دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوی هەولێر دەستپێدەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە چالاکی و هەڵمەتەکانی فریاگوزاریی دەزگاکەی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر خستەڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕوونیکردەوە، 15 تیمیان لە یەکەم ساتەوەختی ڕوودانی لافاوەکەوە، بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە کارەکانیان کردووە و زیاتر لە 1447 شوێنیان تۆمارکردووە کە زەرەرمەند ببوون.
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لەم قۆناخەدا، هاوکاریی پێشکەشکی 541 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر دەکرێت، ئەمڕۆ هاوکارییەکان دەگەیەنرێنە 300 خێزانی هەردوو گەڕەکی سێبەردان و شێخ ئەحمەد و لە چەند ڕۆژی داهاتووش، 241 خێزانی دیکە هاوکاریی دەکرێن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لەوەش کرد، 100 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێکی زەرەرمەند دەدرێت و هەوڵدەدرێت ئەم هاوکارییە پێش هاتنی سەرمای زستان بگاتە دەستی لێقەوماوان. هەروەها، بۆ هەر خێزانێک بڕی دوو فەرش و بەتانی و دۆشەک و پێداویستیی دیکەی وەک خۆراک، سوپا و شیری منداڵان دابین دەکرێت.




