زیبا تەها بۆ KDP: هاوکارییەکانی کەمپەینی ڕۆژئاوامان گەیاندە دەزگای خێرخوازیی بارزانی

هەولێر-KDP.info- وەک بەشێک لە ئەرکە نەتەوەیی و مرۆییەکان بۆ پشتیوانیکردنی لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کۆی داهاتی کەمپەینێکی کۆکردنەوەی هاوکاریی ڕادەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.
زیبا تەها، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەینێکی ناوخۆیمان لەنێو کادر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەماندا ئەنجام دا و ئەمڕۆ بە فەرمی هەموو کۆمەک و داهاتی کەمپەینەکەمان ڕادەستی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد، تا بگەیەنرێتە شوێنی مەبەست."
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وێڕای نرخاندنی ڕۆڵی کارای دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کارە مرۆییەکاندا، گوتی، "ئەو ئەرکە پیرۆزەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و کوردستاندا ئەنجامی دەدات، جێگەی شانازی و دەستخۆشییەکی بێپایانە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، زیبا تەها ئومێدی خواست کە ئەم هاوکارییانە ببنە هۆی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی دانیشتووانی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند، "هیوای ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژئاوای ئازیز دەخوازین و هیوادارین لێقەوماوان لەم بارودۆخە سەختە ڕزگاریان بێت."
جێگەی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک بەشێک لە هەڵمەتی فراوانی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان دێت، کە تێیدا لایەنە جیاوازەکان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە کۆمەکەکانیان دەگەیەننە شوێنی مەبەست.





