتیی پڕۆژەکە بریتییە لە یەک میلیارد دۆلار کە بەنکێکی چیکی دابینی کردووە و ئەمەیش بۆ یەکەم جارە کە پڕۆژەیەکی ئاوها گرنگ لە نێوان بەنکێکی وەبەرهێنانی حکوومیی بیانی و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستاندا مۆر دەکرێت.
ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای PSGـی چیکی و کۆمپانیای ڕێنیسانسی تورکی ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسی نووسینگەی سەرەکیی “کار گرووپ” بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونی کردەوە كە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵەوە دەست پێکراوە و لە یەکی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێ دێت کە دەتوانێت 640 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و لە قۆناغی دووەمیشدا کە لە (30/6/2015)ـدا کۆتایی پێ دێت، 320 مێگاواتی دیکە بەرهەم دەهێندرێت.
پێویستی یان زێدەڕۆیی
گەرچی پێشکەوتنی خێرای کوردستان هۆکارێک بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پێداویستییە کارەباییەکان لە بواری ڕووناکایی، کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ئومێد ئەحمەد ئەگەر زێدەڕۆیی نەکرێت و بە ڕێکی سوود لەو کارەبایە وەرگیرێت کە لە ئێستادا لە هەرێم بەرهەم دێت، ئەوا بەشی پێداویستییەکانمان دەکات.
لە کوردستاندا بە شێوەیەکی ناوەندی 2 هەزار و 50 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و ئەم بڕەیش لە شەودا دادەبەزێت و لە ڕۆژیشدا دەگاتە 2 هەزار و 200 مێگاوات.
لە زستاندا کارەبا بووەتە سەرچاوەیەکی گرینگی گەرمکردنەوەی ماڵەکان و لە هاوینانیشدا سەرچاوەی ساردکردنەوەی ماڵەکانە لە کاتێکدا لە هیچ وڵاتێکدا بەم شێوەیە سوود لە کارەبا وەرناگیرێت و ئەلتەرناتیڤی دیکە بۆ گەرمکردن و ساردکردنی ماڵەکان هەیە.
جگە لەمە، ئەو نرخەی کە لە کوردستان بۆ کرێی کارەبا داندراوە کرێیەکی هەرزانە و لەگەڵ کرێی کارەبا لە وڵاتانی دیکەدا جیاوازییەکی زۆری هەیە، بۆیە نەبووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئەم وزەیە بپارێزن.
گەڕاندنەوەی وزە
لە ئێستادا وزەی خۆر و با کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، گونجاوترین و کەمخەرجترین ڕێگەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام تا ئێستا سوودی لێ وەرنەگیراوە و زیاتر پشت بەو سەرچاوانەی وزە بەستراوە کە دەتوانرێت لە بواری دیکەی پێشخستنی هەرێمدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژانە تێچووی ئەو وزەیەی کە بۆ وەگەڕخستن و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەیەکی وەک دهۆک دابین دەکرێت، زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلارە و بەو پێیەیش ساڵانە بۆ بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا بڕی یەک ملیارد دۆلار پارەی بۆ خەرج دەکرێت جگە لە دووبارە کڕینەوەی وزەی کارەبا لە کۆمپانیاکان کە ئەمەیش هەر لەسەر حسابی بودجەی گشتی دەبێت.
بە بۆچوونی ئومێد ئەحمەد سیاسەتی هەرێم ئەوە بووە کە بە زووترین کات فریای خواستی هاووڵاتیان بۆ وزەی کارەبا بکەوێت، بۆیە لەم ڕێگە خێرایانە سوودیان وەرگرتووە گەرچی لە ئاستی جیهانیدا گەڕانەوەیەک بۆ سوودوەرگرتن لە گازی سرووشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە بە هۆی هەرزانییەوە.
