٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بۆ KDP: هەولێر هاوشانی شارە جیهانییەکانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی (Condè Nast Traveler) تایبەت بە سێکتەری گەشتیاری، هەولێری پایتەخت بووە یەکەم باشترین شار لە کیشوەری ئاسیا و دەستنیشان کرا وەک پێویستییەک بۆ گەشتیاران تا سەردانی بکەن بۆ ساڵی ۲۰۲٦.   

لەم بارەیەوە، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو دەستکەوتە ئەکادمییەی هەولێری پایتەخت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی: "کۆمەڵێک هۆکار ڕۆڵیان هەبووە لەوەی هەولێر ببێتە پێویستییەک بۆ گەشتیاران و سەردانیکەران، لەوانە سەقامگیری و ئاسایش. ڕاپۆرتەکەی (Condè Nast Traveler) هەولێری بە "شوێنێکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا" وەسف کردووە.

ئەمەل دەڵێ، ئەمە ئاماژەیە کە هەولێر سەرکەوتوو بووە لەوەی پەناگەیەکی سەقامگیر و ئارام بێت بۆ بیانییەکان. هۆکاری دووەم مێژوو و کەلەپووری هەولێرە کە وا دەکات سەرنجڕاکێش بێت. گەشتیاران لە یەک کاتدا دەتوانن ئەزموونی شارستانییەتی کۆن و ژیانی مۆدێرن بکەن لە هەولێر.

دەشڵێ، لە بەشێکی ڕاپۆرتەکە، ستایشی قەڵای هەولێر کراوە کە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونە لە جیهاندا و لە ٦۰۰۰ ساڵ پێشەوە تا ئێستا ژیان تێیدا بەردەوامە. 

ئەمەل جەلال ڕوونیشی دەکاتەوە، هەولێر هاوشانی شارە جیهانییەکانە. هەتا گۆڤارە نێودەوڵەتییەکەش ئاماژەی بە دیمەنی بەرزکەرەوەکان و پڕۆژە بیناسازییەکان کردووە بە تایبەتی پڕۆژەی (Erbil Avenue) و هاتنی مارکە جیهانییەکان وەک ڕێستورانی (Gordon Ramsay's street Burger و کافێی EL&N London)، ئەمانە هەموویان دیوی گەشەسەندووی شارەکە نیشان دەدەن و فاکتەری بەهێزن لە ڕاکێشانی گەشتیاران.

ژیانی کۆمەڵایەتی و میوانداریی گەرمی خەڵکی هەولێریش، وەک فاکتەرێکی تری کاریگەر هەولێری کردە خاوەنی ئەم دەستکەوتە ئەکادمییە. گۆڤارەکە تیشکی خستووەتە سەر عەینکاوە وەک ناوەندێک بۆ ژیان و کاتبەسەربردنی شەوانە کە تێیدا گەشتیاران دەتوانن چێژ لە موزیکی زیندوو و کەشێکی کۆمەڵایەتیی کراوە وەربگرن. لە کۆتاییدا ئەمەل جەلال گوتی: ئەم دەستنیشانکردنەی هەولێر وەک یەکەم باشترین شوێن لە تەواوی ئاسیا، بۆ گەشتیاران دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ زیاتر ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار