١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

پارێزگار بۆ KDP.info: پاش کۆکردنەوەی تەواوی داتاکان شێوازی قەرەبووکردنەوە دیاری دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە پاش پاککردنەوەی شار لە پاشماوەکانی لافاو، لیژنەی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەستی بەکارەکانی کردووە و جەختیشی کردەوە کە پاش کۆکردنەوەی تەواوی داتاکان، شێوازی قەرەبووکردنەوەکە دیاری دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ڕێگەی چەند تیمێکی شارەزاوە دەستکراوە بە دابەشکردنی فۆڕم بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردوودا، تاوەکو بە شێوەیەکی ورد زانیاری و قەبارەی زیانی هەر خێزان و هاووڵاتییەک تۆمار بکرێت."

سەبارەت بە شێوازی دەستنیشانکردنی بڕی قەرەبووەکە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ڕێگە لەبەرچاو گیراون، ڕێگەی یەکەم: لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵییەوە بێت بە سوودوەرگرتن لەو بەشە بودجەیەی کە بۆ حاڵەتی لەناکاو و کارەساتی سروشتی تەرخانکراوە، کە مافی شایستەی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

ڕێگەی دووەم: لە ئەگەری پابەندنەبوونی بەغدا و نەناردنی هاوکاری، بە ڕاگەیاندنی کەمپین یان بە هەر شێوازێکی دیکەی گونجاو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو قەرەبوو دەکرێنەوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار