٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری نوێی پارێزگاری مووسڵ بۆ KDP: ئەرکی سەرەکیمان خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە زۆرینەی دەنگ، غەزوان داودی وەک جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵ هەڵبژارد. ئەم پۆستە کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دوای ئەوە پڕکرایەوە کە جێگری پێشوو، سیروان ڕۆژبیانی، وەک پەرلەمانتار متمانەی وەرگرت.

غەزوان داودی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای ڕێبازی سەرۆک بارزانی، ئەرکی سەرەکیمان خزمەتکردنی بێجیاوازیی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پارێزگای مووسڵ دەبێت."

جێگری نوێی پارێزگار جەختی لەوە کردەوە کە تواناکانیان دەخەنە گەڕ بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ٣١ یەکەی کارگێڕی و ٩ قەزای سەر بە پارێزگاکە و بایەخێکی تایبەت بەو ناوچە کوردستانییانەش دەدەین کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییە کارگێڕی و ئاوەدانییەکانیان. داودی ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و کادیرانی کارگێڕی، کار بۆ باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیان دەکەن.

جێگەی ئاماژەیە، غەزوان داودی خاوەن ئەزموونێکی فراوانی کارگێڕییە؛ پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بووە و بۆ ماوەی چوار ساڵیش وەک بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک خزمەتی کردووە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار