١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

ئەمڕۆ سۆران یادێکی شکۆدار بۆ ئازادکردنی شنگال بەڕێوە دەبات

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- کاتێک سەرۆک بارزانی لە سەرتاسەری بەرەکانی جەنگەوە بەڵێنی گەڕانەوەی شنگالی دابوو، پێشمەرگەش بە خوێن و گیانبازەییەکەی مۆری ڕاستگۆیی لەو بەڵێنە دا، و ئەمڕۆش لە سۆران، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا، جارێکی تر داستانە مێژووییەکەی ڕزگارکردن و پڕۆسەی ئازادکردنی شنگال لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی یاد دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە مەبەستی یادکردنەوەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی شنگال لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی، لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی شایستە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدات.

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، سرود حاتەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٠ی پارتی ڕایگەیاند: "ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە هۆڵی هەژار موکریانی لە بارەگای لق بە ئامادەبوونی بەرپرسی لق و جەماوەر و چین و توێژەکانی سنوورەکە بەڕێوە دەچێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێوڕەسمەکە جگە لە وتاری بەرپرسی لق، نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک سەبارەت بە پڕۆسەی ئازادکردنی شنگال و وتارەکانی سەرۆک بارزانی لەخۆ دەگرێت. هەروەها پانێلێک لەلایەن توێژەران و مامۆستایانی زانکۆوە پێشکەش دەکرێت کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر قارەمانیەتیی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی گفتی سەرۆک بارزانی، جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو قۆناغەدا.

ئەژین غەفار