د. هێمن هەورامی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەسەر دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە، سیاسەت و ھەڵوێست و ڕوانگەی پارتی لەسەر کۆی ھاوکێشە سیاسیەکان باسکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥-٥-٢٠٢٦، د.هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی دوایین پێشهاتەکان و بیروبۆچوون و سیاسەتی پارتی بۆ کونسوڵی گشتی بەریتانیا ڕوونکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پارتی هەمیشە پشتیوانی ئەوەبووە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتییە دەستووریی و یاساییەکانی خۆیان بەجێبگەیەنن و لەم ڕووەوە پارتی پشتیوانی کاراکردنی پەرلەمانە بەڕێککەوتن و هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەڕێزەکانی دیکە.
لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراقەوە دکتۆر هێمن هەورامی دووپاتی کردەوە کە پابەندبوون بە فیدڕاڵیەت و دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی نەخشەڕێی کاری ئێمەیە. لەبارەی دوایین هەوڵ و هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە هەورامی جەختی لە سیاسەت و هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی کردەوە کە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگن و پشتیوانی هەموو گفتوگۆ و هەوڵی هێنانەئارای ئاشتی و سەقامگیرین لە ناوچەکە.




