سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کۆبوونەوە

ئەنتالیا-KDP.info- لە پەراوێزی لووتکەی ئاووھەوا (COP٣١) لە ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیبراھیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کۆبووەوە و تێیدا پەرەپێدانی ھاریکاریی ئاسایش، ھەماھەنگیی ھاوبەشی ئەنقەرە-بەغدا-ھەولێر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٦/١١/١١، ھەر لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەی ئاووھەوا (COP٣١)لە ئەنتالیا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئیبراھیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەش بەتایبەتی لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا، ھەروەھا گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا و ھەولێر، لەمبارەیەوە، خرانە بەر باس.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دەربارەی ڕەوشی ناوچەکە، ھەردوولا داکۆکییان لە بەردەوامیی ھاریکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
