سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ KDP.info: بڕیاری پۆشینی جلوبەرگی کوردی بە گەرمییەوە پێشوازیی لێکرا

ئاکرێ-KDP.info- لە هەنگاوێکی کلتووریی نەتەوەییدا، زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان ڕۆژێکی هەفتەی بۆ پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی تەرخان کرد، سەرۆکی زانکۆکەش ڕایدەگەیەنێت، ئامانجیان بەستنەوەی ژینگەی ئەکادیمییە بە کلتوور و ناسنامەی ڕەسەنی نەتەوەیییەوە.
پ.د. منهل ئیلهام عبدال، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە مەبەستی پاراستن و بەرزڕاگرتنی ناسنامە و کلتووری نەتەوەییمان لە ژینگەی ئەکادیمیدا، ئەنجوومەنی زانکۆ بە کۆدەنگی ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوەی ڕۆژانی دووشەممە تەرخان بکرێت تاوەکو قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە جلوبەرگی کوردی بپۆشن."

سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت زانکۆی ئاکرێ تەنها ناوەندێکی زانستی و فێرکردن نەبێت، بەڵکو پێشەنگیش بێت لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان و بەستنەوەیان بە کلتوورە دەوڵەمەندەکەیان. لەبەر ئەوەی جلوبەرگی کوردی هێمایەکی جوانی یەکگرتوویی و ناسنامەی نەتەوەییمانە، ئەم بابەتە وەک پێشنیازێک خرایە ڕوو و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆدا بە یەکدەنگی پەسەند کرا."
پ.د. منهل ئیلهام تیشکی خستە سەر کاردانەوەکان و ڕوونی کردەوە، "بڕیارەکە لەلایەن قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەیەکی زۆر گەرم و خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لێکرا. دەرکەوتنی ژینگەی زانکۆ بە ڕەنگ و نەخشە ڕەسەنەکانی جلوبەرگی کوردی، دیمەنێکی جوان و ئەرێنیی دروست کرد کە هێمای زیندوویی هەستی نەتەوەیییە لە نێو گەنجانماندا."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر پاراستنی کلتووری کوردی دەبێت، تاوەکو قوتابییان و مامۆستایان لە ژینگەیەکی ئەکادیمی و پێشکەوتوودا شانازی بە کلتوورەکەیانەوە بکەن و بە ئەمانەتەوە ئەم میراتە ڕەسەنە بگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەژین غەفار