کۆنتڕۆڵی گازی سرووشتی
بە گوتەی بەرپرسانی “کار گرووپ” لە پاڵاوگەی خورماڵ بڕێکی زۆر لە دەرهاوییشتەی گازی سرووشتی هەیە کە دەسووتێندرێت و بە فیڕۆ دەچێت، بۆیە ئەوان لە بەرهەمهێنانی کارەبای پڕۆژە نوێیەکەیان پشت بەو گازە دەبەستن گەرچی لە گازوایلیش سوود وەردەگرن کە هەم گرانە و هەم ژینگەیش پیس دەکات، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان ئەوەیە کە کەمترین سوود لەم ماددەیە وەربگرن.
لە چوارچێوەی بەرفراوانیی گەشەسەندنی هەرێم و پێشبینی گەشەسەندن لە بوارە جیاوازەکان و بەرزبوونەوەی پێداویستیی کارەبا ئەگەر بڕیار بدرێت هیچ وێستگەیەکی دیکە دانەمەزرێت، ئەوا بەم زووانە دیسان قەیرانی کەمکارەبایی تووشی هەرێم دەبێتەوە ئەگەر بیر لە پاراستنی ئەم وزەیە نەکرێتەوە.
کەمبوونی کارەبا یەکێک لەو کێشانە بووە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە دەستییەوە ناڵاندوویانە و بوونی چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا، ئەو گەشبینییەی لای هاووڵاتیان و حکوومەت دروست کرد کە بە یەکجاری کۆتایی بە کێشەی کارەبا بهێندرێت و دۆسییەکەی دابخرێت بە مەرجێک سیاسەتێکی گونجاو بۆ پاراستنی ئەم وزەیە ڕەچاو بکرێت.
سیاسەتی داهاتوو
گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمهێنان لە گازوایل و ئاو و تەنانەت گازی سرووشتی بۆ خۆر و با و لە لایەکی دیکیشەوە فێرکردنی کولتووری بەکارهێنان لە لای هاووڵاتیان و بریتی سەرچاوەی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە، دەتوانێت هەنگاوێکی گرینگ بێت لە پاراستنی وزەیەک کە بەشێکی زۆر بودجە بۆ خۆی دەبات، بودجەیەک کە دەتوانێت بۆ سێکتەرەکانی دیکەی خزمەتگوزاری سوودیان لێ وەرگیرێت.
هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو لە دابینکردنی کارەبا هاوکاریی پارێزگای کەرکووکی کرد و ئەمساڵیش بڕێک کارەبای ڕەوانەی پارێزگای مووسڵ کرد. بە لەبەرچاوگرتنی پلانێکی تۆکمەی بەرهەمهێنان و پاراستنی وزە، دەکرێت کوردستان وێڕای جێگیرکردنی کارەبای پێویست، دابینکەری وزە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بێت.
پاشخان
- زۆرترین بەرهەمی کارەبای هەرێم لە ڕێگەی وێستگەی گازی هەولێرەوەیە کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە و خاوەنی 8 یەکەیە. وێستگەی سلێمانی 750 مێگاوات، دهۆک 400 مێگاوات، وێستگەی باعەدرێ 150 مێگاوات و لە دەربەندیخانیش 120 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
- بەو پێیەیش 2 هەزار و 420 مێگاوات کارەبا دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت بەو تێبینییەوە کە لە کاتی گەرمادا توانای بەرهەمهێنان دادەبەزێت، چونکە یەکەیەکی وێستگەی بەرهەمهێنان لە پلەیەکی دیاریکراودا دەتوانێت 125 مێگاوات بەرهەم بهێنێت، ئەگەر نا ئەم بڕە لە گەرمای زۆردا بۆ خوارووی 100 دادەبەزێت.
- بە تەواوبوونی پڕۆژەی نوێی کارەبا، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دەگاتە زیاتر لە 3 هەزار مێگاوات، ئەمە لە کاتێکدایە كە چەند ساڵێك لەمەوبەر نەدەگەییشتە 200 مێگاوات.
ئامادهكردنی: سلێمان تاشان - سایتی هەولێر




