ڕێباز حەملان کارنامەی سەردانی شاندەکەی هەرێمی بۆ بەغدا بۆ KDP ئاشکرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی گومرگ و پرسی بودجە سەردانی بەغدا بکات، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتیش ڕایدەگەیەنێت کە کار دەکەن بۆ لادانی ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی سیستەمی "ئەسیکۆدا"وە لەبەردەم جوڵەی بازرگانی دروست بوون.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کارنامەی سەردانی شاندەکەی هەرێمی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە، تاوتوێکردنی ئەو ڕێنماییە نوێیانەیە کە لە خاڵە سنوورییەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێن. بەتایبەت پرسی سیستەمی (Asycuda) کە کێشەی گەورەی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانی هەرێم دروست کردووە و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم جوڵەی بازرگانی.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ و پرسی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بکەن. حەملان گوتی: "ئامانجمان گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ چارەسەری ئەو کێشە داراییانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە."
ئەم سەردانە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، تاوەکو ڕێگری لە هەر گرفتێکی تەکنیکی بکرێت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و بازاڕی هەرێمی کوردستان هەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا شاندەکە بگاتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ لەو بارەیەوە ئەنجام بدات.




