ماڵپەڕی KDP ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دەخاتە ڕوو

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن:
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە، بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی 14.1% دەستنیشان کرا، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکوومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوو حکوومەت بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ.
تەوەرى دووەم تایبەتە بە پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە ڕێکەوتی 27ـی تشرینی دووەمی 2025 کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا، لەبەر ڕۆشنایی رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5423) لە 12ـی تشرینی دووەمی 2024 تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشتبەست بە ماددەی (132)ی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2025.
لە تەوەرى سێیەمدا بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمة) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.




