٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئامادەین بە هانای لێقەوماوانەوە بچین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ قوربانییانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیێنێت، تیمەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئامادەن بە هانای لێقەوماوانەوە بچن. 

رۆژی دووشەممە 9-12-2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە راگەیێندراوێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کرد، کە بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان کەوت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەکات، کە بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران و درووستبوونی لافاو، دوو هاووڵاتی قەزاکە گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان کەوت.

ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییان، لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو یان لەکاتی ڕوودانی کارەساتی سرووشتی، بە هانای خەڵک و لێقەوماوانەوە بچن و هاوکار و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، پێشتریش ئەو ئامادەگییەمان لە ڕێگەی نووسینگە و نوێنەرایەتییەکانمان، بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە. 

لێرەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە ئامادەیە، لە ڕێگەی تیمی مەیدانی  شارەزا، کە پێشتر ڕاهێنانیان کردووە و توانا و لێهاتوویی خۆیان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش نیشانداوە، بە هانای قوربانیانەوە بچن و هاوکاربن لە کەمکردنەوەی خەم و پەژارەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگ دەبین. 

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی 

9/12/2025

هەواڵی پەیوەندیدار