نیوەی گوندەكانی سلێمانی پڕۆژەی ئاویان بۆ نەكراوە
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی باس لەوە دەكات كە لە دوو ساڵی رابردوودا توانویانە 237 پڕۆژە جێبەجێ بكەن. گوتیشی كە لە سلێمانی دوو هەزار گوند هەیە، بەڵام تەنیا توانراوە خزمەتگوزاری و پڕۆژەی ئاو بۆ نیوەیان دابین بكرێت و پلانیش هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم گوندەكان خزمەتگوزارییان پێ بگات.
زۆرترین گوندی زیانلێكەوتوو لە سلێمانییە
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی رێبوار یاسین مەحموود لە بارەی سنووری كاركردنی بەڕێوەبەرایەتییەكەیەوە گوتی "بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە كار و چالاكییەكانمان لە سنوروی 12 قەزا و 43 ناحییە و دوو هەزار گونددایە." لە بارەی پڕۆژەكانی ساڵی رابردوویشەوە ئاماژەی دا كە لە ساڵی رابردوودا 93 پڕۆژەیان هەبووە، كە بەپێی ناوچەی جوگرافی و ژمارەی دانیشتووان دابەش كران.
لە بارەی گەییشتنی خزمەتگوزاری بە سەرجەم ناوچەكانی پارێزگای سلێمانییش ڕایگەیاند "بەداخەوە نەتوانراوە و لە توانای حكوومەتدا نییە لە یەك كاتدا خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەموو ناوچەكان، بەڵام بەپێی قۆناغ كار كراوە." باسی لەوەیش كرد كە سنووری سلێمانی زۆرترین گوندە زیانلێكەوتووەكانی تێدایە و پلانیان هەیە بۆ گوندە دوورەدەستەكان، كە خزمەتگوزارییان پی نەگەییشتووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییان پێ بگەیەنن.
هەروەها پلانیان هەیە بۆ ئەو گوندانەی كە زەرەرمەند بوون و زۆرینەی تێك درابوون، خزمەتگوزاری بە ئەوانیش بگەیەنن. گوتیشی "ئەولەوییەت بۆ ئەو گوندانەیە كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە و هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە."
لە دوو ساڵدا 237 پڕۆژە
لە بارەی پڕۆژەكانی دوو ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانییشەوە گوتی: "سەبارەت بە پڕۆژەكانمان لە دوو ساڵی رابردوودا توانیومانە 237 پڕۆژە جێبەجێ بكەین و لە ئێستادا لۆدێكی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەیە بەو پێیەی تا ساڵی 2009 گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكی سەربەخۆوە بەڕێوە دەبرا كە سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بوو. بەڵام لە ئێستادا تەواوی ئەو كارانە هاتوونەتەوە لای بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە."
رێبوار باسی لەوەش كرد كە لە دوای ساڵی 2009ـوە توانراوە خزمەتگوزاری بۆ 300 گوند لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابین بكرێت. گوتیشی "پێشتریش نزیكەی 600 گوند خزمەتگوزارییان هەبووە." لە بارەی پلانی نوێیشەوە دەڵێت "پلانێك هەیە لە پارێزگای سلێمانی بۆ گەیاندنی گوندە دوورەدەستەكان و سنوورییەكان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان ئێمە ئەوە جێبەجێ دەكەین و ئەو پلانە ئێمە سەرپەرشتی جێبەجێكردنەكەی دەكەین."
ئەو بەڕێوەبەرە باسی ئاستەنگی خزمەتگوزاریی كرد بۆ گوندەكان و گوتی "گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان قورسیی تێدایە لەبەر سەختیی شوێنی گوندەكان و پەرتەوازەیی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان، بۆیە ئەمەیش گرفتە لە بەردەم باش بەڕێوەچوونی خزمەتگوزارییەكاندا. هاوكات گازندەی ئەوەیشی كرد، كە بودجەی دابینكراو بۆ فەرمانگەكەیان لە ئاستی پێویستدا نییە و زۆر جار تەنیا فریای چاكسازیی نێو تۆڕەكانی ئاو دەكەون و فریای جێبەجێكردنی پڕۆژە ناكەون.
پڕۆژە بەپێی ستاندارد
لە ئێستادا بەشێك لە گرفتەكانی ئاو بە هۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوەیە نەك كەمیی ئاوی دابینكراوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان. رێبوار دەڵێت "بەر لە هەر شتێك پێویستە هاووڵاتی هۆشیار بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە هۆشیارییەوە ئاو بەكار بهێنێت."
گوتیشی "بڕیارە سیاسەتێكی ئاو دابڕێژرێت كە سیاسەتی ئاو داڕێژرا ئەوكات پێت دەڵێت كە رێژەی ئاوبەفیڕۆدان بۆ نموونە لە 2010ـدا چەندە و پاش 10 ساڵی تر دەگاتە چەند. ئەوكات دەتوانرێت بەو ستانداردە ئیش بكرێت، لە سلێمانی یەك ملیۆن و 200 هەزار بەكارهێنەری ئاو هەیە. هەر بۆیە بەكارهێناتنی ئاو لە نێودان تاكەكاندا یەكسان نییە بۆیە ناكرێت ئاماری دەقیق وەربگرین.
بەڵام بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر تاكێك رۆژانە لە نێو شارەكاندا 360 لیترە و لە ناحییەكاندا 250 لیترە و لە گوندەكاندا 160 لیترە و دەگۆڕێت. بەڵام لە كوردستان ناتوانرێت بڵێین ئەو رێژەیە دابین كراوە." لەبارەی نەبوونی پێوەریشەوە گوتی "پێوەر زۆر پێویستە و دەبێتە هۆی ئەوەی بەفیڕۆدانی ئاو كەم بكاتەوە، هەوڵ دراوە و بڕیارە لەم نزیكانە پێوەر دابنرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی دەڵێت كە دوو جۆر پڕۆژە لای ئەوان هەیە، پڕۆژەی بچووك وەكوو گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان و بەشێكی تری پڕۆژەكانیان تایبەتە بە پڕۆژە ستراتیژییەكان كە پڕۆژەی دوورمەودان. باس لەوەیش دەكات كە ئەو پڕۆژانە بە پێی ستانداردی جیهانی دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. رێبوار یاسین گوتیشی "پڕۆژە هەیە بۆ 10 ساڵە و هەندێك پڕۆژەیش بۆ 25 ساڵە، بەشێك لە پڕۆژەكانیش كە بۆ دوورمەوداترن دەگەنە 50 ساڵە." باسی لەوەش كرد كە بە گشتی پڕۆژە ستراتیژییەكانیان بۆ ماوەی 25 ساڵە.




