٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ئاسۆ کەریم: بارزانی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم كاندید نەكردووە

سەرچاوە: Hewler

گوتەبێژی لیستی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان ئاسۆ كەریم جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی داوای لە پارتی و یەكێتی نەكردووە كە بۆ جارێكی دیكە كاندیدیان بێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم. ئاسۆ که‌ریم پێی وایە لایەنەكان هەڵەیەكی گەورە دەكەن ئەگەر بۆ جارێكی دیكە مەسعوود بارزانی بۆ سه‌رۆکایه‌تیی هەرێم کاندید نه‌که‌نه‌وه‌.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاسۆ كەریم گوتی: "ئەوە دەزانم كە جەنابی بارزانی داوای نەكردووە وادەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە یان جارێكی دیكە پاڵێوراوی یەكێتی و پارتی بێت بۆ سەرۆكی هەرێم."

ئەمە لە كاتێكدایە كە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئازاد جوندیانی ڕایگەیاندبوو كە بەرهەم ساڵح پێشنیازێكی لەو شێوەیەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان پێ بووە.

مەلا بەختیاریش كە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، لە دواكۆنگرەی ڕۆنامەوانیی هاوبەشیان لەگەڵ سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی فازڵ میرانی، ئاماژەی دا كە پارتی و یەكێتی بێجگە لە مەسعوود بارزانی هیچ كاندیدێكی دیكەیان بۆ سەرۆكی هەرێم نییە.

بە پێی یاسای ژمارە یەكـی سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە دوو خولی یەك لە دوای یەك لە پۆستەكەیدا بێت كە هەر خولەی چوار ساڵە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی پێش ئەوەی لە 26ـی تەمووزی 2009ـدا ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، لە 2005ـدا لە لایەن پەرلەمانەوە بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردرابوو.

بە گوتەی ئاسۆ كەریم، ڕێگەدان بۆ خۆهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بۆ خولێكی دیكە، دەوەستێتە سەر ئەوەی كە ئایا حیساب بۆ ئەو خولە دەكرێت كە لە پەرلەماندا هەڵبژێردراوە یان نا، ئەمەیش مشتومڕ هەڵدەگرێت.

هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم
ئاسۆ كەرێم پێی وایە ئەمە وەك قانوون بەم شێوەیەیە، بەڵام ئەوە ڕوویەكییەتی و ڕووەكەی دیكەی ئەوەیە كە لە لایەن پارتی و یەكێتی و حزبەكانی تریشەوە باس كراوە كە ماوەی سەرۆكایەتییەكە درێژ بكرێت و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكرێت، بۆیە خۆهەڵبژاردنەوەی بارزانی بۆ خولێكی دیكە، پێوەندی بە سازانی حزبە سیاسییەكان و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەیە.

لە چەند وڵاتێكی دنیادا هەبووە كە سەرۆكی وڵات دوای تەواوبوونی ویلایەتی یاسایی، بە سازانی سیاسی یان هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، ماوەی سەرۆكایەتیی بۆ درێژتر كراوەتەوە. بۆ نموونە، ڕۆزڤەڵتی سەرۆكی ئەمەریكا دوای تەواوكردنی دوو خولی سەرۆكایەتی كە هەشت ساڵ بووە، دوو خولی دیكەیش ڕێگەی خۆهەڵبژارنەوەی پێ دراوە.

ئاسۆ كەریم وای دەبینێت كە ئەگەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، ئەوە پێوەندی بە پەرلەمانتارانەوە هەیە و دەكرێت كاری درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییش بكرێت و خولێكی دیكەی پێ بدرێت.

ئەم پەرلەمانتارە، بۆچوونی وایە ئەگەر بێت و لایەنەكانی هەرێم بگەنە ئەوەی كە لەم هەلومەرجەدا هیچ بەدیلێكی مەسعوود بارزانی نییە، دەكرێت تەوافوق بكەن. ئەو دەڵێ "پێم وایە لە ڕووی واقیعی و سیاسی و هاوسەنگیی هێزەكان و پێوەندییەكانی سەرۆكی هەرێم لە ناوخۆ و هەرێمایەتی و دەرەوەیشدا، ئەو پێوەندییانەی كە بارزانی هەیەتی، ئەو هەلومەرجەی عێراق وا دەخوازێت كە یەكێك سەرۆك بێت هاوسەنگی ڕابگرێت و دەوری میحوەری ببینێت.

پێم وایە لەم هەلومەرجەدا بێجگە لە بارزانی كەسی دیكە نییە، بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر هەڵوێستی لایەنەكان و پێیشم وایە هەڵەیەكی گەورە دەكەن ئەگەر لەسەر ئەمە ڕێك نەكەون.

هەواڵی پەیوەندیدار