85 هەزار تاقانەی ئەنفال هەیە كه به تهنها خۆیان ماونهتهوه

ئامادهكردنی: دانا وەهبی
بەپێی ئامارەكان، 85 هەزار تاقانەی ئەنفال هەیە كە تەنیا خۆیان ماون و كەسوكاریان ئەنفال كراون. هەر بۆیە بە پێویست دەزانرێت بێجگە لە كردنەوەی سەنتەری دەروونی لەو ناوچانەی كە كەسوكاری ئەنفالی لێیە، ئەوانەی لە ژیان تۆراون ئاشت بكرێنەوە.
ئەو مووچە و هاریكارییە ماددییەی كە حكوومەتی هەرێم بە كەسوكاری ئەنفالی دەدات، بە كەم دەزانرێت. پێویست بە پشتوانیی مەعنەوی و كردنەوەی سەنتەری چارەسەری دەروونی هەیە لەو ناوچانەی كەسوكاری ئەنفالی لێیە.
كەمتر لە دە كەس لە تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال بە سزای خۆیان گەییشتوون، بەڵام بە سەدانی دیكە ماون لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەیدا بە ئاشكرا و نهێنی دەسووڕێنەوە.
لەسەر دۆسیەی ئەنفال هەر یەك لە تاوانباران عەلی كیمیاوی، سوڵتان هاشم، حوسێن ڕەشید تكریتی سزای لەسێدارەدان و بەندیی هەتاهەتاییش بۆ فەرحان موتڵەگ جبووری، سابیر عەبدولعەزیز ئەلدووری لە 24ـی حوزەیرانی 2007ـدا دەركرا.
بە گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم فوئاد عوسمان سزادانی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال لای وەزارەتەكەیان نییە و ئەوە ئەركی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراقە. ئەو دەڵێ "ئێستا بێت یان لە داهاتوودا، دەبێ بە سزای خۆیان بگەن."
كەسوكاری ئەنفالكراوان داوای مووچەی زیاتر دەكەن
حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی بۆ كەسوكاری ئەنفال بڕیوەتەوە كە لە 450 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات، بەڵام هێشتا ئەمە بە كەم لە ئاست زیانەكانی ڕووداوەكەدا دادەنرێت.
سەرۆكی ڕێكخراوی ئەنفالستان زەمان عەبدی مووچەكە بە كەم دەزانێت. ئەو دەڵێ "مووچەكە كەمە و لە ئاست داخوازیی كەسوكاری ئەنفالدا نییە، بەڵام قەرەبووی گەورەتر ئەركی حكوومەتی عێراقە."
بەپێی ماددەكانی 11 و 12 و 13ـی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق كە بڕیاری نێودەوڵە’تییشن، دەبێ قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەنفال بكرێتەوە و ڕووفاتی قوربانیانیش لە هەر شوێنێك بن، بگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان.
فوئاد عوسمانیش پێی وایە لە ڕووی ماددییەوە كارێكی كەم بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان كراوە. ئەو دەڵێ "هیچ قەرەبوویەك ناگاتە دڵۆپێك لە خوێنی شەهیدانی ئەنفالكراو."
كەسوكاری ئەنفالكراوان بەردەوام داوای ئاوڕدانەوە لە حكوومەت دەكەن و مووچەیش یەكێك لە داواكارییەكانیانە.
ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژیان
بێجگە لە قەرەبووی ماددی، قەرەبووی مەعنەوی و ساڕێژكردنی برینەكان لە ڕووی دەروونییەوە لە ئەركەكانی حكوومەتی هەرێم و بەغدایە.
سەنتەری چارەسەری دەروونی لە چەمچەماڵ كراوەتەوە و بە گوتەی فوئاد عوسمان، بڕیارە لە بادینان و بارزان و ناحیەی ڕزگارییش بكرێتەوە كە بۆ ئاسوودەكردنی كەسوكاری ئەنفالكراوانە.
بەپێی ئامارەكان، 85 هەزار تاقانەی ئەنفال هەیە كە تەنیا خۆیان ماون و كەسوكاریان ئەنفال كراون.
