خانەقی ..کێشەی ٢٢ ھەزار دەنگدەری بێبەش بوو چارەسەر نەکرا

ھاوکات لە گەڵ ١٢ پارێزگای عێراق لە شاری خانەقینیش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرێوەچوو، بەڵام ئەوەی بووە گرفتی گەورەی پرۆسەکە لە خانەقین و شارەدێییەکانی، زیاتر لە ٢٢ ھەزار دەنگدەر ناویان نەھاتبووە بۆ ھەڵبژارندنەکان و ئەمەش بووە جێگای نیگەرانی زۆری ھاوڵاتیان و ھەروەھا لایەنە سیاسییەکان.
لەمبارەیەوە بەرپرسی ھەلبژاردنەکانی لیستی ھاوپەیمانی برایەتی و پێکەوە ژیان لە خانەقین مەسعود داراخان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راکەیاند؛ لە کاتی خۆیدا و لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە پرۆسەی دەنگدان کۆتاییھات، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کێشەی ئەو ھاوڵاتیانە چارەسەربکرێت کە ناویان بۆ ھەڵبژاردنەکان نەھاتبووەوە.
وتیشی: ئەو ھاوڵاتیانە کە زیاتر لە ٢٢ ھەزار کەس دەبن لە ٢٠١٠ ناویان بۆ دەنگدان ھەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ناویان نییە و لە بەدواداچوونیشیان بۆ ئەو کێشەیە دەرکەوتووە ھەندێکیان لە سامەرا و ھەندێکیشیان لە ناوچەکانی دیکەی دیالە ناوەکانیان ھاتۆتەوە, ھەندێکیشیان ھەر لە بنەڕەتدا ناویان نییە، ھەرچەندە لە گەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان گفتوگۆیان لەوبارەیەوە کردووە، بەڵام ھەوڵەکان بێسود بووە و تا ئێستا نەتوانراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی گوایە کۆمسیۆن بۆ شارەدێی جهباره کە تێیدا چوار سەد ھاوڵاتی ناویان نەھاتبۆوە، بریاریداوە بە جیا لە بنکەکەکی تایبەتەدا دەنگەکانیان بدەن، ناوبراو ئەو ھەودەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بە دەستیان نەگەیشتووە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، چونکە شارەدێی جهباره سەر بە خانەقینە, لە ئەگەری ھەر بریارێکدا ئەوا ئاگاداردەکرێنەوە.




