٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بیرورای ئازاد*.... یەكەم و دواجار میللەتە خاوەن بڕیار

سەرچاوە: KDP.info

قادر حسن  *

زۆرم لاسەیرە لایەن و خەڵكانێك تەنانەت بیر لە جیاوازی و تەناقوزاتی قسە و بۆچوونەكانی خۆشیان ناكەنەوە، وەكو ئەو كەسانە وان كە تووشی هیستیریا بووبن یاخوود ئەوەندە شڵەژاو و پەشۆكا و سەرلێشێواو بن كە خۆشیان نەزانن چی دەڵێن هەر ووشەیەكیان بەجۆرێكە و هەر تیرێكیان لە كەنداڵێكە. لەلایەك باس لە حكومەتی هاووڵاتی دەكەن و لەلایەكی تر هیچ ئەرزش و بەهایەك بۆ هاووڵاتی دانانێن، لەلایەك باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەكەن لەلایەكی تر ڕێگرن لەبەردەم ڕادەربڕینی خەڵك، لەلایەك باس لە دیموكراسی دەكەن لەلایەكی تر خۆیان دەكەنە كوێخای خەڵك و لە جیاتی خەڵك بڕیاردەدەن، لەلایەك باس لە بەرژەوەندیە باڵایەكان و ڕەهەندی نیشتیمانی دەكەن و لەلایەكی تر هەوڵ دەدەن ئەو پێگە و پایانە لاوازبكەن كە نیشتمان و ڕەهەندە باڵاكان دەپارێزن، من لە هەموو ئەوانە دەپرسم كە ئایا میللەت سەرچاوەی هەموو شەرعیەتێك نیە، ئایا پەرلەمان كە ئەوان بە مەرجەعی هەموو پرسەكانی دەزانن لەلایەن میللەتەوە پێك نەهاتووە، هەڵبەت ئەو پەرلەمانتارانەی پەرلەمانیان لێ پێكهاتووە لە ڕێگای حزبەكان و بە لیستی حزبەكان كاندید كراون و خەڵكیش دەنگی بە لیستی حزبەكان داوە، واتا ئەو خەڵكە بە ڕێگای حزبەكانەوە نوێنەرایەتی میللەت دەكات. بۆیە ئەگەر ڕاستەوخۆ میللەت دەنگ بداتە كەسێك زۆر گرنگتر و دیموكراسی تر و دادپەروەرانە ترە لەوەی كەس و لایەنێك لەجیاتی خەڵكی كوردستان بیربكەنەوە و رەئی بدەن، هەروەكو چۆن ئێستا هەندێك كەس و لایەن ئەو مافە بەخۆیان دەدەن كە لە جیاتی خەڵك رەئی بدەن.

 لە سیستەمی دیموكراسی دا هەرگیز ڕێگە نادرێت هیچ كەس و لایەنێك مافی دەنگدان لە تاكەكانی كۆمەڵگە بسەنێتەوە، هەموو كەسێك ئەوە دەزانێت كە ئەگەر كەسێك ڕاستەوخۆ لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێت شەرعیەتی زۆر لەوە زیاترە كە لە ڕێگای دامەزراوەیەكی ترەوە دەست نیشان بكرێت، بەتایبەتی بۆ هەڵ و مەرجی ئیمڕۆی هەرێمەكەمان كە هێشتا نەگەیشتووینەتە دوا مەنزڵگەمان، زۆر پێویستە هەموومان پێكەوە پشتیوانی لە سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، كە باشترین سەركردەیە بۆ پاراستن و بەرەو پێش بردنی هەرێم و ئەزموونەكەمان و گەیاندنی بە لوتكەی ئاوات و ئامانجەكانمان، لە مێژووی میللەتانیش دانەبووە كە هیچ میللەتێك بەبێ سەركردەی هەڵكەوتوو و نیشتمان پەروەر و خاوەن ئەزموون توانیبێتی ڕزگاری بێت، زۆر جێگای داخە كە هەندێك كەس و لایەن بە ئاشكرا هەوڵ دەدەن كە سومبول و مێژوو و خەباتی ڕابردوو و هی ئێستاش ناشیرین بكەن و خەڵكی بۆ داهاتووش تووشی نائومێدی بكەن، ئەم جۆرە سیاسەت و هەڵوێستە زیان بەخشانە، نەك هەر خزمەتی بەرژەوەندیەكانی گەل و ووڵاتمان ناكات بەڵكو ڕێك جێ بە جێ كردنی ئەجیندای نەیارانە.

 بە رەغمی بوونی كەم و كۆڕی ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێمەكەمان بەرەو پێش دەچێت، ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر دەبێت، دیبلۆماسیەت و سیاسەت و ئابووری هەرێمەكەمان لە پەرەسەندن و سەقامگیری و جێگیربوونە و لە جیهان جێگەی خۆی كردۆتەوە و هەركەس دڵسۆزبێت پێویستە هەوڵی پاراستن و بەهێزكردنی بدات، نەك بەردەوام خەریكی لەباربردن و چەواشەكاری خەڵك بن، یاری كردن بە هەست و سۆزی خەڵك بێ ڕێزیە بەرامبەر بە ئیرادەو كەسایەتی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردستان.

بەردەوام شاشەی تیڤیەكانیان و ڕوپەری ڕۆژنامە و گۆڤارەكانیان و پەیجی سایتە ئەلیكترۆنیەكانیان پڕاوپڕن لە درۆ و ناوزڕاندن و بەلاڕێدابردنی خەڵكی كوردستان و شێواندنی ڕاستیەكان و ناشیرین كردنی هەموو شتە جوانەكان .

بەڵام دەبێ هەموو كەس ئەو ڕاستیە بزانێت كە خەڵكی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێكی باشی بیركردنەوەو لە كەش و هەوای ئازادی و دیموكراسی دوای ڕاپەرین تاكو ئێستا هۆگر و تامەزرۆ و دڵسۆز و وەفادار و پارێزەری ئەزموونەكەی خۆیەتی و بە قسەی تێكدەران هەڵناخەڵەتێن.

سەرەنجامیش هەر میللەتە خاوەن بڕیار نەك ئەوانەی هێشتا كەمینەن بەڵام دیكتاتۆرانە دەجوڵێنەوەو ڕێز لە زۆرینە ناگرن .

 

*ئەم وتارە نووسەرەکەی بەرپرسە لە ناوەڕۆکی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار