١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٧ی ئەمریکا بۆ KDP.info: ڕەوەندی کوردی ڕۆڵێکی گەورەی لە گەیاندنی دەنگی گەلەکەمان بینیوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمریکا-KDP.info- بەرپرسی لقی ٧ی ئەمریکای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەوەندی کوردی و گەنجانی پارتی بەردەوام ڕۆڵێکی سەرەکی و نیشتمانییان بینیوە لە گەیاندنی دەنگ و مەزڵومیەتی گەلی کورد بە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا، و جەختیشی کردەوە کە پەیامی شۆڕش و ڕێبازی بارزانیی نەمر توانیویەتی گۆڕانکاریی جەوهەری لە هەڵوێستی کۆشکی سپیدا بەرامبەر بە دۆزی کورد دروست بکات.

حیکمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی ٧ی ئەمریکای پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە، "لقی ئەمریکا ساڵی ١٩٧٧ لەسەر فەرمانی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتیی پارتی دامەزرا. لەو قۆناغە سەختەدا سەرکردایەتیی حەکیمانەی پارتی بڕیاری دا ئەوانەی خاوەن بڕوانامەن و دەتوانن داکۆکی لە مافەکانی کورد بڕەخسێنن ڕەوانەی ئەمریکا بکرێن، ئەوانیش لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناردنی نامە بۆ سەرکردەکانی ئەمریکا پێشەنگ بوون لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش."

بامەڕنی باسی لە هەنگاوەکانی دروستبوونی پەیوەندیی فەرمی کرد و گوتی، "دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و سەردانەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکان چوونە قۆناغێکی بەرزتر. ئەمریکا بە ڕێزێکی زۆرەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی پێشمەرگە و ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بە جۆرێک کە گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسیی زۆر گەورە بەرامبەر بە شایستەکانی گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی لقی ٧ی ئەمریکا گوتی، ''نزیکەی ١٠٠ هەزار کورد لە ئەمریکا نیشته‌جێن و لقەکەمان بەردەوامە لە بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکان لەسەر سەرجەم ئاستەکان، هاوکات کار لەسەر کردنەوەی قوتابخانەی کوردی دەکەین بۆ ئەوەی نەوەی نوێی کورد لە ئەمریکا لە ناسنامە و زمانی دایک دانەبڕێن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار