١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

وەزیری ناوخۆ لەگەڵ شاندێکی سویدی هاوئاهەنگییە ئەمنی و مرۆییەکان تاوتوێ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سوید کرد و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان کرا.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سوید کرد بە سەرۆکایەتی ستیفن هێکتەر جێگری کۆمیشنەری پۆلیسی نیشتیمانی سوید و باڵیۆزی سوید لە عێراق و شاندی یاوەریان.

شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش کرد. سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی بۆ پەیوەندی پتەوی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و دەستگیرکردنی تاوانکاران. هەروەها لە بواری پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی چاکسازی پۆلیسی کوردستان ئامادەیی پاڵپشتی وڵاتەکەیان پیشاندا.

وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە و ئەزموونی پێکەوە کارکردنی هەردوو وڵات لە شەڕی دژی تیرۆر و جۆرەکانی تاوانی ڕێکخراو پیشاندا و سوپاسی حکوومەتی سویدی کرد بۆ پاڵپشتیان لە هەرێمی کوردستان لە بواری جیاواز و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەناخوازانی کوردستان کە لە مێژوودا وڵاتی سویدیان وەکو پەناگەی ئارام لە کاتی تەنگانەدا هەڵبژاردووە. 

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو.

هەواڵی پەیوەندیدار