كادیری پارتی و بەها نەتەوەییەكان

دوێنێ حەڤدەیەمین خولی پێگەیاندنی كادیرانی ئەكادیمیای پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر كرایەوە.
ئەوە لە حاڵێكدایە كە پارتی وەك حزبێكی چالاك و خاوەنی مێژوو لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە پێگەیاندنی كادیری لێهاتوو و سەردەمی هەیە كە بە ئاسانی بتوانێ لە قووڵایی و زەروورەتی گۆڕانكارییەكان بگات و بە نەفەسێكی تازەترەوە خۆی بۆ خزمەتكردنی كیانی نەتەوەیی و ئامانجەكانی پارتی تەرخان بكات.
ئازادیخوازی و دادپەروەری، ئەو بەها ئەبەدییانەن كە (بارزانیی نەمر) تەواوی ژیانی خۆی بۆ تەرخان كرد و پارتیی دیموكراتی كوردستانی لە پێناو دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ڕزگاری و دیموكراسی شاد بكات. ئەوە بەو مانایە دێت كە ئامانج و بەهاكانی پارتی هەمیشەیی و ڕۆحی سەردەمەكانن.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا پێویستە پارتیی دیموكراتی كوردستان دیتێكی ئاییندەیی و سەردەمیانەیشی بەرانبەر كاری سیاسی هەبێت و میكانیزمی كاراتر بۆ كاری سیاسی بگرێتە بەر بۆ ئەوەی لە ئاست پێویستییەكانی سەردەمی نوێدا بێت.
مادام پارتی وەك حزبێكی دێرین و مێژوویی لە زۆر بواری خەبات و كۆڵنەدان و شۆڕش و شانازییەكانەوە دەستپێشخەر بووە، دەبێ بشتوانێ لە ڕووی گەشەپێدانی مەدەنییەت و قسەكردن لە بارەی چاكسازی و داهێنانە نەتەوەییەكاندا دەستپێشخەر بێت و قسەی یەكلاكەرەوەی هەبێت.
پێویستە پارتی بوێرانە سەیری ئەو كەلێن و كەموكورتیانە بكات كە بووەتە مایەی ڕەنجانی بەشێك لە جەماوەری كوردستان و هۆكارەكانی هەر چییەك بن لە چارەسەركردنیدا دوودڵ نەبێ، چونكە هەر لە بنەڕەتدا پارتی پڕۆژەیەكی مەزنی نیشتمانییە و بۆ ڕزگاری و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بنیات نراوە.
بۆ ئەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان متمانەی جەماوەر نەدۆڕێنێ، پێویستە كار بەو بەها و پڕەنسیپانە بكات كە لە پێناوی دامەزراوە و دەستیان پێوە بگرێ و بەها و پڕەنسیپی نوێ شوێن بەو بەهایانە لەق نەكات كە (بارزانیی نەمر) لە پێناویاندا چركەساتێك لە ژیانیدا حەسانەوەی نەبینی.
نوێبوونە و پێكەوەژیان و دادپەروەری ئەو بابەتانەن كە پارتی دەبێ بە شێوەیەكی كردەیی كاریان پێ بكات و بەردەوام بێت و بەدواداچوونیان بۆ بكات، چونكە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی پارتی لە گرووپە سیاسییەكانی دیكە قورسترە و خەڵكی كوردستانیش پتر چاویان بڕیوەتە پارتی و بڕیار و پێشكەوتنەكانی.
جگە لەوەیش لە گۆڕەپانی سیاسیدا خەڵك هەیە بە شێوەیەكی داڕێژراو و سیستماتیك و بەردەوام كار بۆ لەكەداركردنی پارتی لەنێو خەڵكدا دەكەن كە لە دواجاردا پڕۆژەی پێكەوەنانی نەتەوە و دەوڵەت زیانی بەر دەكەوێت.
بۆیە زۆر پێویستە پارتی لە هەستیاریی دۆخەكە بگات و بە هەموو توانایەكییەوە لە هەوڵی نەهێشتنی كەموكوڕی و ئەو كەلێنانە بێت كە بووەتە هۆی ناڕەزایی بەشێك لە جەماوەری كوردستان.
كەرستەی سەرەكیی ئەرك و كاری پارتی، كادیری پارتییە و پێویستە لەسەر پەروەردەیەكی نەتەوەیی و مرۆڤدۆست و وڵاتپارێز گۆش بكرێت. دەبێ كادیری پارتی پارێزەری شكۆی مرۆڤی كورد بێت و لە مەدەنییەت و ئازادیخوازی و خزمەتكردنی خەڵكدا قسەی یەكەمی پێ بێت.. ئەو بابەتانەی حزبەكەی لە پێناویدا دامەزراوە.