زەمان عەبدە بە پێویستی دەزانێت بێجگە لە كردنەوەی سەنتەری دەروونی لەو ناوچانەی كە كەسوكاری ئەنفالی لێیە، ئەوانەی لە ژیان تۆراون ئاشت بكرێنەوە و پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچەكانیان بۆ خستنەوەسەر ڕێڕەوی ژیان هەبێت.
تا پێش ڕووخانی بەعس لە 2003ـدا، بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان ئومێدیان هەبوو كە كەسوكاریان ڕۆژێك دێت دەگەڕێنەوە، بەڵام دواتر ڕوون بووەوە كە لە بیابانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خراونەتە ژێر خاكەوە.
ئەنفالی كورد:
_ ئەو ڕووفاتانەی كە لە گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراقدا دۆزراونەتەوە و بەو هۆیەوە كە كورد بوون و بۆ هەرێم هێنراونەتەوە، بەم جۆرەیە: 503 ڕووفاتی بارزانییەكان، 358 ڕووفاتی دۆڵی جافایەتی، 187 ئەنفالی گەرمیان، 104 منداڵ و دوو ژنی چەمچەماڵ، 33 ڕووفاتی ڕاپەڕینی خانەقین، 24 ڕووفاتی ئەنفالی دهۆك، 730 ڕووفاتی چەمچەماڵ و قادر كەرەم و قەرەهەنجیر.
_ ئەنفالی بارزانییەكان لە 1983ـدا ئەنجام درا و 8 هەزار كەس كرانە قوربانی.
_ ڕژێمی بەعس، بە هەشت قۆناغ و لە 1ـی شوباتی 1988 دەستی بە ئەنفالی دوو كرد و لە 6ـی ئەیلوولی هەمان ساڵدا كۆتایی پێ هێنا. ئەم ئەنفالە، گەرمیان و دۆڵی جافایەتی و چەند ناوچەیەكی دیكەی گرتەوە.
_ ئەنفالی گەرمیان لە 7ـی نیسانی 1988ـدا دەستی پێ كرد و لە 20ـی نیساندا بە كۆتا هات. لە 13 و 14 و 15ـی نیسانی 1988ـدا زۆرترین زیان كەوتەوە (كە بە سێیەكی زیانەكانی ئەنفال دادەنرێت).
_ 14/4 وەك ڕۆژی ئەنفالی كورد دیاری كراوە، چونكە لە 14/4ـدا نزیكەی 20 هەزار كەس لە هەردوو گوندی "ملەسوورە" و "كۆڵەجۆی حاجی حەمەخان"ـدا ئەنفال كران.
_ لە پڕۆسەی ئەنفالدا كە زیاتر لە 200 ڕۆژی خایاند، زیانە گیانییەكان بە 182 هەزار دانراون و زیاتر لە 4 هەزار گوندیش وێران كران. لە 21ـی ئابی 2006ـدا یەكەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی ئەنفال ئەنجام درا.
_ دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق، لە 24ـی حوزەیرانی 2007ـدا ئەنفالی وەك جینۆساید ناساند. بڕیاری لەسێدارەدان بۆ هەریەك لە: (عەلی كیمیاوی، سوڵتان هاشم، حوسێن ڕەشید تكریتی) دەركرا؛ هەروەها بەندیی هەتاهەتایی بۆ: (فەرحان موتڵەگ جبووری، سابیر عەبدولعەزیز ئەلدووری) دەركرا.
_ دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق، لە 24ـی حوزەیرانی 2007ـدا ئەنفالی وەك جینۆساید ناساند. پەرلەمانی عێراقیش لە 14/4/2008 و سەرۆكایەتیی كۆماریش لە 10/9/2008ـدا هەمان بڕیاریان لە بارەی ئەنفالەوە دا.
_ وڵاتانی سوید، نەرویژ، بەریتانیا لە پەرلەمانەكانیاندا باسیان لە تاوانی ئەنفالی كورد وەك تاوانی جینۆساید كردووە.
_ باس لەوە دەكرێت كە تەنیا 10 كەس هەیە لە ژێر تەرم و ناو گۆڕەبەكۆمەڵەكانەوە ڕزگاریان بووە و لە ژیاندا ماون.




