١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

دەستەی وەبەرهێنان بۆ KDP.info: کارگە نوێییەکان سەدان دەرفەتی کاریان لە کوردستان ڕەخساندووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنان ئاماژە بە گەشەسەندنی بەرچاو لە ژێرخانی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ٤١١ پڕۆژەی پیشەسازی مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و به‌شێكی زۆری بەرهەمی کارگەکان ڕەوانەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

د. پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان لە ڕووی پیشەسازی و بازرگانییەوە گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆیەوە دیوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەپێی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دراوە. تا ئێستاش ٤١١ کارگەی پیشەسازی مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە زیابووندایە."

بەرپرسەکەی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن گوتی، "لە ئێستادا ٧٠٪ی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، چونکە ئاستی بەرهەمەکان نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆی پڕ کردووەتەوە، بەڵکو زیادیشی کردووە. بۆ نموونە لە کەرتی چیمەنتۆدا مۆڵەت بە ۲۳ کارگە دراوە و شەش کارگەیان چوونەتە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکەیان ڕەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت، هەروەها لە بەرهەمهێنانی ئاسن و کەرپوچیشدا بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت."

د. پشتیوان حەمەسەعید لە کۆتاییدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەم گەشەسەندنە کردەوە و ڕوونی کردەوە، "بووژانەوەی کەرتی پیشەسازی ڕۆڵێکی کارای لە فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆدا هەبووە، بە جۆرێک کە ئیتر تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەسترێت، هاوکات بە سەدان دەرفەتی کاری نوێی بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ڕەخساندووە."

قائید میرۆ