سیوەیلی بۆ KDP.info: پارتی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هەیە و گەشەی زیاتری پێ دەدەین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەردەوامین لە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەسەر ئاستی جیاوازی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info)، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوتی، "پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەردەوامن، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە بەریەککەوتنی بەردەوامداین. هاوکات پارتی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەیە و تا دێت گەشەی زیاتریان پێ دەدەین."
سەبارەت بە ئامانجی دروستکردنی ئەم پەیوەندییە نێودەوڵەتییانە، سیوەیلی جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەم هەوڵانە لە پێناو خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان و بونیادنانی پردی پەیوەندیی بەهێزە لەگەڵ وڵاتان و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئاماژەی بە سەردانی کەسایەتییە دیارەکانی جیهان بۆ دەڤەرەکە کرد و ڕایگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا، کەسایەتیی دیاری نێودەوڵەتی (لۆرد مایکل ئاشکرۆفت)، سەرۆکی فەخریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دیموکراتی و سەرۆکی پێشووتری حزبی پارێزگارانی بەریتانیا، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد."
هۆشیار سیوەیلی ئەوەشی خستە ڕوو کە ناوبراو لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، کە ئەوەش بەڵگەی پێگەی بەهێزی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و پارتییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
قائید میرۆ




