بەرنامەی داهێنان لە قوتابخانەکان بۆ 100 قوتابخانەی حکوومی راگەیەندرا

ھەولێر-KDP. info- بەرنامەی داهێنان لە قوتابخانەکان بۆ 100 قوتابخانەی حکوومی راگەیەندراو، ئەم هەنگاوەش دەرفەتی زیاتر بۆ فێربوونی شێوازە نوێکانی خوێندن و چەسپاندنی کولتووری داهێنان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1.11.2026 بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. هێمن میرانی بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆ ، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، بەڕێوەبەری ئینستیوتی داهێنان و نوێگەری، ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆمەڵگای پەروەردەیی بارزانی نەمر، فراوانکردنی بەرنامەی «داهێنان لە قوتابخانەکان» بۆ 100 قوتابخانەی حکوومی ڕاگەیەندرا.
بە پێی ڕێنمایی و بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە ئەم پرۆسەیە لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
فراوانکردنی ئەم بەرنامەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و بەهێزکردنی داهێنان و نوێگەری لە ژینگەی خوێندندا دێت، بە ئامانجی گەشەپێدانی تواناکانی قوتابیان، هاندانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە و دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرەکانیان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان .
ئەم هەنگاوەش دەرفەتی زیاتر بۆ فێربوونی شێوازە نوێکانی خوێندن و چەسپاندنی کولتووری داهێنان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دڕەخسێنێت.

