٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

توركمانیش پشتیوانی لە داواكاری سەرۆكی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كوردستان لە وادەی دەستنیشانكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێ

سەرچاوە: Xebat

رۆژی 8ی ئەم مانگە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە نامەیەكی رەسمیدا بە پشت بەستن بە ماددەی (4) و بڕگەی دووەمی ماددەی (10) لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005ی هەموار كراو، لە نامەیەكدا بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پێیڕاگەیاندن كە دەبێ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە لە وادەی یاسایی خۆیدا بێت و لە 2013/9/8 تێپەڕ نەكات و وێنەیەكیش لەم نوسراوە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە، ئەو داواكارییەی سەرۆكی كوردستان هەموو ئەو پروپاگەندانەی بەشێك لەو لایەنانەی كە دەیانەوێ هەمیشە دۆخی كوردستان تێكبچێ و خزمەت بە دوژمنانی كورد دەكەن رەتكردەوە، دووپاتی لەوە كردەوە كە هەمیشە سەركردایەتی سیاسیی كورد بە تایبەتیش جەنابی سەرۆك بارزانی دژی دواخستنی هەڵبژاردنن لەكوردستان، بە پێچەوانەوە دووپات لە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە كرایەوە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.
سەرۆكی كوردستان هەمیشە هەنگاوەكانی بەو ئاراستەیە بووە پرۆسەی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و دیموكراسی لە كوردستان بەرەو پێشەوە بچێ، گەلی توركمانیش لە كوردستان پشتیوانی خۆیان لەو داواكارییەی سەرۆكی كوردستان نیشان دەدەن و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكیش دەردەبڕن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێ.
كەرخی ئالتی برماغ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە لێدوانێكدا بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا ئەو داواكارییەی سەرۆكی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە كە سەرۆكی كوردستان چۆن پێشتر پشتیوانی لە دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەكردەوە، ئێستاكەش پێداگیری لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە كوردستانیان هەوڵەكانیان بە ئاراستەی خزمەتكردنی كۆمەڵگەی كوردستان لەسەرجەم بوارەكاندا چڕ بكەنەوە، ئالتی برماغ گوتی ئەو بڕیار ە و داواكارییەی كە سەرۆكی كوردستان داوای كرد هەڵبژاردن لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا بەڕێوەبچێ خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی و دیموكراسیی و هەمەلایەنەكانی دیكەی كوردستان دەكات، ئەمەش بڕیارێكە خزمەت بەو پرۆسەیە دەكات و هەلقوڵاوی ویستی خەڵكی كوردستانە لە سەر زاری جەنابی سەرۆكەوە تەرجەمە كراوە بۆ واقیعێك، كە هەموو ساتێك بە رێز و بەرزیەوە سەیری دەكرێ و خزمەت بەو پرۆسەیە دەكات كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، لە هەموو وڵاتانی دیموكراسیی دنیادا رۆژی هەڵبژاردن چەسپاوە بەوەی هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێك یان لە وادەیەی كە بە پێی دەستووری وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، دەستاو دەست كردنی دەسەڵاتیش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت چەندین جار دووپاتیان لەوە كردۆتەوە كە ئەوان لارییان نییە لە دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بە پێی ویستی خەڵك لە رێگەی سندوقەكانی هەڵبژاردنەكانەوە.
سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان گوتیشی بۆیە ئێمە وەك بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان و گەلی توركمانیش بە شێوەیەكی گشتی پشتیوانی لەو داواكارییەی سەرۆكی كوردستان دەكەین.
هەر پەیوەست بەم باسەوە عەبدولقادر بازرگان سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازی توركمانیش جگە لەوەی پشتیوانی خۆیان بۆ ئەوە نیشاندا وەك جەنابی سەرۆك داوای كرد بوو كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێ، پێشنیازی ئەوەشی خستەروو بەڕێز مسعود بارزانی بۆ جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی كوردستان هەڵبژێرێ، گوتیشی بێگومان هەلوێستمان لەگەڵ هەلوێستی سەرۆكی كوردستانە بەوەی هەڵبژاردنەكان لە وادەی دەستنشانی خۆیدا بەڕێوەبچێ، ئەگەر هاتوو لەوادەی دەست نیشان كراویش دوا كەوت ئەوكات ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
راشیگەیاند هەروەها پشتیوانیش لەوە دەكەین كە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ جارێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵاوێ، چونكە لای هەموو گەلانی كوردستان روونە بەوەی سەرۆكی كوردستان ئەزموونێكی زۆری سیاسیی هەیە و دووربینە و دەتوانێ دەستكەوتی زیاتر بۆ نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكە كە لە كوردستان دەژین بەدەست بهێنێ، ئەو زیاتر لە نیو سەدەیە خەبات لە پێناو بە دەستهێنانی مافە نەتەوەكانی نەتەوەكەی دەكات و خوێندنەوەیەكی واقعی و ووردی بۆ پێشهات و رووداوەكان هەیە، هەموو هەوڵ و كۆششەكانیش بەو ئاراستەیە كە زۆرترین دەستكەوت بۆ نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی كوردستان بەدەست بهێنێ و ئەو تاكە كەسە دەتوانێ لەكاتی پێویست لەبەرژەوەندی گەلانی كوردستان بڕیاری پێویست بكات كە لەبەرژەوەندی گەلەكەی بێت، بۆیە ئێمە پێشنیازی دووبارە خۆ كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی كوردستان دەخەینەروو و پشتیوانی هەر پرۆژەیەكی لەم چەشنەش دەكەین.

هەواڵی پەیوەندیدار