لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی کۆڕنیشی بەنداوی دهۆک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆڕنیشی بەنداوی دهۆک دەکرێت کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لە پاڵ ڕاکێشانی گەشتیاران و بووژاندنەوەی ناوچەکە، دەرفەتی کاری زۆر بۆ هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دەڕەخسێنێت.
د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێشتر دیزاینی پێویست بۆ پڕۆژەی کۆڕنیشی بەنداوی دهۆک بەپێی جوگرافیای شوێنەکە و زانستی ئەندازیاریی پێشکەوتوو ئەنجام دراوە، و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا دەرفەت دەدرێتە بازرگان و وەبەرهێنەران تاوەکو پڕۆژەی گەشتیاریی تێدا ئەنجام بدەن.
جەختیشی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە جگە لە بەخشینی دیمەنێکی جوان و سەردەمییانە بە شاری دهۆک و ڕاکێشانی گەشتیاران، ڕۆڵێکی بەرچاویشی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووریی پارێزگاكە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان.
قائید میرۆ




