پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ پشوو درێژییان بەرانبەر ئەو ھێرشەی کرایە سەر کێلگەی کۆرمۆر.
دەقی پەیامی مەسروور بارزانی.
سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە لە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو بۆ سەر ژێرخانی گازی ھەرێمی کوردستان، تووشی کەمیی کارەبا بوونەوە. خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان بەگشتی ئەم ھێرشەیان شەرمەزار کرد کە دژی بەرژەوەندیی ھەموو ھاووڵاتییان بوو و بووە ھۆی بڕینی کارەبای ملیۆنان کەس لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.
ئەمڕۆ لەدوای ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان و گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاتژمێری داھاتوودا. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە قسەم کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و گشت کارمەندەکانم کرد بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی بەھێزیان. ئەمە یازدەمین ھێرشە بۆ سەر کێڵگەکە و ئامادەیی ئەوانیش بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەیان، نیشاندەری خۆڕاگرییانە. دڵنیاشم کردنەوە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داھاتوودا. لە ھەمان کاتدا لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرھێنانمان.
ئەم ھێرشە نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت ھێرشەکان ببنە ڕووداوی ئاسایی.
دیار بوو کە دوژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک ھەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم ھێرشەیان کرد و دژی ڕووناکی وەستانەوە و ھەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە.
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم ھێرشە ھەر لایەن و گروپێک بن و لە ھەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕادەستی یاسا بکرێن. ئەوە تاکە ڕێگرییە و چاوەڕوانین ڕێوشوێنی جیددی و کردارەکی بگیرێتەبەر. چونکە عێراق ناتوانێت وەبەرھێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و مافیا گەندەلەکان بە بێ ھیچ سزا و لێپێچینەوەیەک، ھێرش بکەنە سەر ژیرخانی ئابووری وڵات و دڵیان بە ئازاری خەڵکی کوردستان خۆش بکەن.
سوپاسی تیمی تەکنیکیی ھەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا و ھێزە ئەمنییەکان دەکەم بۆ کارکردن و ماندووبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
دووپاتی دەکەینەوە، ئەم ھێرشە ترسنۆکانە لە باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتیان نامانوەستێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و درێژەدان بە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەیان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان




